هه‌روه‌ک زانراوه له‌جیهاندا چه‌ند شتێک هه‌یه ‌ناو ئه‌برێت به‌ حه‌وت سه‌رسوڕ هێنه‌ره‌که(ألعجائب السبعة) خۆ ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ووتاره حه‌فتانه‌که‌ی 30-7- 2014 ‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی ماوه به‌سه‌رچوی عێراق، نوری مالیکی، به‌شێوه‌ی ئه‌کادیمیانه بکۆڵدرێته‌وه،که ئاماژه‌ی به‌‌چه‌ند خاڵێک کردوه،جێگه‌ی خۆیه‌تی ناو ببرێت به‌حه‌و‌ت خاڵه سه‌‌یر وسه‌مـه‌ره‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی ماوه به‌سه‌رچوی عێراق، نوری مالیکی،که له‌ئاستی که‌سایه‌تیه‌کی ویستراو و لێهاتو و سه‌رکه‌وتو له ‌ووڵاتدا، خۆی ئه‌بینێته‌وه‌و،ئامۆژگاری و داواکاری بۆ گه‌لی عێراق ڕا ئه‌گه‌یه‌نێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بکات و هه‌ست به‌و بارودۆخه‌ ئاڵۆزه بکات،که ته‌نهاخۆی هۆکاریسه‌ره‌کی هاتنه‌ ئاراوه‌یه‌تی و خۆی لێ گێل ئه‌کات، وه‌ک:

1/ پێشه‌کی باس له‌بنبڕ کردنی تیرۆر ئه‌کات و ئه‌ڵێت: پێشتریش بڕیارمانداوه کۆتایی به تیرۆر بهێنین!.

2/ ئاماژه‌ی به‌مه‌ترسی داعش کردووه‌و ئه‌ڵێت: ڕویان کردبێته هه‌ر کویی،ژیانی ئه‌و ووڵاته‌ێان تێکداوه!.

3/ داوا له‌هێزه سیاسیه‌کان ئه‌کات،یه‌ک ده‌نگبن به‌رانبه‌ر به تیرۆر!.

4/ ئه‌ڵێت: ئیستا وێنه‌که ڕونه‌و درۆی به‌ناو شۆڕش ئاشکرا بوه،ده‌بێت هه‌مو به‌یه‌که‌وه پێش له تیرۆریستان بگرین،بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش،چاره‌سه‌ری سیاسی گرینگتره له‌چاره‌سه‌ری سه‌ربازی!.

5/ ئه‌ڵێت: جه‌ژنانه‌ی تیرۆریستان بۆخه‌ڵکی عێراق.کوشتنی خه‌لک و وێنه‌گرتنی کوشتنه‌که‌یان بووه،‌ئه‌وه‌ش دڕه‌نده‌یی ئه‌وان نیشان ئه‌دات!.

6/ سوپاسی عێراقیه‌کان ئه‌کا،بۆ پێشکه‌ش کردنی یارمه‌تی بۆیان و ئه‌ڵێ:خه‌ڵکێکی زۆر ئاواره بونه به‌هۆی کرده‌وه‌کانی داعش،به‌تایبه‌تی مه‌سیحیه‌کان له موسڵ ئاواره بونه،سوپاسی ئه‌وخه‌ڵکانه ئه‌کات که‌هاوکاری ئاواره‌کانی کردووه!.

7/ داوا له‌هاووڵاتیانی عێراق ئه‌کات په‌یوه‌ندی به‌ناوه‌نده‌کانی خۆبه‌خشی بکه‌ن،بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ک وه‌ربگرن و مه‌شق و ڕاهێنان ببینن،بۆ وه‌ستانه‌وه به‌ڕوی گروپه تیرۆریسته‌کاندا!.

لێره‌دا نامه‌وێت زۆر بچمه ناوشرۆڤه کردنه‌وه،چونکه شتێکی گرینگ و تازه‌ی تێدا به‌دی ناکرێ که‌شایسته‌ی شرۆڤه له‌سه‌ر کردن بێت،بۆیه زۆر به‌کورتی به‌رانبه‌ر هه‌رخاڵه‌و پرسیار و تێبینیه‌ک ده‌رئه‌بڕم:

خاڵی یه‌ك: وادیاره هه‌ست به گۆڕانکاری بارودۆخه سیاسیه‌که ناکات، وه‌کو ئه‌وه‌ی نه‌بای دیبێ و نه‌باران، له‌کاتی ده‌سه‌ڵاتداری ته‌واویدا نه‌یتوانی تیرۆر بنبڕ بکات،که‌چی ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌‌ی کاربه‌‌ڕێوه‌به‌ری ماوه به‌ڵێنی بنبڕ کردنی تیرۆر ئه‌کات، جا هیوادارین مه‌به‌ستی له‌خۆی ‌بێت!.

خاڵی دوو: وادیاره هه‌ست به‌کردار و ڕه‌فتاره قێزه‌وه‌نه‌کانی خۆی ناکات،که به‌ر له‌داعش پێێ هه‌ڵساوه!.

خاڵی سێ: گه‌مژه‌یی له‌ئاستێکدایه،وادیاره تاکو ئێستاش هه‌ست به‌وه ناکا،هیچ لایه‌نێکی سیاسی سه‌نگی ئه‌وی لانه‌ماوه‌و، به‌که‌سێکی دۆڕاو و شکست خوواردوی سه‌یر ئه‌که‌ن،بانگه‌وازیان ئاراسته ئه‌کات!.

خاڵی چوار: وادیاره مالیکی له‌سه‌ره‌تادا خۆی وایزانیوه شۆڕشه،تازه بۆی ده‌رکه‌وتووه درۆیه،به‌ڵام له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که ئه‌ڵێت: چاره‌سه‌ری سیاسی گرنگتره له‌چاره‌سه‌ری سه‌ربازی،وادیاره کوشتنی هاووڵاتی عێراقی به‌لاوه پیرۆزتره له کوشتنی بێگانه‌کانی ووڵاتانی تری،که‌ڕویان کردۆته عێراق و به‌ناوی داعشه‌وه ڕۆڵه‌ی عێراقی ئه‌کوژن،به‌ڵگه‌ش هه‌ڵوێسته دڕندانه‌که‌یه‌تی به‌رانبه‌ر فه‌لوجه‌و ئه‌نبار،که هه‌موو جۆرێک چه‌کی به‌رانبه‌ریان به‌کار هێناوه‌و به‌رده‌وامیشه‌و،بیریش له‌چاره‌سه‌ری سیاسی ناکاته‌وه!.

خاڵی پێنج: کوشتن و بڕێنه دڕه‌نده‌ییه‌‌کانی خۆیانی به‌نهێنی، له‌زیندانه‌کاندا به‌لاوه ڕه‌وایه،به‌ڵام چونکه داعش بوێرانه کاره دڕاندایه‌تیه‌کانیان ناشارنه‌وه ناڕه‌وایه!.

خاڵی شه‌ش: چونکه شه‌رمی لانه‌ماوه،باس له‌یارمه‌تیدانی عێراقیه‌کان ئه‌کات،بۆ هاوکاری‌ کردن و یارمه‌تی دانی ئاواره‌کان و باس له‌مه‌سیحیه‌کانی موسڵ ئه‌کا.به‌ڵام هێنده‌ش له‌ناخدا پیسه به‌رانبه‌ر به‌گه‌لی کورد، دڵی ڕێگه‌ی پێنادا ناوی بێنێت،ووشه‌ی عێراقیه‌کان به‌کار ئه‌هنێت،بۆیه جێگه‌ی خۆیه‌تی لێی بپرسین،ئایه کام عێراقی، ئه‌و‌ نوری مالیکیه‌ی به‌ملیار دۆلاری قوتی خه‌ڵکی ئێراقی دزیوه‌،چه‌ند ملیۆنێکی بۆئاواره‌کانی عێراق ناردووه،که‌ هه‌رێمی کوردستان له‌باوشی گرتون و له‌ڕوی نایه‌ت ناوی بهێنێت!.

خاڵی حه‌و‌ت:داوا له‌خه‌ڵکی عێراق ئه‌کات ڕوو له‌ناوه‌نده‌کانی خۆبه‌خشی بکه‌ن،بۆ ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی داعش، به‌‌ڵام ئایه جیاوازی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌‌که‌ی نوری مالیکی و داعشدا چیه،له‌بواری کوشتن و بڕین و تاوانکاری و تاڵان کردن و وێران کردنی ووڵاتدا،خۆ ئه‌‌گه‌ر داعش ماوه‌ی دوو مانگێکه سه‌ری هه‌ڵداوه،مالیکی ئه‌وه زیاتر له‌جووار ساڵه،به‌هه‌موو شێوازیک دژایه‌تی کورد و سوننه‌ی عه‌ره‌بیشی ده‌ست پێ کوردووه،ئایه ئه‌و کرداره دوژمنکاریانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی نوری مالیکی، به‌‌شارۆچکه‌ی فه‌لوجه‌و پارێزگای‌ رومادی کردووه، داعش له‌وه زیاتری به‌خه‌ڵکی تکریت و موسڵ کردووه،له‌کاتێکدا داعش ده‌سه‌ڵاتێکی نامۆیه‌؟!.

دیاره بیستراوه له‌پێشینان،مرۆڤ له‌دوکاتی جیاوازدا دوچاری ووڕێنه کردن ئه‌بێ،یه‌که‌م کاتی سه‌ره‌مه‌رگ دوهه‌میش کاتی سه‌رلێشێواوی،وادیاره هه‌ردوو ڕوداوه‌که‌ش، له سه‌رۆک وه‌زیرانی ماوه به‌سه‌رچوی عێراق، نوری مالیکیدا هاتۆته‌دی، سه‌ره‌مه‌رگی ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکی ماوه‌و، سه‌رلێشێواو‌یشی له ڕاگه‌یاندنه‌کانی وبانگه‌وازه‌کانیدا به‌دی ئه‌کرێت زۆر به‌ڕونی،چونکه به‌هیچ جۆرێ له ووتاری که‌سایه‌تیه‌کی سیاسه‌تمه‌داری ووڵاتێکی، وه‌ک ئێستای ده‌وڵه‌تی ئێراق ناچێت، بۆیه ئه‌گونجێت،ئه‌گه‌ر پرسییان هه‌‌فته نامه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی ماوه به‌سه‌رچوی عێراق، نوری مالیکی، نه‌خۆشه‌که‌ی کورسی چی بو، بڵێن حه‌ت خاڵی سه‌رسوڕ هێنه‌ری عێراقی لاواز و بێسه‌ر و بن بو!!!.

31- 7- 2014.