تۆزی ته‌پاشیر هه‌موو ده‌مێ سه‌رپه‌نجه‌کانی سپی ده‌کرد، لۆ هاوکێشه‌کردنی سین و صادی خوێندکاره‌کانی بێ پشوو ماندی نه‌ده‌بوو، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک هه‌میشه‌ ده‌رگای هه‌ست و دڵی ده‌سمی، نه‌رمه‌دوێ پیتی ڕ و رری ده‌په‌ڕاند و ده‌توانده‌وه‌ له‌خۆشگۆییدا، چاوکێش و ڕۆحپه‌ره‌ی باریکه‌له‌ به‌هزرێکی به‌رز، ئه‌وه‌نده‌ نزیک ده‌بۆوه‌ له‌ڕۆحت وات ده‌زانی ئاوه‌ڵی تۆیه‌ قوتت ده‌دا به‌رام که‌به‌خۆت ده‌زانیه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌گه‌وره‌یی خۆی قوتی د‌ایی له‌باوه‌شی میهره‌بانیدا داڵده‌ی داوی ! که‌سایه‌تی ئیسفنجی بوو هه‌رچه‌ند بگوشرێ هه‌رده‌هاته‌وه‌ قه‌باره‌که‌ی خۆی به‌و نه‌رمیه‌ی به‌رگه‌ی هه‌موو هێزێکی ده‌گرت و له‌خاڵی کۆتا هه‌رئه‌و براوه‌بوو

ڕێکه‌وت و مێژوو . .

گه‌له‌ک جار ڕێکه‌وته‌کانی ژیان بێدادن هه‌ل ناده‌نه‌ که‌سه‌ شیاوه‌کان به‌ڵام مێژوو بوخچه‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانی مێشکی مرۆڤه‌ بۆ هه‌موو شتێ لاپه‌ڕه‌ک ده‌نوسێته‌وه‌ . هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕووپه‌ڕێکی ڕازاوه‌ی خۆی ئه‌هوا نوسیته‌وه‌ که‌ سه‌ره‌تا ده‌ستت به‌خوێندنه‌وی کرد، لێره‌وه‌ش وێنانوسی هه‌ندێک له‌هه‌ڵکه‌وته‌یی مامۆستای به‌رز بخوێنه‌وه‌

سه‌رکرده‌ی سیاسی . .

هه‌موو مه‌رجه‌کانی سه‌رکرده‌ی سیاسی تێدابووه‌ له‌پاشه‌بنه‌ی ڕۆشه‌نبیری و خاوه‌ن بۆچوون، دانوستانێکی نه‌رم و نیانی گوێگری هه‌مووان، بوێری مه‌یدانی خه‌بات، کوردپه‌روه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر، میانڕه‌وی سیاسی بێ که‌فوکوڵ، بێ هه‌ڵچوونی ده‌مارگیری . زۆرکه‌س له‌ئاستی ئه‌و نزمتربوون هه‌لی چوونه‌سه‌ره‌ویان پێدرا و هیچیان پێنه‌کرا به‌ڵام مامۆستا وریا و چه‌ندانی تری له‌و ئاستانه‌ ڕێگریان لێکرا به‌ڵام زێڕی عه‌یار بیستوچاربوون هه‌رگیز خڵت و خاش نرخی دانه‌به‌زاندن و ئه‌وه‌ش‌ حوکمی مێژووه‌ 

پێشڕه‌وی ڕه‌چه‌شکێن . .

ئه‌وه‌ی ده‌ی خونیه‌وه‌ پێهه‌ڵدان و شینی دوای مردوو نی یه‌ به‌ڵکو باسی دروستی مرۆڤێکی بوێری پێشره‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌چه‌شکێنی کۆت و به‌نده‌ کۆنه‌ به‌ده‌کان، چه‌کدار به‌بیری ڕۆشه‌ن و کرداری نوێخواز، کوردێکی ڕاسته‌قینه‌ هیچ که‌لتورێکی داگیرکار پاوانی بیروبۆچوونی نه‌کردبوو ! بڕوای به‌ئازادی ژن و مافی هه‌موو تاکه‌کان بوو له‌گچکه‌وه‌ تا پیر . دژی زه‌بروزه‌نگ و لێدان و کوشتن له‌هه‌مبه‌ری ئه‌وانه‌ش مرۆڤێکی خۆگری پڕ جوامێری ئازایه‌تی بوو

هاوکاری پارتیزانه‌کان . .

هه‌رچه‌نده‌ باسی پارتیزانه‌کانی کۆیه‌ ڕوپه‌ڕێکی تری مێژووه‌ به‌جیا نوسرایته‌وه‌ له‌کتابێک به‌ڵام لێره‌ تیشکێک وه‌رده‌گرین له‌دووسێ ڕسته‌ زیاتر نه‌بی، ئه‌و شه‌وانه‌ی خواردنیان لێده‌بڕا و ده‌هاتنه‌ شار ماڵی مامۆستا وریا ئه‌و په‌ناگه‌یه‌بوو باروتای لۆ ده‌پێچانه‌وه‌ به‌وایه‌ری ڕستی جلکان له‌پشتی که‌ره‌ کوێری ده‌به‌ست و به‌ڕێ ی ده‌کرد، خاو خێزانه‌که‌شی خاکی به‌رپێ ی پێشمه‌رگه‌کان بوون له‌شه‌وه‌ توشه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا ! خۆی کادیری کارای ڕێکخستنی ناوشار و یه‌کێتی هه‌موو ڕه‌نجده‌رانی بیر و بازوو بوو

ده‌ریایه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌ . .

په‌ڕاوه‌که‌ی مامۆستا پڕ گه‌وهه‌ری ده‌ریایه‌کی قوله‌ وه‌ک چاوه‌کانی تا لێ ی وردبووبایه‌وه‌ زیاتر فێرده‌بووی . له‌وانه‌یه‌ مافی خۆی وه‌رنه‌گرتبی به‌ڵام ئێسته‌ش ته‌واوی مافه‌که‌یمان پێ نادرێ چونکه‌ ئێمه‌ش ئه‌و ده‌ریاوانه‌‌ لێزانه‌ نه‌بووین بتانین لێ ی تێبگه‌ین ته‌واوی یاقوت و مه‌رجانه‌کانی په‌ی پێببه‌ین ! دروود بۆ ڕوحانیه‌تی مامۆستای گه‌وره‌

هه‌رده‌ژی . .

بیۆگرافیای خودی مامۆستا وریا ساڵی چه‌ند له‌دایک بوو؟ چی خوێند؟ چی کرد؟ که‌ی کۆچی کرد؟ هیچ شتێک ناگۆڕێ چونکه‌ ناتوانی ناوی بهێنی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێ ی : مامۆستا وریا واته‌ له‌لایه‌ک مام و له‌لایه‌ک وه‌ستای فێرکردنه‌، دوای ئه‌ویش قوولی چاوه‌ ڕه‌شه‌کانی وریایی وێناده‌کرد، هه‌رگیز کۆچی نه‌کردیه‌ و ئێستا له‌کاکره‌ی ناخی هه‌موومان هه‌تایی ده‌ژیه‌ .

                       

                                    This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.