پارادۆکسی سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە کۆبانی لەوێدایە، ئەو خۆڕاگری‌و بەرخۆدانە جەماوەرییەی کۆبانی دژو ناکۆکە لەگەڵ ستراتیژو ئامانجێک کە ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیەتی. ستراتیژی کۆن‌و نوێی ئەمریکا ئەوە بووە کە هیچ کەسێک لە جیهاندا بەبێ پرسی ئەو پەنجە بە ئاودا نەکات! لە عێراق بۆی نەچووە سەر. لە سووریاش لەسەر بنەمای هەمان سیاسەت‌و ستراتیژی ئەمریکا، کێڵگەیەک لە دۆزەخ بەرهەمهاتووە کە داعشی تێدا پەروەردە بوو.

نەخشەکەی ئەمریکا وابوو، داعش بەخێرایی سنووری خەلافەتەکەی بە خوێنڕشتن گەورەترو فراوانتر ئەکات. خەڵک ئیرادەی خۆڕاگری‌و بەرگرییان تێدا ئەکوژرێت‌و هەڵدێن. مەیدان چۆڵ ئەبێت بۆ تەراتێنی ئەمریکا کۆمەڵێک لۆمپنی سیاسی بکاتە نوێنەرو ڕابەری خەڵکی هەڵاتوو، تا ڕێوشوێنیان نیشانبدەن چۆن چۆنیی ژیانیان دەستپێبکەنەوە!

بەڵام زیاد لە دوو ساڵە کۆبانی قارەمانانە بەرگرییەکی شۆڕشگێڕانەو بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجامداوەو ئەدات بەدژی داعش‌و داعشییەکان‌و هاوپەیمانە ژێربەژێرەکانیشیان! دروست ئا لێرەدایە لووتی هەژموونی خوازی‌و بڵندپەروازییەکەی ئەمریکا شکاوە. خەڵکی سەربەرزی کۆبانی بە سادەترین چەک‌و تفاقی سەربازییەوە بەرەوڕووی دڕندەترین هێزی هەوسارپچڕاوی ئیسلامی لە مێژووی ناوچەکە بۆتەوە! بەڵام ئەمریکا خەریکە تۆڵەی خۆی لە خەڵکی کۆبانی ئەکاتەوە. چۆن؟

دەرئەنجام، ئامانجی ئەمریکا بەهرەبەردارییە لە هێزو دیاردەیەکی نەگریس‌و نامۆی وەکو داعش، هەتا سەرنجی ڕای گشتی ناوچەکەو جیهانیش بۆ هەژموونی‌و باڵادەستیی خۆی ڕاکێشێت لەبارەی چارەسەری کێشەو گرێکوێرە لۆکاڵی‌و هەرێمییەکانیش! دروست وەکو چۆن کۆمپانیای ڕووداو تێیدەڕوانێ‌و بانگەشە بۆ تواناییە سیاسی‌و سەربازییەکانی ئەمریکا ئەکات دژی داعش، بەڵام ئازایەتیی ئەوەی تێدا نییە بە ڕاشکاوی باسی بەرخۆدان‌و خەباتی دلێرانەی خەڵکی شکۆمەندی کۆبانی بکات! ئەمریکا خوازیارە وێنایەک لە ویژدان‌و ووشیاری گشتیدا ئەندازیاری بکات، کە هیچ کارو ڕێکارێک، بەتایبەتی سیاسی‌و سەربازی لە جیهان‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەبێ ڕابەرایەتی ئەمریکا مەحکوم بە شکستە! دەزگای ڕووداو تەپڵ بۆ ئەم ئامانجەی ئەمریکا لێئەدات.

ئامانجی هەرە سەرەکی ئەمریکا لە شێوەی بەشداری نادیاری خۆی لە جەنگی کۆبانیدا، شکستپێهێنانی ئەزموونی هاتنەمیدانی هێزی چەکدارو ڕێکخراوی جەماوەری خەڵکی کۆبانییە بە ژنان‌و پیاوانەوە! ئەم هەتنەمەیدانەی خەڵکی کۆبانی، لە دەرەوەی سیاسەت‌و ستراتیژی ئەمریکادایەو ناکۆک دێتەوە لەگەڵ ستراتیژی هەژموونخوازی ئەو دەوڵەتەدا. تەرجومەی پوختی ئەم ستراتیژەی ئەمریکا سەبارەت بەرەی جەنگی بەرەنگاربوونەوەی ژنان‌و پیاوانی کۆبانی بە دژی داعش‌، ئەوەیە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ خۆی ناتوانێت هێرشی سەربازی‌و ئاسمانی بکاتە سەر کۆبانی. تورکیاش بە هەمان شێوە! بۆیە بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی سنووردارو ناڕۆشن‌و پەت‌وبڵاوی خۆی، کە پڕە لە تەمومژو ئەمماو ئەگەر، بۆ سەر گوایا بنکەو بارەگای داعش لە سووریا، ئەمریکا تاکتیکی موماتەڵەو کاتکوشتنی گرتۆتەپێش، سابەڵکو توانای خۆڕاگری‌و بەرگری سەربەرزانەی خەڵکی کۆبانی نزم‌و نزمتر بێتەوەو داعش بتوانێت دەست بگرێت بەسەر کۆبانیدا! ئەگەر ئەم خەونەی ئەمریکا بێتەدی، ئەوسا ڕەنگە بە جۆرێکی دیکە، کلک‌و گوێی داعش بقرتێنن‌و مڵۆزمێکی دیکەی لێ دیزایین بکەن بۆ ئامانجێکی دواتر! بەڵام خەونی سەرەکی ئەمریکاو تورکیاش، بە کەوتنی ئەزموونی کۆبانیی دێتەدی. ئەوسا دەستئەکەنەوە بە پرۆسێسێکی دیکەی بەرقەرارکردنی دیموکراسییە ستۆکەکەیان لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریاش، بە هەمان شێوەی لە عێراق بیمیومانە.

بەڵام دوای زیاتر لە دوو ساڵ بەرگری بێوێنەی خەڵکی شەرافەتمەندی کۆبانی بەرانبەر بە داعش، ئیتر تاڕادەیەکی باش خەڵکی جیهان لەو ڕاستییە گەییشتوون، ئەگەر باس باسی سیاسەت‌و ڕێگاچارەیە، یان دژوەستناوەیە بەرانبەر تیرۆر، کۆبانی نەک هەر تەنیا سەنگەری لووتشکاندنی داعش‌و داعشییەکانیشە، بەڵکو بێوێنەترین ئەزموونی بەرپەرچدانەوەی تیرۆریان لەم دوو ساڵەدا نماییش کردووە. ئەگەریش باسەکە لەسەر ئازادی‌و دیموکراسییە، دیسانەوە کۆبانی جوانترین نموونەی دیموکراسی جەماوەرییان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە. تەجروبەی کۆبانی نەک لەبەردەم سندوقە پڕ گزی‌و فزی‌و تەزویرەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پارلەمانی پرۆئەمریکاییدا شکڵی نەگرتووە، بەڵکو ڕاستەوخۆ هاوڵاتیانی سێ شاری گەورەی باکوری سووریا کانتۆنی فەرمانڕەوایی دیموکراسیانەیان هەڵبژاردووەو قارەمانانەش بە دڵ‌و ویژدان‌و خوێنی خۆیان بەرگریی لێ ئەکەن.

ئەو پرسیارەی لێرەدا بەرەوڕووی ئەمریکا ئەبێتەوە، ئەوەیە، بۆچی ئەم ئەزموونە پڕسەروەرییەی کۆبانی‌و قامیشلۆو جەزیرە ڕاشکاوانە بەڕەسمی ناناسن‌و لە هێرش‌و پەلاماری تیرۆریستی داعش نایپارێزن!؟ کەواتە ئەمریکا نییەتی پاک نییە لەگەڵ خەڵکی کۆبانی‌و تەواوی خەڵکی کوردستان لە ناوچەکەش، هەروەها بەرانبەر دانیشتووانی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستگۆ نییەو بەشوێن بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیدا وێڵە. بۆیە تەواوی خەڵکی شەرافەتمەندو ئازادیخوازی ناوچەکەو جیهان، وە لە پێشیانەوە خەڵکی کوردستان، وەکو چاوی خۆیان، وەکو ماڵ‌و حاڵی خۆیان پێویستە لەسەریان ئەزموونی کۆبانی بپارێزن. چونکە دانیشتن بەدیار لوتفی ئەمریکاوە، ژەهرە ژەهر! ئەم چاوەڕوان مانەوەیە سیاسەتی کوشندەی بزووتنەوەی کوردایەتییەو بەدرێژایی مێژووی خۆی ئەزموونی گەلێک ناشیرینی پێشکەش کردووین. با چیتر ڕێگاندەین لە کۆبانی ئەم خەونە قێزەونەی ئەمریکاو دوژمنانی ئازادی‌و ئیرادەی پۆڵایینی جەماوەری سەربگرێت. کۆبانی ئەبێت سەرکەوێت. کۆبانی چەقی ئیرادەیە، ئیرادەی جەماوەرێکی ڕاپەڕیو لەپێناو سەرفرازیدا. کۆبانی ئەمڕۆ نوێنەری ئیرادەی خەڵکی شەرافەتمەندی جیهانە لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندانەدا.

٢ئۆکتۆبەر١٤

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.