شوێنی مه‌لا دانیشتن نییه‌ له‌سه‌ر كورسی په‌رله‌مانی، یان پۆستی سیاسی، ئه‌گه‌ر مه‌لایه‌ك به‌ ده‌نگ به‌رزكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر مینبه‌ری مزگه‌وتدا هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات خۆی به‌رێته‌ پێشه‌وه‌ تا له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌سه‌ر لیستی حیزبێكدا كاندید بكرێت كاره‌ساته‌ پێی بگوترێت مه‌لا، ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ كاره‌كته‌ری دووفاقن، له‌ په‌نای ئایینه‌وه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت ئایین وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گیرفان و ناوبانگی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كاربێنن، به‌مه‌ش خودی ئایین ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م ره‌خنه‌وه‌، چونكه‌ دواتر ئه‌مه‌ به‌پاڵپشتی ئایینه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌چنه‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ یان پۆستی تر به‌ده‌ست دێنن، كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستان، تانووكه‌ له‌ جه‌وهه‌ری په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن نه‌گه‌یشتووه‌، چانسی ده‌رچوونی مه‌لایه‌كی توندڕۆ، زۆر ئاسانتره‌ وه‌ك له‌ ده‌رچوونی كه‌سێكی ئه‌كادیمی و شاره‌زا له‌ كاروباری سیاسی و په‌رله‌مانی، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ خودی مه‌لاكان له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌ وه‌ك كارتی ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت كه‌ خۆیانیش له‌به‌ر پاره‌ چه‌وره‌كه‌ هه‌ست به‌و به‌كارهێنراویه‌ی خۆیان ناكه‌ن!

مه‌لا ئه‌گه‌ر به‌راستی خوداپه‌رستی ده‌كات، چیداوه‌ له‌ په‌رله‌مان! خۆ په‌رله‌مان مزگه‌وت نییه‌، شوێنی ئایینی نییه‌، ئیش و كاری له‌گه‌ڵ یاسا دنیاییه‌كانه‌، ئیشی مه‌لاش دنیایی نییه‌، ته‌نیا بانگكردنی خه‌ڵكه‌ بۆ لای ئایین، ئایینیش ده‌یه‌وێت خه‌ڵك له‌ چوارچێوه‌ی ژینگه‌یه‌كدا بخوڵێنه‌وه‌ كه‌ ژیانی ئه‌ودیو ژیانه‌، واته‌ ژیانی پاش مردن، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی دڵی به‌چوونی مه‌لاكان بۆ په‌رله‌مان خۆشه‌، دیین و سیاسه‌تی تێكه‌ڵاوكردووه‌و سه‌ر له‌ هیچیشیان ده‌رناكات، نه‌ سیاسه‌ت دیینه‌، نه‌ دیینیش سیاسه‌ته‌، سیاسه‌ت هونه‌ری به‌رێوه‌بردنی ژیانی دنیایی ئینسانه‌كانه‌ به‌پێی یاسا دنیاییه‌كان، به‌ڵام ئایین نیشاندانی ئه‌ودیوی ژیانه‌، كه‌متر به‌لای دنیای ئێستاكه‌وه‌ ده‌چێت، به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كات دوای مردن تۆڵه‌ له‌ كاره‌كانت ده‌كرێته‌وه‌، كه‌واته‌ ئایین دنیای راسته‌قینه‌ له‌به‌رچاوی خه‌ڵك ناشیرین ده‌كات و مردندۆستی بڵاوده‌كاته‌وه‌، یان مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر ستایلێك په‌روه‌رده‌ ده‌كات ژیانی به‌لاوه‌ جوان نه‌بێت و ته‌نیا بیر له‌ودیو ژیان بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش مردنه‌، به‌ڵام خودی مه‌لاكان بۆ خۆشبه‌ختی دنیای ئێستاكه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن و به‌ خه‌ڵكیش ده‌ڵێن له‌ودنیا لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ئاخر تۆی مه‌لا به‌ خۆت و وه‌نه‌وشه‌كه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌چییه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ چۆن ده‌توانیت به‌من بڵێیت به‌ ئه‌سپ بڕۆن به‌ رێگه‌وه‌!
كه‌واته‌ ئه‌و به‌ناو مه‌لایانه‌ی ده‌چنه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، فێڵ له‌ خه‌ڵكی ده‌كه‌ن و مه‌لای راسته‌قینه‌ نین، سیاسی سكتێرن له‌به‌رگی مه‌لایه‌تیدا، بۆیه‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ مه‌ترسیه‌كی وادا خاڵێكی زۆر پێویسته‌ میدیای باشوور قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكات، چونكه‌ خه‌ریكه‌ كاندیدكردنی مه‌لاكان ببێته‌ دیارده‌و ده‌ریش ده‌چن، چونكه‌ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ كه‌سایه‌تی مه‌لای وه‌ك پیرۆز پێ ناسێنراوه‌ و كه‌ ده‌چنه‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌ هیچ سوود به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ناگه‌یه‌نن، ته‌نیا خه‌ریكی پڕكردنی كیرفانه‌كانیانن له‌سه‌ر حسابی هاونیشتمانیانی باشوور.