شوناسی داعش و مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا  ... شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا

له‌ ئێستاكه‌دا قسه‌كردن له‌سه‌ر رێكخراوی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام (داعش) بۆ كورد گرنگترین پرسێكه‌‌ به‌و پێیه‌ی‌ هاوسنوورین له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌ی سوننه‌نشینن و ئه‌و گروپه‌ش واته‌ داعش به‌شێوه‌یه‌كی توندڕۆیانه‌ سوننه‌چێتی و عه‌ره‌بچێتی ده‌كه‌ن و هه‌نووكه‌ش بوونه‌ته‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسیی به‌سه‌ر‌ موسڵ و هه‌ندێك ناوچه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌نشین و له‌به‌رانبه‌ریشدا سوپاكه‌ی مالیكی بێ وره‌ترین سوپایه‌كه‌و توانای به‌رگری له‌ناوچه‌كان نییه‌، له‌رووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ش‌ وره‌یان نه‌ماوه‌، هاوكات پێویسته‌ گومانی ئه‌وه‌ش‌ بكه‌ین كه‌ چۆن ده‌بێت سوپایه‌كی زه‌به‌لاح له‌به‌رانبه‌ر چه‌ند هه‌زار چه‌كداری میلیشیادا چه‌ك دابنێت، ئاخر به‌پێی زۆربه‌ی زانیارییه‌كان داعش ویستبێتی بچێته‌ هه‌ر شوێنێك سوپاكه‌ی مالیكی بێ ته‌قه‌كردن چۆڵیان كردووه‌و ئه‌مه‌ش بۆته‌ جێگه‌ی گومانی ئه‌منی و سیاسی به‌تایبه‌ت بۆ هه‌رێم، بۆیه‌ش پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت!

ئه‌گه‌رچی هه‌نووكه‌ ئاڵۆزییه‌كان له‌ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندان، به‌ڵام هیچ گومان له‌وه‌دانییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاڵۆزیانه‌و پێشڕه‌وی داعش به‌رده‌وامی هه‌بێت، هه‌رێمیش به‌هۆی نزیكی سنووره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و كۆنه‌ به‌عسییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمدا نه‌بێت به‌هۆی بوونی دڵسۆزی بۆ خاكی كوردستان له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیس و خه‌ڵكی كوردستان كه‌ ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ له‌ناو جه‌یشی عێراقدا ئاماده‌گی نییه‌، به‌ڵكو به‌ زه‌بری پاره‌ خه‌ڵك له‌ ناو سوپاكه‌ی مالیكیدا كۆكراونه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش گره‌نتی سه‌ركه‌وتنی لێ ناكرێت له‌به‌رانبه‌ر داعشدا، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ واقیعه‌و خودی مالیكی پیاوه‌ قه‌یراناوییه‌كه‌ی عێراق ده‌یزانێت، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ریدا ده‌سته‌وه‌ستانه‌، بگره‌ خۆی به‌شێك بووه‌ له‌ دروستكردنی ئاڵۆزییه‌كان، به‌تایبه‌ت زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ستی مه‌زهه‌بگه‌رایی و خێڵگه‌رایی له‌ ناو پێكهاته‌كانی عێراقدا كه‌ داعش و لاوازی سوپاكه‌ی نموونه‌ی زیندوون له‌وه‌ی مالیكی به‌ته‌واوی شكستی خواردووه‌ له‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كردنی عادیلانه‌ی عێراقییه‌كاندا.

شوناسی داعس

داعش، كورتكراوه‌ی گروپی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شامه‌، گروپێكی توندڕۆی چه‌كداری فێنده‌مێنتالی ئیسلامی سیاسین، ئایدۆلۆژیای سه‌ره‌كی ئه‌و گروپه،‌ سه‌له‌فی جیهادی، سوننه‌گه‌راییه‌، هاوكات زۆربه‌ی چالاكییه‌كانیان سه‌ره‌تا له‌رێگه‌ی توندوتیژییه‌وه‌ وه‌ك كوشتن و سه‌ربڕین و ته‌قینه‌وه‌و هێرشی چه‌كداری بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌مینی و سه‌ربازییه‌كان ئه‌نجام ده‌داو هه‌ندێك جاریش بۆ دروستكردنی ترس‌ خه‌ڵكی بێ تاوان ده‌كه‌نه‌ ئامانج، به‌ڵام ئێستاكه‌‌ ستراتیژی چالاكییه‌كانیان گۆڕیوه‌، ئیش له‌سه‌ر ده‌ست به‌سه‌ر داگرتن و مانه‌وه‌ له‌ شوێنان ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر زوو موسڵ له‌ چنگ ئه‌و گروپه‌ ده‌رنه‌هێنرێت بۆی هه‌یه‌ ئیماراتی ئیسلامی له‌و شاره‌وه‌ دروست بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین و مه‌ترسیدارترین ڕه‌وشێك بۆ ناوچه‌كه‌ دێنێته‌كایه‌وه‌و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی ده‌خاته‌‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌

سه‌ره‌تای چالاكی یان دروستبوونی ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستییه،‌ بۆ ساڵانی 2002 ــ 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی دامه‌زراوه‌، دوای ئه‌ویش ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی بووه‌ به‌سه‌ركرده‌ی باڵای گروپه‌كه‌و ئێستاكه‌ش ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌ركرده‌ی باڵای داعشه‌‌ له‌ هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سوریادا، له‌كاتی دروستبوونیدا له‌گه‌ڵ رێخكراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ هاوپه‌یمانێتیان به‌ست له‌ژێرناوی ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌‌‌ ئه‌وكات داعش لقێك بووه‌ له‌ ئه‌لقاعیده،‌ به‌ڵام له‌‌ عێراقدا، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ تا 2013 به‌رده‌وامی ده‌بێت و به‌ پێی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌لجه‌زیره‌، ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیری كه‌ دوای كوژرانی ئوسامه‌ بن لادن بووه‌ به‌ سه‌ركرده‌ی رێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده،‌ داوای له‌ ئه‌بوبه‌كر ئه‌لبه‌غدادی سه‌ركرده‌ی ئێستاكه‌ی داعش كردووه‌‌ ده‌سته‌واژه‌ی سوریا (شام) یاخود به‌شی سوریا له‌ رێكخراوه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركرده‌ باڵایه‌ی داعش داواكه‌ی ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیری ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و به‌مه‌ش كۆتایی به‌ یه‌كگرتنه‌كه‌ی نێوانیان دێت و خودی ئه‌لزه‌واهیریش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌دا نه‌ماوه‌، ره‌نگه‌ نه‌مانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌و داوایه‌ی زه‌واهیری بووبێت له‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، به‌ڵام به‌ تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی زیاتر ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ له‌ ئێستاوه‌ شه‌ڕی ئه‌وانه‌ له‌ ناوخۆیاندا ئاماده‌گی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پۆست و پایه‌ی تیرۆریستی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا نووكه‌ قسه‌ی له‌باره‌وه‌ كرابێت داعش گروپێكی ئاڵۆزی سه‌له‌فی جیهادین و هیچ به‌هایه‌كی ئه‌خلاقی و ئینسانی له‌ناو ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌دا په‌یڕه‌و ناكرێت، ته‌نانه‌ت خودی خۆیانیش له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌ گومانن و له‌ناو ترسدا ده‌ژین، بۆیه‌ش چاوه‌ڕێی په‌رش و بڵاوی ئه‌و گروپه‌ ده‌كرێت به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی كێشه‌ی ناوخۆییان هه‌یه‌ به‌ خودی ناوخۆی عێراقیشه‌وه‌.

ئامانجی داعش

ئامانجی سه‌ره‌كی گروپ و رێكخراوه‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ جه‌وهه‌ردا یه‌ك ئامانجه‌، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ستیاری قۆناغه‌كه‌ به‌میكانیزمی جیاوازه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ رۆڵ له‌ نێوانیاندا دابه‌ش كرابێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كه‌یان، هه‌ندێكیان ته‌نیا له‌سه‌ر شێوازی په‌روه‌رده‌یی خه‌ڵك له‌ خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ده‌چنه‌ ناو ناخی خه‌ڵكانی ساده‌وه‌، چالاكییه‌كانیان ده‌به‌نه‌ ناو زانكۆو قوتابخانه‌و مزگه‌وته‌كان و گونده‌كانه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی گوتاری فێنده‌مێنتالیانه‌ی ئه‌وتۆوه‌ كه‌ خه‌ڵك قه‌ناعه‌تیان پێ بكات، هه‌ندێكی تریان ئیسلام به‌كاردێنن وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، بۆ نموونه‌ به‌رده‌وام ده‌ڵێن ئیسلام له‌ مه‌ترسیدایه‌و پێویسته‌ داكۆكی لێ بكرێت، ئه‌م جۆره‌ گروپانه‌ زیاتر وه‌ك حیزبی سیاسی خۆیان نمایشكردوه‌و زۆرجاریش ده‌چنه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌كانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هه‌مان نه‌فه‌سی توندڕۆیانه‌ی خۆیانه‌وه‌‌، ئاماجی سه‌ره‌كی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییانه‌، به‌تایبه‌تی تر داعش زیندووكردنه‌وه‌ یاخود دامه‌زراندنی خه‌لافه‌تێكی ئیسلامییه‌ له‌‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بگه‌رایی سوننه‌و ئازاردانی شیعه‌كان و سه‌پاندنی هه‌یمه‌نه‌ی سوننه‌گه‌رێتی به‌سه‌ریاندا.

كه‌واته‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندی زیاتری ئه‌و گروپه‌دا، ئیدی ژیانی خه‌ڵك هاوشێوه‌ی ئه‌فغانسان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ده‌ست توندڕۆی ئیسلامی سیاسییه‌وه‌، بۆیه‌ش ئه‌ركی هه‌ر وڵاتێكه‌ كه‌ له‌ خه‌می ئارامی هاوڵاتیانیدایه‌ هه‌ڵوێستی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و گروپه‌دا هه‌بێت، چونكه‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی كیانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌مای توندڕۆیی كه‌ خۆیان ڕایانگه‌یاندووه‌ ئیدی مه‌ترسی جیدی بۆ شوێنانی تریش چڕ ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ نزیكترین شوێنێكه‌ له‌ هه‌یمه‌نه‌ی داعش.

كورد و مه‌ترسی داعش

هاتنی ئه‌و لێشاوه‌ له‌ په‌نابه‌ر له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئیستاكه‌ش به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی موسڵه‌وه‌ بۆ هه‌رێم، ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ له‌وه‌ی هه‌رێم هه‌یبه‌تی خۆی پاراستووه‌ له‌رووی ئه‌منییه‌وه‌، زۆرجار پێناسه‌ی ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ هه‌رێم ده‌وڵه‌تێكی تره‌ له‌ ناو عێراقدا، ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌دی هاتووه‌ كه‌ له‌پاڵ دڵسۆزیان بۆ نیشتمان بوێرانه‌ش كاریان كردووه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌ توندڕۆیانه‌، له‌رابردوودا داعش ویستوێتی ئارامی شاره‌كانی كوردستان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رزوو به‌رنامه‌كه‌یان فه‌شه‌لی هێناوه‌، تازه‌ترینیان هێرشكردنه‌ سه‌ر ئاسایش بوو له‌ هه‌ولێر كه‌ ده‌م و ده‌ست هێرشه‌كه‌یان به‌ كوژرانی خۆیان پوچه‌ل كرایه‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستاكه‌ له‌ نزیكمانه‌وه‌ رووده‌دات، جیاوازتره‌و به‌هۆی غیابی توانا سه‌ربازییه‌كانی سوپای عێراقه‌وه‌ داعش به‌هێزتر بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌ موسڵدا، كه‌واته‌ پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان به‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشییه‌وه‌ له‌م ڕه‌وشه‌ ناله‌باره‌ بڕوانێت و ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌تێكیش هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ تا پێشمه‌رگه‌ ببرێنه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناو سنووری مادده‌ی 140 وه‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر سنووری هه‌رێم، چونكه‌ ئیستاكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ته‌واوی غیابن له‌لایه‌ن سوپاكه‌ی مالیكییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ رووبدات، بۆی هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا وه‌ك ئه‌مری واقیع سه‌یر بكرێت و به‌ ئاسانی بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم.

ئه‌گه‌ر ئه‌و گروپه‌ به‌خێرایی تێكنه‌شكێنرێن، ئه‌وا دوور نییه‌ پروشكی ئه‌و ئاگره‌ به‌ره‌و باشووری كوردستانیش بپه‌ڕیته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێم پێویست بێت حسابكردنه‌ بۆ ئه‌و گروپه‌، ده‌كرێت ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌ به‌ به‌رنامه‌ی لایه‌نێكی نه‌یاری كورد به‌م خێراییه‌ هاتبنه‌ ناو موسڵه‌وه‌، ئه‌گینا كه‌ی لۆژیكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ قه‌بول ده‌كات شارێكی فراوانی وه‌ك موسڵ له‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا به‌ته‌واوی بكه‌وێته‌ ده‌ست ئه‌و گروپه‌ چه‌ند هه‌زار كه‌سییه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی سوپای عێراق له‌و ناوچه‌یه‌دا‌ په‌نجا ئه‌وه‌نده‌ زیاتر بووه‌ به‌ به‌رانبه‌ر هێزی داعش، بۆیه‌ش ئه‌م شكسته‌ی سوپا له‌م موسڵ گوماناویه‌و حه‌قوایه‌ كورد به‌ جیدی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وردبێته‌وه‌و خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ بكات.

ئه‌گه‌رچی چاوه‌ڕێ ناكرێت داعش ئه‌وه‌ی به‌ سوپای عێراقی كردووه‌ بتوانێت له‌ سه‌دا یه‌كیش به‌ پێشمه‌رگه‌ی بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌سه‌وڕ ده‌كرێت له‌ هه‌ر رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌كیاندا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ دووچاری شكستی گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌و خودی سه‌ركرده‌كانی داعش ئه‌م راستییه‌ ده‌زانن، بۆیه‌شه‌ تانووكه‌ خۆیان دوور گرتووه‌ له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌س نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێم گرنگه‌ شه‌ڕی داعش نه‌كات له‌سه‌ر بنه‌مای سوننه‌گه‌رایی و سۆزداری بۆ عه‌ره‌به‌كانی موسڵ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ پارێزگاری له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان بكات به‌ ناوی پاراستنه‌وه‌ له‌ دژی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری، به‌مه‌ش پشتگیری وڵاتان به‌ده‌ست ده‌هێنێت.

سه‌رنج: له‌ ژماره‌ی 4584 رێككه‌وتی‌ 2014/6/16 له‌ رۆژنامه‌ی خه‌بات بڵاو بۆته‌وه‌.