"پارتی لەگەڵ چینیشدا بکەوێتە منافەسەی هەڵبژاردنەوە، هەر ئەیباتەوە!".

وەکو وەڵامێکی کورت بۆ ناوەرۆکی ووتارەکەی شاناز ئیبراهیم، بە باشی ئەزانم بەو کۆمێنتەی سەرەوە دەستپێبکەم، کە هاوڕێم، شەماڵ عەلی لە هەڵبژاردنی پێشووی پارلەمانی کوردستاندا نووسیبووی سەبارەت ساختەکاری‌و تەزویرەکانی نێو گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی حزبەکەی شاناز خانم- واتە پارتییەوە.

پێموابێت شاناز ئیبراهیم لەلایەک خۆی لە گێلی ئەدات سەبارەت بە گزی‌و ساختەکارییەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا، لەلایەکی تریشەوە ئامانجی دەرۆزەی نفوزو پاساودانەوەی ساختەکارییەکانی ئەمجارەی حزبەکەی خۆشییەتی.دەنا یەکێتی کە هاوپەیمانی ستراتیژی پارتی بووە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ، وە پێکەوە هەمەکارەو نەخشەو پلان داڕێژەری سەپاندنی باڵادەستیی خۆیان بوون، لەم پێناوەشدا هەموو ڕێگاو شێوازێکی فریودان‌و تۆقاندن‌و نانبڕین‌و ساختەکارییان پیادەکردووە، تا توانییان دەسەڵاتی جوتحزبی‌و گەندەڵی خۆیان بکەنە ئەمری واقع لە کوردستان، ڕەنگە لە هەر کەس باشتر بزانێت پارتی بۆچی هەمیشە دەنگەکانی لە زیادبووندایە! ئەم نیشانەی پرسیارو سەرسوڕمانەی شاناز ئیبراهیم لەبارەی ساختەکارییەکانی هەندەرانەوە لەسەر دەنگەکانی پارتی دایئەنێت، پێناچێت دادێکی باری خواری حزبەکەی شاناز خانم بدات، بەڵام هەر ئەشیکات!

بەڵام واقعییەت ئەوەیە ئێستا پارتی هاوپەیمانێکی شاییستەترو دڵسۆزتری لەبەردەستدایە، واتە، گۆڕڕان، ئەو تەڵەزمەی لە یەکێتی بۆتەوەو بۆتە کلکە تەوری دەستی دژبەری ئێستاو هاوپەیمانی کۆنی حزبەکەی شاناز ئیبراهیم، وە بەم هەنگاوەشی یەکێتی نیشتمانیی بەرەوڕووی قەیرانێکی سیاسی‌و ڕێکخراوەیی کردۆتەوەو جێگای لە ڕیزبەندی هێزەکاندا جووڵاوە بۆ دواوە.بۆیە جێگائامانجی ئەم ووتارەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەر چییەک بێت لە ئێستادا، بخوازێ‌و نەخوازێ، زیاتر دووپاتکردنەوەو سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کۆمۆنیستەکان ڕایانگەیاندووە، کە هەڵبژاردنێک لەئارادا نییە، ئەوەی هەیە گاڵتەجاڕێکەو ئەم حزبانە چوار ساڵ جارێک سازمانی ئەدەن بۆ چەواشەکاری‌و وەرگرتنی پەنجەمۆری خەڵکی.چونکە سەرباری هەراو هوریای چاودێریکردن‌و ڕێگاگرتن لە ساختەکاری، سەرەڕای پاڕانەوە بۆ بەشداری خەڵک‌و دەنگدانیان، لە ئاکامدا بە گزی‌و ساختەکاری پشکەکانی دەسەڵات لەنێوان حزبەکاندا دابەشئەکرێتەوە.

١١ئایار١٤

لینکی ووتارەکەی شاناز ئیبراهیم: http://www.lvinpress.com/drejaWtar.aspx?NusarID=57&Jmare=83