زۆر دانا و زانا و بیرمەند و نووسەر و هونەرمەند و وەرزشوان و ئاشتیخواز و تێکۆشەر و داهێنەری زیرەک و بلیمەت لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا هەڵکەوتن و،ناو و ناوبانگیان دەرکرد و ناسران و، بە ئەوپەڕي رێزەوە ناویان لە ( تۆماری کەڵەناودارانی جیهان ) دا تۆمارکران و لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی مرۆڤایەتیش لە باوەشی گرتن ..شایانی ئەوەن کە تا هەتایە بەنەمری بمێننەوە ..بوونە مایەی رێز و شانازیش بۆ گەل و وڵاتەکانیان .

ئێمە ئەمجارەیان باسی كەڵەناودارانی گەورەکانی ( بە تەمەن گەورە ) ی جیهان ناکەین ..بەڵکو بە کورتی باسی (زیرەکترین و بەهرەمەنترین نۆ منداڵان لە جیهاندا ) دەکەین، کە لە توانا بەدەرن و هەریەکەیان لە بوارێکدا هەڵکەوت و دەرکەوت ..نۆ منداڵی بلیمەتی لە رادەبەدەر ..بێ گومان ئەم منداڵە بلیمەتانە داهاتوویەکی مەزن دەبێت ..یەکێک لەو زیرەکترین منداڵانەش خونچەگوڵێکی کوردە کە ناوی( بەفـرین کەریـمی ) یە، لە وڵاتی نەرویج دا دەژین ..ئەو نۆ منداڵانەش ئەمانەن:

١ـ  ئەلیتا ئەندریا: بە بچوکترین کچە هونەرمەندی شێوەکاری جیهان دەزانرێت، ئەلیتا لە تەمەنی دوو ساڵیدا، چەند وێنەیەکی رەنگاوڕەنگی نایاب و جوانی کێشا ..تابلۆکانیان خستە پێشانگایەکی هونەریی بە ناوبانگاوە ..جێی سەرنج و سەرسوڕمانی بینەران بوون ..بۆیە ئەلیتا شایانی خۆیەتی کە وەکو منداڵێکی زیرەک بەدەرناوی لەم ( لیستی زیرەکترین منداڵان لە جیهان ) دا تۆمار بکرێت.

٢ـجادلین سمیس : کوڕی ئەکتەری سینەمایی بە ناوبانگ ( ویل سمیس )ە، ئەم کوڕە منداڵە لەگەڵ باوکیدا، لە فیلمی ( گەڕان بە دوای شادی) دا، بەشداری کرد و رۆڵی پاڵەوانێتی لەم فیلمەدا هەبوو، بە هۆی رۆڵی سەرکەوتووی ( جادلین) نەوە ..ئەم فیلمە زۆرترین داهاتی بە دەست هێنا ..هەروەها جادلین پاڵەوانی فیلمی( کوڕە کاراتێکە) ش بوو کە لەلایەن ئەکتەری بە ناوبانگ جییهانی ( جاکی شان ) نەوە راهێنرابوو ..جادلین بەشێوەیەکی زۆر سەرسوڕێنەر رۆڵەکەی ئەنجام دەدا.

٣ـ ئیلینا سمیس : بچووکترین پێشکەشکەری بەرنامەی تەلەفزیۆنی یە لە جیهاندا ..کە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، بە شێوەیەکی جوان و بە زمانێکی شیرین و،بە روویەکی گەشەوە، بەرنامەیەکی راستەوخۆی ( ئامۆژگاری و هۆشیارکردنەوە) ی هەفتانەی لە تەلەفزیۆندا پێشکەش دەکرد ..کە لە میانەی بەرنامەکەیەوە راستەوخۆ ئامۆژگاریی هەزاران بینەران و گوێگرەکانی دەکرد ..خەڵکییەکی زۆر هەفتانە چاوەڕیی پێشکەشکردنی ئەو بەرنامەیەیان دەکرد، کە ئیلیناپێشکەشی دەکرد.

٤ـ  ئەکرێت جایسواڵ : ئەکرێت جایۆ کە بە ( ئەکرێت جایسواڵ ) ناسراوە ..بە( زیرەکترین منداڵی جیهان ) ناودەبرێت ..ئەکرێت کوڕێکی هیندی یە، تێکڕای زیرەکی گەیشتە ( ١٤٦) پلە ..ئەکرێت لە تەمەنی (حەوت ساڵ )یدا، نەشتەرگەرییەکی گرنگ و گەورەی ئەنجامدا ..لە تەمەنی ( یانزە ساڵ ) یشدا، هێندەی نەمابوو کە چارەسەری شێرپەنجە بدۆزێتەوە .

٥ـ کیلۆپاترا ستران : بە بچووکترین ئەستێرەی هونەری گۆرانی لە جیهاندا ناسرا ..ئەم خونچە گوڵە لە تەمەنی ( سێ ساڵ ) یدا، یەکەمین ئەلبوومی گۆرانییەکانی خۆی تۆمار کرد و، لە گەلێ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکرایەوە ..کیلۆپاترا بچووکترین هونەرمەندەلە جیهاندا، کە زیاترین پارەی لە فرۆشتنی سیدیی گۆرانییەکانی دەسکەوت، ژمارەیەکی پێوەری جیهانی لە ناوبانگ و لە دەسکەوتدا بەدەست هێنا ..هەروەها کیلۆپاترای سترانبێژ، بچوکترین هونەرمەندە لە جیهاندا، کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەبێ وەستان و پشوودان ..لەسەر شانۆدا، بە ئامادەبوونی خەڵکییەکی یەکجار زۆر گۆرانی پێشکەش کرد ..بچوکترین گۆرانبێژیشە کە خەڵاتی ( ئێم تی ڤی ) یانپێ بەخشی، لە ریزبەندی هونەرمەندەکانی وڵاتەکەشیدا،بە یەکەمین هونەرمەند تۆمارکراوە.

٦ـ سیسیلیا کاسینی : خونچەگوڵ سیسیلیا، بچووکترین دیزاینسازی جلوبەرگی ژنانە لە جیهاندا، ئەم نەشمیلەیە لە تەمەنی ( یانزە ساڵ ) یدا، ناوی لە لیستی ( بە ناوبانگترین منداڵانی جیهان ) دا تۆمارکرا، لەم دواییەدا سیسیلیا کۆمەڵێک مۆدێل تازەی جلوبەرگی ژنانی لە نیویۆرک نمایش کران.

٧ ـ کاتیا ترۆشیڤا : کچۆلەیەکی ئێسک سووکی روسی یە، ئەمساڵ تەمەنی سیانزە ساڵە و، لە پۆلی حەوتەمی قوتابخانەی بنەڕەتیدایە ..کاتینا لە سەرەتای ئەمساڵدا ( ٢٠١٤) دا، نموونەی خێراترین کەشتی ئاسمانی دروست کرد و، ناوی لێناوە ( ئەستێرەی زەوی )، کە جێی سەرسوڕمانی زانایانی بواری ئاسمانین ..بۆچوونی زانایان تا ئەمڕۆ ئەوە ئەوەیە، کە خێراترین رۆکێت و کەشتی ئاسمانی دەتوانێت بە (٥٠) هەزار ساڵ ئینجا بگاتە یەکێک لە ئەستێرە نزیکەکان لە زەوییەوە ..بەڵام ئەم کەشتییە داهێنانەی کاتیا دەتوانێت بە ( ٤٢) ساڵ بگاتە ئەستێرەیەکی نزیکی زەوی ..کاتیا ترۆشیڤا لە بارەی کەشتییەکەی خۆیەوە دەڵێ : " کەشتییەکەم خێراییەکی زۆر لە رادەبەدەری هەیە ..لە هەموو ئەو رۆکێت و کەشتییە ئاسمانییانەی تا ئێستا دروست کراون چەندین جار خیراتر و تیژترە.

٨ ـ بەفرین کەریمی : خونچەگوڵ ( بەفرین شادۆست کەریمی )، لە رۆژی ( ٢٦ / ٦ / ١٩٩٨) ز، لە شاری کەلار لە باشووری کوردستاندا، لە خێزانێکی کورد و کوردستان پەروەر لە دایک بووە .دایک و باوکی خەڵکی ناوچەی کرماشانن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا ئەم خێزانە کوردەمان لە شاری ( ئۆسڵۆ ) ی پایتەختی نەرویج پەنابەرن ..تەمەنی بەفرین چوار ساڵان بوو هاتنە نەرویج .بەفرین بە ماوەیەکی زۆر کورت لە باخچەی ساوایاندا،بە قسەکردن و بە خوێندنەوە و نووسین پێرفێکت فێری زمانی نەرویجی بوو ..بەفرین لە تەمەنی ( هەشت ساڵ) یدا چەند شانۆگەرییەکی بە زمانی نەرویجی نووسی و، لەسەر شانۆی قوتابخانەکەیاندا نمایش کران ..هەر لەم تەمەنەوە، تا ئەمڕۆ لە زۆربەی ئاهەنگ و بۆنە کوردییەکان و جەژنی نەورۆز و لە یادی هەڵەبجە و ئەنفالدا ..لە شاری ئۆسڵۆدا، بە زمانی نەرویجی وتە و پەخشانی پێشکەش کردووە و، سەرنجی هەمووانی راکێشاوە ..بەفرین کورد و کوردستان پەروەرەیی ناسراوە، شانازیش بۆ باوک و دایکی دڵسۆزیان دەگەڕێتەوە، کە بە کوردایەتی و خۆشەویستی بۆ کوردستان گۆشیان کردووە ..بەفرین کەریمی لە لە تەمەنی ( دە ساڵ)یدا بە زمانی نەرویجی رۆمانێکی نووسی و،لە ساڵی ( ٢٠١٠) دا چاپیکرد، رۆمانەکەشی لەژێر ناوی ( ماریا و زڕدایکەکەی ) دایە، کە باس لە کێشەیەکی ئەمڕۆی ئەوروپی، بەڵکو کێشەیەکی جیهانیشە، کە دایک و باوک لە یەک جیادەبنەوە، منداڵەکانیان دەبنە قوربانی و باجی ناکۆکیی نێوان دایک و باوکیان دەدەنەوە، سەرگەردان و بێ دەرتان دەبن و، سۆزی دایک و باوکیشیان کاڵ دەبنەوە، لەوانەشە بکەونە ژێر دەستی زڕدایکەوە، دەبيت چارەنووسی و دواڕۆژی ئەم منداڵانە بەچی بگەن ..بە چ لایەکدا بکەون ..؟ بەفرین رۆمانەکەی بە زمانێکی پاراو و پەتی و ناسکی نەرویجی و، بە شێوە و فۆرمێکی ئەدەبی زۆر رێک و جوان داڕشتووە ..بۆتە مایەی سەرنج ڕاکێشان و سەرسوڕمانی خوێنەرانی نەرویجی ..کە منداڵێکی کورد لە تەمەنی دە ساڵاندا رۆمانێکی وا جوان و، بە زمانی نەرویجی بنووسێت ..لە لایەن گەلێ کەس و لایەنی نەرویجی و کوردی ی ناسراوەوە، ئافەرینێکی زۆر و دەستخۆشیان لێ کرد ..بەفرین لە تەمەنی ( یانزە ساڵ) یدا، رۆمانی دووەمیشی لە ژێر ناوی ( خەونێکە و دێتە دی ) هەر بە زمانی نەرویجی نووسیوە ..نیاز وابوو لە ساڵی ( ٢٠١١) دا، چاپ بکرێت ..بەڵام لەبەر کێشەی ئابووری چاپ نەکراوە .

بەفرین کەریمی ئەندامی ( کۆمەڵەی منداڵانی کورد ـ لە نەرویج) ، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( کوردیلەکان ) نیشە ، کە بە زمانی نەرویجی نووسینەکانی خۆی لەم گۆڤارەدا بڵاودەکاتەوە ..تا ئێستاش چەند چیرۆکێکی بە نەرویجی نووسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە .

بەفرین ئێستا لە ( پۆلی دە ) دایە، نمرەکانی لە هەموو وانەکاندا لە لە شەشدا شەشن، واتا سەد لە سەدان، ساڵی داهاتووش دەچێتە، قۆناغی ئامادەییەوە ..من پێشبینی ئەوە لە نەشمیلەی رووخۆش و بلیمەت ( بەفرین کەریمی ) دەکەم، کە دواڕۆژێکی مەزن و، پلە و پایەیەکی گەوەرەی دەبێت و، دەبێتە مایەی رێز و شانازی بۆ کورد و کوردستان .

٩ـ نەوا رێنجەر : هۆی تۆمارکردنی ناوی نەوا رێنجەر لە ( تۆماری زیرەکترین منداڵانی جیهان ) دا هەر ئەوە نییە کە لە تەمەنی هەشت ساڵاندا وەکو ئەکتەرێکی بە توانای سینەمای رۆڵی سەرەکی لە فیلمی ( لاست ئایەربێندەر ) دا هەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەو تەمەندا خەڵاتی ( پشتێنی رەشی ) ی لە هونەری کاراتێدا وەرگرت .

 ( پیاژە ) لە بارە زیرەکی منداڵانەوە دەڵێ : " منداڵفەیلەسووفێکە، لە رێی تاقیکردنەوەوە جیهانی دەوروبەری دەناسێت "