ستونی (٣٦)

نزیک بە نیوەی دانیشتوانی کوردستان مناڵانن، یانی ئەو مرۆڤانەی تەمەنیان لە خوار ١٦ ساڵییەوەیە.وە نزیک بە سەد دەر سەدی ئەم مناڵانە ڕۆژانەو بەشێوەی سیستماتیک بەرەوڕووی توندوتیژی ئەبنەوەو شەخسیەتیان ووردئەکرێت.بەبێ ئەوەی هیچ دادگاو یاساو دامەزراوەیەکی دەوڵەتی، یاخود ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ‌و دەیان دامەزراوەی تری بەرگریکار لە مافی مرۆڤ تەنانەت قسەیەکیشیان لەبارەیەوە هەبێت!

کوردستان نوقمی هەموو جۆرەکانی توندوتیژییە بەدژی مناڵان.ووڵاتی ئێمە نوقمی بێڕەحمییە بەرانبەر بە مناڵانمان.توندوتیژی فیزیکی‌، واتە لێدان‌و داغکردن‌و گشت شێوازەکانی دیکەی جەزرەبەدان‌و فەللاقەکردن‌و تەمبێکردن‌و تۆقاندن‌و ناچارکردن‌ بە گوێڕایەڵی بۆ باوک، دایک، گەورەساڵان‌و مامۆستایان‌و وەستاکارو ..تد.

توندوتیژی دەروونی هیچی کەمتر نییە لە ئازاردانی فیزیکی لەپێناو لەکەدارکردنی کەسایەتییان، بۆ ووردکردنی شکۆفەی کەسایەتییان، بۆ تیرۆرکردنی پرۆسێسی شکۆفایی‌و دامەزراندنی بنەماکانی ژیانی سەدان هەزار ئینسان، کە هیچ چارەو تواناییەکی دیکەیان نییە بەرگری لە خۆیان بکەن، تەنهاو تەنها وەکو "تاوانبارانی خوێڕێژ!" مامەڵە ئەکرێن‌و ئەوانیش ئەبێت ملبدەن بە تەواوی ئەو دۆزەخەی بۆ ژیانیان داخراوە.

ئەم ڕەوشە ترسناکەی ژیانی مناڵانی کوردستان، ئاماژەیە بۆ نقوومبوونی کۆمەڵگاکە خۆی لەنێو دیاردەی چەپاندن، ملهوڕی، ملکەچکردن‌و ناچارکردندا! ئەو دەسەڵاتدارو بەرپرسە حکومییەی ئەزانێت منداڵان لەم بارە نامرۆڤانەیەدا بەسەر ئەبەن‌و کۆمەڵگا خۆی بۆتە گەورەترین زیندانی سەقەتی "چاکسازیی منداڵان!"و هیچ ڕێوشوێنێک ناگرێتەبەرو یاسایەکی نییە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەم دیاردە پڕمەترسییە، ئەوەمان پێئەڵێت، بەدڵنیایی بەرژەوەندییەکی هەیە لەم مامەڵەیەی لەگەڵ مناڵاندا ئەکرێت! دیارە تەندوتیژی خێرێکی هەیە بۆ دەسەڵات بۆیە وا بێدەربەستە بەرانبەر بە ژیانی مناڵان.ڕەنگە دەسەڵات قازانجی ئەوە بێت ئینسانی کوردستان هەر لە سەرەتای ژیانییەوە لەگەڵ توندوتیژی‌و سەرکوت ڕاهاتووەو لەکاتی گەورەییشییدا ئاسانتر ملدرێژ ئەکات بۆ بێمافی‌و هەڵاواردن‌و جیاکاریی چینایەتیی.

لە هەمووشی دەردناکتر ئەوەیە، تەواوی ئەم دڵڕەقی‌و بێبەزەییەی بەرانبەر بە منداڵان لەکاردایە، لەژێر ناوی "درووستکردنی کەسایەتیی!" مناڵاندا ئەنجامئەدرێ‌، وە کۆمەڵگاش ملی درێژکردووە بۆ ئەم هێرش‌و پەلامارە ڕۆژانەو سیستماتیکەو وەکو تەنیا ڕێگای پەروەردەو فێرکردن‌و دروستکردنی کەسایەتیی مناڵان وەریگرتووە، جگە لەوە خۆشی بۆتە کاراکتەری جێبەجێکردنی ئەم دەریایە لە دڵڕەقی بەدژی مناڵان! ئەم مێنتاڵێتییە دژە مرۆییە گۆڕراوە بۆ فەرهەنگ‌و کەلتووری کۆمەڵگاو هاوڵاتیان‌و وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی‌و پەسەندی پێگەیاندنی منداڵان چۆتە نێو ووشیاریی خەڵکی‌و دامەزراوەکانی دەوڵەت‌و حوکمڕانیشیانەوە.وە لەژێر ناوی پڕوپووچی تەمبێکردن‌و بەرگرتن لە لەڕێدەرچوونیاندا، وەکو ڕێگاچارە بەدەستەوە گیراوە، بەڵام ئێمە ئەبینین بێجگە لە قووڵترکردنەوەو ئاڵۆزترکردنی پرۆسەی پەروەردەو پێگەیاندن هیچی تری لێ بەرهەم نەهاتووە!

زۆر لایەنی جۆراو جۆرو پڕبەهای دیاردەی منداڵیی هەیە ئەکرێت وە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.بەڵام بەداخەوە بێدەربەستیی دەسەڵات‌و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەگشتی، ئاوێکی وەها بێبەزەییانەیان بەرانبەر بە ڕەوشی نامرۆڤانەی منداڵان ڕشتووە بەهۆی شانخاڵی کردنەوەیان لە گرتنەپێشی ڕێوشوێنی هاوچەرخ‌و شارستانیی بۆ دامەزراندنی پرۆسێسێکی مۆدێرنی پەروەردەو فێرکردن، سەرتاپای کۆمەڵگای کردۆتە بەرپرسیارو بەهەموولایەکەوە ئەرکمانە منداڵانمان لەم چارەنووسە ترسناکە ڕزگار بکەین!

بەلای منەوە گرنگترین کارێک کە ئەتوانرێت ئەنجامبدرێت‌و دەسبەجێ کاریگەریی خۆی دابنێت بۆ ڕاچڵەکاندنی کۆمەڵگا بەرانبەر بە ڕەوشی ناهەمواری مناڵان، ئەوەیە، پڕۆژەیاسایەک ئامادەبکرێت‌ بۆ بەردەم پارلەمان تا وەکو یاسا بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی بەدژی مناڵان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە، کە هەموو ڕێوشوێنەکانی وەستانەوە بەدژی توندوتیژی دژی مناڵان لەبەرچاوبگرێت.وە کەمپینێکی درێژخایەن‌و تۆکمە بۆ ووشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بە مەسەلەی توندوتیژی دژی منداڵان بەڕێبخرێ‌ لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو بیسراو و خوێنراوەوە.

بەڵام پێش لە هەر شتێک لای خۆمەوە داواکارم لە کۆمەڵگای کوردستان‌و گشت هاوڵاتیان، بۆ تەنیا ڕۆژێک خۆیان بخەنە جێگای مناڵەکانیان‌و بیرێک لەو بارە دەروونییە دژوارو نامرۆڤانەیە بکەنەوە کە بەهۆی لێدان‌و شێوەکانی تری توندوتیژییەوە بەرانبەر بە مناڵان بۆیان پێشدێت! بیرێک لە منداڵیی خۆیان بکەنەوەو یادەوەریی خۆیان بهێننەوە پێش چاویان کاتێک کە خۆیان منداڵ بوون‌و بەرەوڕووی هەمان شێوەی پەرەوەردەو مامەڵەی باوک‌و دایک‌و مامۆستا بوونەتەوە، تا چاوێک لە مێژووی ترسناکی کۆمەڵگاکەمان بکەین، وە پێکەوە خۆمان یەکەمین هەنگاوبنێین بۆ وازهێنان لەم شێوازە نادرووستەی مەمەڵە لەگەڵ منداڵاندا.

١حوزەیران١٤