ستونی (٣٢)

ئەم دەسەڵاتە حزبی‌و بنەماڵەییە پڕ لە پیرو عەشایەرو بازرگانە سیاسییە، لەگەڵ دادگاو پۆلیس‌و زیندان‌و یاساکانیان دەرگیربوون لەگەڵ نەوجەوانێکدا، وەکو "ئەبوجەهل"یان دەستگیرکربێت مامەڵەی لەگەڵدا ئەکەن!! کاکە (ئەحمەد شیروان) وەکو نەوجەوانێک ئازایانە بیرئەکاتەوەو ڕەخنەی لە ڕێوشوێنە ئایینییەکانی ئیسلام گرتووە لە ڕوانگەی خۆیەوە.بەڵام دەسەڵاتی کوردی لە هەولێر تەحەمولی ڕەخنەی ئەوی نەگرت‌و بەرگەی ووتنی ڕاستییەکانی تازەلاوێکی نەگرت سەبارەت بە ئایینێک، جگە لە شۆڤێنیزمی ئایینی‌و دیماگۆجییەتی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی هیچی دیکەی بەرهەمنەهێناوە!

دەسەڵاتی هەرێم نیازی وایە ئەم ئازایەتییەو ئەم تامەزرۆییە بۆ ئازادی‌و ئەم ئامادەگییە پڕئینێرژییەی تازەلاوێک بۆ گەشەو پێشڕەوی‌و داهێنان، بەیاساو ڕێسا زنجیر بکات‌، وە کاکە ئەحمەد خۆشی وادار بکات ئەو چراو ڕووناکییەی لە دڵ‌و دەروونیدا داگیرساوە بیکوژێنێتەوە! ئەوان ئەیانەوێ ئەستێرەیەکی دیکەی ئەم کوردستانە بکوژێننەوە! دەسەڵات بەم هەنگاوە دژی مرۆیی‌و دژ بە مافەکانی مناڵانی، وەکو پێشترو لە دۆسێی سەردەشت عوسمان‌و سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی بینیمان، هەموو بانگەشەو ئیدیعاکانی خۆیان پووچەڵ ئەکاتەوە سەبارەت بە ئازادی‌ بیروڕاو بەرقەراربوونی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ لە کوردستان!

ئامانجی دەسەڵات ئەوەیە ئەم نەوجەوانە پەشیمانبێتەوە! ئێمەش ئەرکمانە دەسەڵات ناچار کەین پەشیمان بێتەوە.ئێمەی ئازادیخوازانیش ئیدانەو مەحکومی ئەم هەنگاوە ئەکەین‌و خوازیارین هەموو ئینسانێکی شەریف‌و ئازادیخوازو خوازیاری ئازادی بیروڕاو دەربڕین، بەدژی دەسەڵات پشتیوانیی خۆیان بۆ کاکە ئەحمەد شیروان دووپات بکەنەوە.ئەحمەد شیروان پێویستە ئازاد بکرێت‌و ئازادانەش بەردەوام بێت لەسەر بەدواداچوونەکانی سەبارەت بە ڕەخنە لە ڕێوشوێنە ئایینییەکانی ئیسلام! ئێمە هەموومان لەپشتی نەوجەوانێکی بوێری کوردستانەوە رائەوەستین تا لە هەلومەرجێکی سەلیم‌و پڕئاساییشدا ژیانی ئاسایی خۆی دەستپێبکاتەوە.

٢٢ئایار١٤