ده‌یانگۆت: پێشمه‌رگه‌ کاغه‌زی سپی ده‌خونته‌وه‌ . واتا له‌نه‌بوودا به‌زمێک دروست ده‌کا چه‌ندی له‌ناو ناخۆشی شه‌ڕ و ئازاردابی ڕێگایه‌ک بۆ پێکه‌نین ده‌دۆزێته‌وه‌ ! وره‌ به‌رزده‌بۆوه‌ پێکه‌نین له‌ناخه‌وه‌ قوڵپی ده‌دا قوڕبه‌سه‌ریه‌که‌ش لۆ ئه‌وانه‌بوو تازه‌ ده‌بوونه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌وتنه‌ ناو گۆبه‌نده‌که‌ ده‌گمه‌نه‌ پێشمه‌رگایه‌تیت کردبی و تێنه‌که‌وتتبی ! هه‌رجاره‌ی شتێکیان ده‌کرده‌ سه‌رباس و ته‌ڵه‌زگه‌ به‌تاکو به‌کۆ نوێکان پێوه‌ده‌بوون، جار هه‌بوو کۆنه‌کانیش تێوه‌رده‌چوون . ماوه‌یه‌ک به‌وه‌یان گرتبوو: پێشمه‌رگه‌ی ڕۆشه‌نبیر کێ یه‌ ؟ خاسیه‌تی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆشه‌نبیر چی یه‌ ؟  

یه‌که‌م : قه‌ڵه‌م جافێکی له‌سه‌ر شانی داوه‌ .

دووه‌م: کتابی پێیه‌ و ده‌یخوێنته‌وه‌ .

سێ یه‌م: وشه‌ و زاراوه‌ی سیاسی له‌دوای یه‌ک ده‌ڵێ .

چواره‌م: زانیاری گشتی زۆر کۆده‌کاته‌وه‌ و دکتۆری ده‌زانی .

پێنجه‌م: جه‌مه‌دانی پێ یه‌ به‌س له‌سه‌ری نانێ .

شه‌شه‌م: ڕادیۆی سۆنی هه‌یه‌ شه‌وانه‌ گوێ له‌ده‌نگی ئه‌مریکا، له‌ندن و مۆنتیکارلۆ به‌عه‌ربی ده‌گرێ .

حه‌فته‌‌م: فرچه‌ی ددان شوشتنی له‌قه‌دی مه‌خزه‌نێکه‌ یا به‌ڕکی لاشانی چۆغه‌که‌ی .

هه‌شته‌‌م: نیوه‌ڕۆیان ‌ڕادیۆی دوبه‌ی ده‌کاته‌وه ‌گێ له‌ئوم که‌لسوم ده‌گرێ !

هه‌نده‌کیان زۆر پێیانه‌وه‌ دیاربوو زوو ده‌که‌وتنه‌ سه‌ره‌سوڕه‌ی لاسایی و ته‌ڵه‌که‌ ده‌یگرتن . . کابرا نه‌خوێنده‌واره‌ قه‌ڵه‌م جافی له‌شانی ده‌دا، کتابی لوول ده‌دا تاقه‌تی خوندنه‌وه‌ی نه‌بوو، که‌ ده‌شی خونده‌وه‌ هیچی تێ نه‌ده‌گه‌یی ! وه‌ک په‌په‌گا وشه‌ سیاسیه‌کانی ده‌رخ بوو له‌ناو ڕسته‌ به‌کاری ده‌ینا له‌جێ ی خۆی نه‌بوو نه‌شی ده‌زانی واتای چی یه‌ ! جه‌مه‌دانی له‌بن هه‌نگری ده‌نا ! گێ ی له‌هه‌واڵه‌کانی ڕادیۆی ئیسڕائیل ده‌گرت ڕادیۆکه‌ی به‌بناگێیه‌وه‌ ده‌نا ده‌یگۆت: سبه‌ی بارانه‌ واش نه‌بوو ! فرچه‌ی ددان شوشتنی ده‌رده‌خست ! به‌قرچه‌ی نیوه‌ڕۆیه‌ش هه‌ریه‌که‌ی له‌لای خۆیه‌وه‌ له‌سه‌رکانیه‌ یان دیوه‌خانێ له‌سه‌رلا پاری ده‌داوه‌ ئوم که‌لسومیان ده‌کرده‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی تاکه‌ وشه‌کی لێ تێبگه‌ن هه‌ر سه‌ریان باده‌دا گوایه‌ عاشقن که‌چی پڕخه‌یان لێ برند ده‌بوو !

 

                        

                           Dlshadtakana@yahoo.  com

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.