ئێمه‌ عه‌شایه‌رین ..

تکان به‌تکانی پیاده‌ڕۆی ‌بازاڕه‌که‌ی ناو شاری هه‌رنه‌ده‌بوارد ڕیز به‌ڕیز و ڕه‌فته‌ به‌ڕه‌فته‌ دایکه ‌پۆشاکه‌کانی ده‌پشکنی ، چیڕه‌درێژ هه‌رلێ نه‌ده‌بۆوه‌ هه‌موو پارچه‌ جله‌کانی هه‌ڵده‌داوه‌ ده‌تگۆت ماری لێ دزرایه‌ و له‌دوای ده‌گه‌ڕێ ! که‌وکوژی نیشانه‌ی داده‌گرت پۆشاکی جوانی ده‌دۆزیه‌وه‌ بێ کۆتا تاقی ده‌کردنه‌وه‌ .ئه‌و سه‌ر و سه‌لیقه‌ش شێوازێکی هونه‌ری پۆشاکسازیه‌ دابوویه‌ هه‌مووان ، باوه‌ و منداڵه‌کانیش پشتیان به‌زه‌وقی ئه‌و به‌ستبوو له‌هه‌ڵبژاردنی به‌رگه‌کانیان .له‌ژووریلکه‌ی خۆگۆڕی دایکه‌ کراسێکی مۆدێڕنی چوونه‌ شه‌واهه‌نگی تاقی کرده‌وه‌ قسه‌ی خۆمان بی ڕووته‌ڵه‌بوو سینگی ته‌واوه‌ک کرابۆووه‌ چاوکێش و جوان بوو ، هاته‌ ده‌وره‌وه‌ ڕوو له‌کوڕه‌: ئا ئه‌مه‌ چۆنه‌ ؟ کوڕه‌ی هه‌نده‌رانی تازه‌ چوارده‌ نه‌ورۆزی تێپه‌ڕاندبوو گوێبیست و لاساکاری دوانه‌کانی بابی بوو که‌ زۆرجار ئه‌یووت : ئێمه‌ کوردین ، ئێمه‌ ڕۆژهه‌ڵاتین ، ئێمه‌ عه‌شایه‌رین ....ئه‌ویش دووباره‌ بێ لێکدانه‌وه و‌ ده‌ربڕین له‌جێ ی مه‌به‌ست به‌به‌غایی ئه‌یوتنه‌وه‌ : زۆرجوانه‌ دایکه‌ بیکڕه‌ .دایک‌: چۆن ئه‌بێ کوڕم ئه‌مه‌ هه‌مووی ڕووته‌ ؟ لاوکه‌ هانده‌ربوو زۆر به‌ڕشتی بڕواوه‌: قه‌ینا دایکه‌ زۆر ئاسایی یه‌ خۆ ئێمه‌ عه‌شایه‌رین .

 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.