له‌ ساڵی 2007 له‌ باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ فینلاندا به‌ ناونیشانی نوسه‌ر دامه‌زرام.له‌ یه‌که‌م رۆژی ده‌ست به‌کاربونم ئامانجم خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌م بوو، هه‌ر بۆیه‌ بۆ کار، به‌شی قونسلیه‌م هه‌ڵبژارد.به‌ شایه‌دی ره‌وه‌ندی کوردی و پارت و کۆمه‌ڵه‌ کوردیه‌کان له‌ فینلاندا هه‌میشه‌ له‌ گفتوگۆدابووم له‌ گه‌ڵیاندا له‌ پێناو به‌ره‌وپێشبردنی ره‌وشی خزمه‌تکردن به‌ ره‌وه‌ندی کوردی.له‌ ماوه‌ی کاری حه‌وت ساڵم، سه‌ربه‌خۆ هه‌رچی فۆرمی کاروباری هاولاتیان بوو وه‌رم گێران بۆ زمانی کوردی و له‌ بۆنه‌ و یاده‌کاندا هاوشانی زمانی عه‌ره‌بی به‌ زمانی کوردی ووتاری باڵیۆز ده‌خوێندرایه‌وه‌، که‌ ته‌حه‌دا ده‌که‌م له‌ هیچ باڵیۆزێکی عێراقی به‌وانه‌شه‌وه‌ که‌ باڵیۆزه‌کانی کوردن ئه‌م کاره‌یان کردبێت.چه‌ند جارێکیش له‌ ناوه‌نده‌کانی راگه‌یاندنه‌وه‌ نامه‌ی کراوه‌م بۆ هۆشیارزێباری ناردووه‌ که‌ وه‌کو وه‌زیرێکی به‌ره‌گه‌ز کورد به‌ پێی ده‌ستور خه‌مێک له‌ ره‌وه‌ندی کوردان له‌ ده‌ره‌وه‌ بخواو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ زۆر به‌ روونی داواکاریه‌کانی هاولاتیانی کوردم بۆ خستوه‌ته‌ روو.هه‌ر له‌ پێگه‌ی خۆم وه‌کو نوسه‌رێکی باڵیۆزخانه‌ که‌سایه‌تی فینله‌ندی و نوسه‌ری شه‌ش په‌رتوک له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد، و شاندێکی باڵای رۆشنبیرانی فینلاندی به‌ هاوکاری و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هێنایه‌وه‌ بۆ کوردستان و چه‌ندان کاری تر که‌ نه‌ به‌یاسا و نه‌ به‌هیچ نرخێک ده‌کرێ له‌ به‌شی قونسولیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ره‌وه‌ندی کوردی به‌ ئه‌نجامم گه‌یاندوون.چه‌ند مانگێک پێش ئێستا به‌ هاتنی باڵیۆزێکی نوێی ره‌گه‌ز په‌رست و تائفی ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ره‌گه‌ز کوردم له‌ پیلانێکدا به‌ بێ هۆ و پاساو ناونیشانی له‌ نوسه‌ره‌وه‌ گۆریم بۆ پاسه‌وان و که‌مکردنه‌وه‌ی له‌ سه‌دا سی موچه‌که‌م که‌ ئه‌مه‌ش له‌ هیچ یاسایه‌کی دونیادا نییه‌ و ناکرێ، له‌ کاتێکدا دووجار علاوه‌ی ساڵانه‌ و نوسراوی سوپاس و نرخاندم له‌به‌ر لێهاتویم پێ به‌خشراوه‌.

ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له‌ نامه‌یه‌کی کراوه‌دا بۆ کاک هۆشیار ئاماژه‌م به‌وه‌ دابو هیچ به‌لای منه‌وه‌ گرینگ و سه‌یر نییه‌ عه‌ره‌ب خه‌درمان لێبکات چونکه‌ ئه‌وانه‌ مێژوویه‌که‌ ئه‌نفال و کیمیاباران و ئاواره‌ی خاکی خۆمانیان کردووین وه‌ڵێ سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ ناو وه‌زاره‌ته‌که‌ی تۆدا به‌ رۆژی رووناک خه‌در له‌ کوره‌ شه‌هیدێکی هاوسه‌نگه‌رت بکرێت و بێ ده‌نگ بیت!

له‌ دوای ئه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی به‌رێز به‌ نوسراوی ژماره(534) له‌ رۆژی21/5/2014 و دواتر ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی له‌ که‌رکوک به‌ نوسراوی ژماره‌(1159) به‌رواری 8/4/2014 و لقی سێی به‌رێز به‌ نوسراوی ژماره‌(1307) به‌رواری 23/3/2014 ئاگاداریان کردیه‌وه‌ و داوایان لێ کردووی کێشه‌که‌م چاره‌سه‌ر بکرێت و ئه‌م زوڵمه‌ جێگای قبول نییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ گوێت له‌ سه‌روی خۆت گرت که‌ مه‌کته‌بی سیاسی پارته‌که‌ته‌ و نه‌ وه‌کو وه‌زیرێکی دادپه‌روه‌ر و نه‌ وه‌کو کوردێکی شۆرشگێری جارانیت هه‌ڵوێستت هه‌بوو، نازانم که‌سێک له‌ سه‌ر حسابی کورد و خوێنی شه‌هیدان له‌و پۆسته‌دا بێت و ئاماده‌ نه‌بێت کێشه‌ی کوره‌ شه‌هیدێکی رێگای کوردایه‌تی و هاڤاڵێکی پارته‌که‌ی، که‌ له‌لایه‌ن عه‌ره‌بێکی ره‌گه‌زپه‌رسته‌وه‌ زوڵمی لێکرابێت چاره‌سه‌ر بکات، ئایا ئیدی مه‌گه‌ر کاری کوردێکی وه‌زیر له‌ به‌غدادی عه‌ره‌بی چی بێت؟!

ئه‌مه‌ مشتێکه‌ له‌ خه‌وارێک، داخۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆت و مانه‌وه‌ت له‌و پۆسته‌، له‌ چه‌نده‌ها پیلانگێری دژ به‌م میلله‌ته‌ داماوه بێ هه‌ڵوێست بویته‌؟ ئاخر تۆیه‌ک نه‌ک کورد له‌ نوسینگه‌که‌ت نیه‌ به‌ڵکو پره‌ له‌ کۆنه‌ به‌عسی و سه‌دامی واناکات گومانه‌کانی من راست بن؟

7/7/2014هلسنکی