پرۆژەی بە عەرەبکردنی کەرکوک و، گۆڕینی دیمۆگرافیای نەتەوەیی، بۆ زۆرکردنی رێژەی عەرەب و کەم کردنەوەی رێژەی کورد . . پرۆژەیەکی تازە نییە، بەڵکو پرۆژە و پیلانێکی شۆڤێنیی عەرەبی نەخشەداڕێژراوە، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق تۆکەمەتر و پیستر درێژەیان بەم سیاسەتە رەگەزپەرستییە داوە . . لە ساڵی ( ١٩٢٧) دا، کە یەکەمین بیرە نەوت لە بیرە نەوتەکانی باوەگوڕگوڕ لە کەرکوکدا تەقییەوە و نەوتی لێ هەڵقوڵا . . لەو ساڵەوە تا ئێستا ئەم نەوتە بۆتە مایەی شەڕ و وێرانکاری و نەگبەتی بۆ ئێمەی کورد، نەک مایەی خێر و خۆشی وخۆشگوزەرانی و ئاوەدانی . لە سەردەمی حکومەتی بۆ دووەمین جاری سەرەک وەزیرانی عێراق ( یاسین الهاشمی ) کە لە ساڵی ( ١٩٣٥ز) دا بوو، هاشمی مەیل و بیرێکی شۆڤێنیی عەرەبی توندڕەوی هەبوو . . هەر لە ساڵی ( ١٩٣٥) دا، ( یاسین الهاشمی ) دەستی بە بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک کرد . . ئەوەبوو کە دوو هۆزی گەورەی عەرەبی بە ناوی ( جبوری، عوبەیدی )یەوە، لە پارێزگای موسڵەوە هێنایانی و، لە ناوچەی ( حەویجە )ی سەربە پارێزگای کەرکوک نیشتەجێی کردن . . مەرامی هاشمیش لە هێنانی ئەم دوو هۆزە عەرەبەبە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک و گۆڕین و لاسەنگکردنی دیمۆگرافیای نەتەوەیی بوو . . ( پرۆژەی ئاودێریی کەرکوک ) یش، کە لە پێناوی بە کشووکاڵ کردنی ناوچەی حەویجە بوو . . ئاو و زەوی هی کوردن، بەڵام عەرەبی نیشتەجێ بوو سوودی لێ وەردەگرن و خێر و بێری دەخۆن. . لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە زۆر نمەک حەرامن و بە هەموو شێوەیەک، ئەوپەڕی دژایەتی گەلی کورد دەکەن . . لەو ساڵەوە تا ئەمڕۆ بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک درێژەی هەیە و، تۆکمەتر و زەقتر جێبەجێی دەکەن . . تا ئەمڕۆش سوودیئاو و نەوت و گاز و سامانی کەرکوک هەر بۆ گیرفانی عەرەبە . . تەنها دووکەڵە رەشەکەی نەوتەکە بەشیئێمەی کوردە . . بە تایبەتیش لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسی رەگەزپەرستدا، کە بە شێوەیەکی شۆڤینییانەی گڵاو و دڕندانەی نەخشەداڕێژراو دەستیان بە سیاسەتی بە بەعەرەبکردنی کەرکوک کرد . . زیاتر لە ( ١٧٥) هەزار ماڵە عەرەبیان لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقدا بۆ کەرکوک هێناو زەوی و زاری کوردیان دابەشکرد بە سەریاندا پشتێنەیەکی عەرەبییان بە دەور کەرکوکدا دروست کرد . . نیازی ئەوەشیان هەبوو، کە بە هەزاران خێزانی دەربەدەری چادرگاکانی عەرەبە فەلەستینییەکان بێنن و لە شوێنی کورد لە پارێزگای کەرکوکدا نیشتەجێیان بکەن و . . نیازیان وابوو، کە کوردلە کەرکوک نەهێڵن و: " ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام بکەن ) . . بەعسییەکان زیاتر لە (٣٠٠) هەزار خێزانی کوردیان بەبێ ماڵ و حاڵ لە پارێزگای کەرکوکدا دەرکرد . . بۆ شارەکانی تری باشووری کوردستان، یا بە زۆر و بە شێوەیەکی زۆر نامرۆییانە رایانگۆاستنەوە بۆ بیابانەکانی خوارووی عێراق. . ئەمەو پشکی شێری ئەنفالی بەدناویش ( جینۆساید ) بەر پارێزگای کەرکوک کەوت . . تا ئێستاش نیوەی کەرکووکییە دەرکراوەکان، لەبەر نەبوونی خانوو و کاولکردنی دێیەکانیان و، نەبوونی خزمەتگوزاری نە گەڕاونەتەوە بۆ کەرکوکی زێدی هەزاران ساڵەی باوباپرانیان . . کەچی شۆڤێنییە عەرەبەکان و هەندێ لە کلکەکانیان، بۆختان و درۆی نابەجێیان بۆ کورد هەڵبەستیوە . . گوایە ئێمەی کورد لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوی کوردستانەوە، کوردێکی زۆرمان هێناون و، لە شاری کەرکوکدا نیشتەجێمان کردوون . . ئەم پڕوپاگەندانە پووچ و بێ بنەمانن و دوور لە راستییەوە . . تا ئێستا بوختانکەران نەیان توانیوە، بە تەنها بەڵگەیەکیش ئەم درۆ و بوختانانەیان بسەلمێنن. . مەبەستیان ناوزڕاندنی ئێمەی کورد و تومەتبار کردنمانە .

من لەسەر کەرکوک و درێژەدان بە بەعەرەبکردنی کەرکوک لە ساڵی (٢٠١٠) و ساڵی (٢٠١١) دا، چوار نووسینی ترم لە سایتە کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکردۆتەوە . . بە پێویسی نازانم هەمان زانیاری دووبارە بکەمەوە و، درێژە بەم نووسینەم بدەم .

سەرەک وەزیرانی ئەمڕۆی عێراق ( نوری مالیکی ) بووە بە میراتگر و بە جێگرەوەی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ سەدام حوسێن . . ئەو پرۆژە شۆڤێنییە گڵاوانەیکە بەعسییەکان فریای تەواکردنیان نەکەوتن . . مالیکی خۆی بە تەواکەرو جێبەجێکەریان دەزانێت و. . ئەمیش ـ تەمەن درێژ نەبێت ـ درێژە بە دیکتاتۆریەت دەدات و، درێژە بە بەعەربکردنی پارێزگای کەرکوک دەدات . . مالیکیش دەیەوێت ئاغا بێت و، کوردش سەپانی بن . . ئەمیش دەیەوێت دەسەڵات قورخ بکات و، تاکڕەوانە حوکمڕانی بکات . . ئەمیش سەدام ئاساییدەیەوێت ببێتە تەنیا سەرۆک ( القائد الأوحد) . . ئەمیش دەڵێ ( من عێراقم و عێراقیش منم ) . . بۆ مانەوەی لە سەرکورسی و لە دەسەڵاتدا، پەنا بۆ هەموو کارێکی نەشیاو دەبات . . لە کاتێکدا عێراقییەکان لە برساندا دەستیان خستۆتە سەر سکیان بە بێداری و نەبوونی ژیان بەسەر دەبەن . . ئەم بە ملیۆنان دیناری عێراقییەکانی خستۆتە خزمەتی پرۆپاگەندەیهەڵبژاردنەوە، بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەمین ببێتەوە بە سەرەک وەزیرانی عێراق . . چونکە هێشتان ماویتی کە زیاتر عێراق کاول بکات و عێراقییەکان برسیتر بکات . . گەندەڵی تا ناقڕگەیمالیکی هاتووە، خزمەتگوزاری و دابین کردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی عێراقییەکان ( ئاو، نان، کارەبا، تەندروستی، ئاوەدانی ) لە سایەی دەسەڵاتی مالیکیدا هیچن ( سفرن). . عێراق خوێنی لێ دەڕژێ و، سەقامگیری و ئارامی نییە و، ناتوانێت قەزایەی وەکو (فەلوجە ) و ( قەرەتپە) یا ناحیەیەکی وەک ناحیەی (سلیمان بەگ) لە تیرۆریستان بپارێزیت . . دەیەوێت ( شەڕی کورد و عەرەب ) بنێیتەوە، وەکو سەرۆک عەشیرەتێکی کۆنەپەرست داوای( خوێن بە خوێن ) دەکات . . ئەم عەقلیەتە دواکەوتووەی و، ئەم قسەیەیکە گوزارشتە لە رەگەزپەرستیی و لە ناخیبۆگەنی مالیکی، پەڵەیەکی زەق و قێزەوەنە بە نێوچەوانییەوە و هەرگیز لێی نابێتەوە.

مالیکی لەسەر داخوازی عەرەبە شۆڤێنەکان و، بۆ مەرامێکی سیاسی و هەڵبژاردن، دەیەوێت دەنگی عەرەبە هاوردەکانی شاری کەرکوک بەدەست بهێنێت و، درێژە بە بەعەرەبکردنی کەرکوک بدات و، دژایەتی کورد بکات، ئەو مەرامە گڵاوەشی بهێنێتەدی کە شەڕ و ئاژاوە لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا دروست بکات . . چونکە ئەو لە ئاوی لێڵدا مەلەدەکات و، ئارامی و سەقامگیری و تەبایی لە بەرژەوەندی خۆیدا نازانێت .

بە پێی ئەو لێدوانەی کە ئەندامی یاسایی ئەنجوومەنی کەرکوک ( کامەران کەرکوکی )بۆ ( کەرکوک ناو ) دەری بڕی . . نوری مالیکی داوایەکی فەرمی ئاراستەی ئیدارەی کەرکوک کردووە . . داوای کردووە، کە هەر خێزانک، مەبەستی نوری مالیکیش لەم داوایەیدا ( خیزانە عەرەبەهاوردووکان )ە، کە لە ساڵی( ١٩٦٣) وە تا ئەم ساڵ بۆ بە عەربکردنی کەرکوک هێنران، هەر خێزانێکی عەرەب، ماوەی ( ١٠)ساڵ لەکەرکوکدا مابێتەوە، بە خەڵکی پارێزگایکەرکوک دادەنرێ . . بە پێی ئەم داوایەی مالیکی زیاتر لە ( ١٥٠) هەزار خێزانی عەرەبی هاوردەدەبنە خەڵکی پارێزگای کەرکوک و ناوەکانیان لە پارزگاکانی خۆیانەوە دەگوازریتەوە بۆ تۆمارەکانی لە دایکبووانی کەرکوک . . ئەگەر هەر خێزانێکی عەرەبی هاوردە لە (٤) کەس پێکهاتبن، واتە (٦٠٠) هەزار عەرەبی هاواردە بە خەڵکی کەرکوک دادەنرێن . . نوری مالیکی ئەوەش باش دەزانێت کە ئەم داوایەی بە پێچەوانەی مادەی ( ١٤٠) وەیە و، پێشێلکردنی دەستوورە و، داوایەکی نایاسایی تاکڕەوانەیە و، هێڵی سوورە بۆ دا یشتوانی رەسەنی کەرکوک . . مالیکی مافیداواکردن و بڕیارێکی لەم شێوەی نییە، کە دیمۆگرافیای نەتەوەیی پارێزگایەک بگۆڕێت کە کێشەی لەسەرە . . مالیکی بڕواشی بە مادەی ( ١٤٠) و، بە دەستوریش نییەو، تا ئێستاش رێگرە لە جێبەجێکردنی ئەم مادە دەستوورییە . . ئەو کەی گوێی بە دەستور و بە یاسا و بە رێکەوتنامەی نیشتیمایش داوە . . مالیکی خۆی بە جەنتڵمان و سەرووی یاسا و دەستوورەوە دەزانێت .

ئەم داوایەی ماليکی درێژەدانە بە بەعەرەبکردنی کەرکوک و، موزایەدەیەکی سیاسییە و، بۆ مەرامی هەڵبژاردن و دەسکەوتی دەنگی عەرەبە هاوردەکانە لە لایەکەوە . . لە لایەکی کەشەوە دژایەتی کردنی گەلی کوردمانە .

کورد دوای جێبەجێکردنی قۆناغی سێیەمی مادەی ( ١٤٠) کە قۆناغی ( راپرسی ) یە و چارەنووسی کەرکوک یەکلایی دەکاتەوە . . ئەوسا کورد لاریئەوەی نییە، گەر عەرەبە هاوردەکان، نەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و، لە کەرکوکدا بمێنەوە . . بە پێی مادەی ( ١٤٠) لە ئیێستادا ئەو عەرەبە هاوردانە مافی ئەوەیان نییە کە لە پارێزگای کەرکوکدا دەنگ بدەن . . بەڵام وا (٩)ساڵ تێپەڕی، بەڵام تا ئێستا نیوەی قۆناغی یەکەمی مادەی (١٤٠) جێبەجێ نەکراوە، بەدڵنیاییەوە نە مالیکی و نە ئەوەی دوای مالیکیش جێبەجێی ناکات، هەموو کوردیکیش سوور ئەم راستییە دەزانێت . . چونکە نە سەرانی شیعە و نە سونە پێبەندی دەستوور نەبوونە و ناشبن . . تا ئێستاش دیموکراتی و ئازادی لە عێراقدا توێڵن و ناویان نییە . . هیچ لایەکی عێراقی لە دڵەوە بڕوایان بە هاوبەشیی نیشتمانی و هەر هەر لایەنێک دەیەوێت سەرچۆپی تەنها بۆ خۆی بێت. . سەرکردەکانی کوردمان باش ئەوە دەزانن کە تێکەوتوون و هەڵخەڵەتاون . . بە داخەوە سەرکردەکانی کوردمان تا ئەمڕۆش گەمەکەرێکی باشی سیاسی نین، تا ئەمڕۆش پەند و وانەیان لە هۆیەکانی شکستی و لە نەهامەتییەکانی رابردووی گەلەکەمان وەرنەگرتوون . . خۆشبڕوان و زوو دەخەڵەتێنرێن . . هەمان هەڵە و هەمان شکستی دووبارە و سێ بارە بوونەتەوە . . نا حەزانی گەلەکەشمان ئەم خاڵە لاوازەی سەرکردەکانی کوردیان قۆزتۆتەوە . . خاڵێکی تری لاوازیشمان، ململانێی بێ مانای نێوان حیزبە کوردییەکانمانە. . نەبوونی یەکڕیزی و یەک وتاری سیاسی و نەتەوەیی کوردیمانە . . تا ئەمڕۆش نەمانتوانیوە ناوماڵی کورد رێکبخەین و، ستراتیجییەتێکی نەتەوەیی تۆکمە دابرێژین . . ئەم ناڕێکی و هەڵانەشمان زیانێکی زۆری بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد گەیاندووە . . بە تایبەتیش ململانێی قەوزەکردووی نێوان هەردو پارتی دەسەڵاتدار لە شاری کەرکوکدا . . کە لە ئەنجامی نەسازان و ململانێ لەسەر کورسی و باڵادەستی زیانێکی زۆریان بە کێشەی کەرکوک و بە ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستان گەیاندووە . ترسی ئەوەمان کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا، ئەو ناکۆکییانە رەنگدانەوەیەکی خراپ و نێگەتیڤیان ببێت و شکستییەکی زیاتر بێنن . . چونکە خەڵکی کەرکوک لەم ململانێ و شەڕی ساردە بێزاربوونە . . چونکە بە پلەی یەکەم ئەمانن بوونەتە قوربانی و باجی ئەو ململانێیە دەدەنەوە . . سەرکردەکانیش تا ئێستا لێی بێدەنگن و نایەنە سەر هێڵ . . هەموو ئەم خاڵە نێگەتیڤانە بە زیانی کورد و . . بە سوودی نا حەزان و نەیارانی کورد ددشکێنەوە . . بۆیە تا کار لە کار نەترازاوە . . پێویستە پارتی و یەکێتی بە خۆیاندا بچنەوە . . ئەگەر راستدەکەن بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان، لە سەرووی پلە و پایە و دەسکەوت و بەرژەوەندیی حیزبەکانیانەوەیە . . با ناکۆکییەکانیان بە لاوە بنێن . . ئەگەر راستیشە هەموو کوردین و برای یەکترین . . بۆ شوورەییە گەر پێکەوە دابنیشن و خاڵە ناکۆکییەکانتان تاوتوێ بکەن و ڕێ بکەون . . بەڵام ئەگەر ئەم دانشتنانەتان هیچی لێ نەیەتە بەرهەم . . تەنها بریتی بێت لە لۆمە ا لە تاوانبارکردنی یەکتری، بڕوا و متمانە بە یەکتری نەکەن . . سووربوون لە سەر هەڵەکانتان و رێنەکەوتن . . بێگومان هیچ و سەرکەوتنێک لە دا یشتنەکانتان ناکەویتەوە و، لەوانەیە باردۆخەخراپتر بێت وناکۆکییەکانتان قووڵتر ببنەوە و، کۆنترۆڵ نەکرێن، کارەساتی نەخوازراویشیان لێ بکەونەوە . . هەمووشتان ئەم راستییانە باش دەزانن .

هیوادارم، وریابین و رێ نەدەین، کە هیچ درزێکبکەوێتە ریزی گەلەکەمانەوە . . با بەرژەوەندیەباڵاکانی کورد و کوردستانلە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانمانەوە بن . . با دروشمان برایەتی و سۆز و خۆشەویستی و تەبایی بێت. . با یەکێتی و یەکڕیزیمان بپارێزین . . با لە رووی ناحەزان و نەیارانی کورد و کوردستاندا یەکڕەنگو یەکدەنگ بین . . با دڵ گەورە و لێبووردە بین . . با دست بخەینە ناودەستبەڵین و پەیمان بدەین . . با بە وشەی لە گوڵ ناسکتر لەگەڵ یەکتریدا بدوێێن . . با . . با . . با ئەم بایانە، ببنە پێوەری دڵسۆزی و کوردستان پەروەریمان .

نەرویـج : ٦ / ٤/ ٢٠١٤