دووای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه به‌چه‌ند ڕۆژێ، قه‌یرانی سوته‌مه‌نی، به‌تایبه‌ت به‌نزین له‌هه‌ولێر هاته کایه‌وه‌، به‌ئاشکرا ڕیزگرتنی سه‌یاره به‌جۆرێکی نه‌ویستراو ئه‌بینران. ئه‌وه‌ش به‌به‌راوردکرن له‌گه‌ڵ ئه‌وڕوداوه له‌ناکاوه‌ی هاته کایه‌وه، که‌نه‌ک ته‌نها موسڵ به‌ڵکو پارێزگای تکریت و به‌شێکی پاڕیزگای دیاله‌شی گرته‌وه، ئه‌وه‌ش بووه هۆکاری ئاواره‌بونی خه‌ڵکێکی زۆر به‌ره‌ره‌و هه‌رێمی کوردستان!.

مه‌به‌ستی من لێره‌دا شرۆڤه کردنه له‌سه‌ر دوو خاڵ، یه‌که‌میان ده‌رباره‌ی ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی به‌ڕیز، پارێزگاری هه‌ولێر کاک نه‌وزاد هادیه‌. دو‌هه‌میش ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی شه‌قامی کوردیه له‌به‌رانبه‌ر قه‌یرانه‌که‌دا!.

بۆ هێور کردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌و بارودۆخه‌، پارێزگاری هه‌ولێر به‌ڕیز، کاکه نه‌وزاد هادی هاته سه‌رخه‌ت و زۆر به‌ڕاشکاوانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، هیچ قه‌ێرانێکی به‌نزین لای ئێمه ڕووی نه‌داوه‌و ڕوو نادات، چونکه پاڵاوگه‌ی خۆمان هه‌یه‌و له‌که‌ورگۆسکه، به‌رهه‌مه‌که‌شی نه‌که‌می کوردووه‌و نه‌که‌میش ئه‌کات، پاڵاوگه‌ی بێجی پێوه‌ندی به‌ئیمه‌وه نیه‌و کاری گه‌ری له‌سه‌رهه‌رێم نابێت!. ‌‌

له‌هه‌مان کاتدا به‌ڕیزیان ئاماژه‌ی به‌هاتنی نیو ملیۆن ئاواره‌ کرد که‌له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی کوردستان ڕویان له‌هه‌ولێر کردووه‌و، ٩٠% یان سه‌یاره‌یان هه‌یه‌و، له‌هه‌مان کاتدا به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له‌موسڵ، ده‌ست کراوه به‌قاچاخچیه‌تی بردنی به‌نزین بۆ ئه‌وی، له‌لایه‌ن نه‌فس نزمه‌کانه‌وه!.

جا به‌بۆچونی ئێمه، ئه‌بوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌ڕیز پارێزگاری هه‌ولیر، زۆر به‌ڕاشکاوانه بچوایه‌ته ژیر باری نائاسایی بابه‌ته‌که‌وه‌و، ڕای گه‌یاندایه که‌ کاره‌ساتێکی ناکاوه‌و ڕویداوه، ڕاسته گۆڕانکاری له‌لای ئێمه ڕوی نه‌داوه‌و، به‌ر‌هه‌می پاڵاوگه‌ی به‌نزینی خۆمان به‌هه‌مان شێوه‌ی ڕۆژانی ڕابردو له‌ ئارادایه، به‌ڵام هاتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌ به‌سه‌یاره‌وه‌و، سه‌رهه‌ڵدانی بازرگانی کردنی به‌نزین به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربه‌ڵاو. ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن خاوه‌ن تاکسی و سه‌یاره‌ی تایبه‌تیشه‌وه، بێجگه له‌کاریگه‌ری بواری جوڵه‌ی سه‌یاره‌ی سه‌ربازی، که‌ به‌پله‌ی یه‌که‌م ئه‌بێت ئه‌وان له‌به‌رچاوبگیرێن، بۆته هۆکارێکی سروشتی دروست بونی ئه‌و قه‌یرانه، ئه‌بێت جه‌ماوه‌ر دان به‌خۆیدا بگرێت، وه‌ک پێشمه‌رگه‌ دلێره‌کان چۆن دان به‌خۆیاندا ئه‌گرن له‌ناو ئه‌وخاک و خۆڵه گه‌رم و گوڕه‌دا، بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی هێرشه‌کانی دوژمن، که به‌رۆکی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ما‌نی گرتووه، نه‌ک به‌ڵێندانی کاری گه‌ری نه‌کردنی!.

خاڵی دوهه‌م: ئه‌وه‌ی سرنجی ڕاکێشام و زۆر نیگه‌رانی کردم ئه‌م ووتاره بنوسم، بینینی که‌سێکی نه‌زان بوو، له‌کاتی گرد بونه‌وه‌ی چه‌ند خاوه‌ن سه‌یاره‌یه‌ک، بۆ ناڕ‌‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌سه‌ر نه‌بونی به‌نزین، پلاستیکێکی یه‌ک لیتری به‌ده‌سته‌وه بو، زۆر به‌توڕه‌ییه‌وه هاواری ئه‌کرد، ته‌نها پڕ ئه‌مه‌م بده‌نیێ تا خۆمی پێ بسوتێنم!.

بێگومان به‌ڕای من له‌وکاته‌دا جێگه‌ی خۆی بوو، یه‌ک ته‌نه‌که به‌نزینی به‌سه‌ردا بکرێت و ئاگری تێبه‌ربدرێ! که‌سێ له‌ته‌مه‌نێکی وه‌ک ئه‌ودا، که ‌له‌ده‌وری په‌نجا ساڵیدا ئه‌بو، هه‌ست به‌وبارودۆخه مه‌ترسیداره‌ی هاتۆته ئاراوه‌و به‌رۆکی گه‌ل و ووڵاته‌که‌ی گرتووه‌و، هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و له‌ناوچونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی لێ ئه‌کات، که به‌خوێنی سه‌تان هه‌زار مرۆڤی کورد به‌ده‌ست هێنراوه‌و، هه‌ست به‌ماندوبون و خۆڕاگری هه‌زان ڕۆڵه‌ی دڵێر و به‌ئه‌‌مه‌ک نه‌کات، که‌به‌درێژایی ڕۆژ و شه‌و، له‌ناو ئه‌وخاک و خۆڵه گه‌رمه‌دا، به‌بێ نازی دانی به‌خۆیدا گرتوه له‌پێناو پاراستنی مال و سه‌ر و سامانی ئه‌ودا، ئه‌گه‌ر کوردێکی خۆ فرۆش نه‌بێت، ئیتر نازانین چۆن له‌ڕوی دێت بۆچه‌ند ڕۆژێک بێ به‌نزینی، که‌ناتوانێ به‌سه‌یاره‌ بسوڕێته‌وه‌و سه‌ردانی بازاڕ و گه‌شت و گوزار بکات، ئه‌و هه‌ڵوێسته نه‌شیاوه له‌به‌رانبه‌ر زۆمی کامیره‌دا نیشان بدات!.

به‌ڕاستی له‌م کات و ساته مه‌ترسیدارانه‌ی، که‌به‌رۆکی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌مانی گرتووه، هه‌ڵوێستی به‌شێک له‌جه‌ماوه‌ر، به‌ده‌ربڕینی بۆڵه بۆڵ و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین. به‌تایبه‌تیش چینی شوفێران و خاوه‌ن سه‌یاره‌کان ده‌رباره‌ی که‌می به‌نزین، زه‌نگێکی مه‌ترسیداره، له‌کاتێکا بار و دۆخی ناله‌باری عێراق به‌گشتی، له‌به‌ر چاوه‌و که هه‌ریمی کوردستانیش تاکو ئێستا به‌شێکی دا نه‌بڕاوه له‌بوواری یاساییه‌وه، به‌و بارودۆخه ئارامه‌‌ی ڕازی نه‌بێت و ته‌نها هه‌ست به ‌به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی بکاو، ئاره‌زووه‌ کانی خۆی له‌به‌ر چاو بگرێت!.

خۆ ئاشکرایه هه‌‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ نیه‌‌و، ژێرخانی ئابوری وه‌ک پێویست له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی به‌هێز و دروست دانه‌ڕێژراوه‌و‌، دوچاری دو قه‌یرانی مه‌ترسیداریش بۆته‌وه، وه‌ک قه‌یرانی دارای و سه‌ربازی شه‌ڕانگێزی، بۆ داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستان، ئیتر ئه‌گه‌ر هه‌رتاکێکیکوردستانی به‌گشتی و کوردیش به‌تایبه‌تی، خۆی به‌ به‌رپرسیار نه‌زانێت و ئاماده‌ی گیان به‌خت کردن و ئازار کێشان نه‌بێت، وه‌کو پێشمه‌رگه‌یه‌ک، چۆن ئه‌ی سه‌لمێنێت دڵسۆزێکی نێشتمان په‌روه‌ره!.

له‌هه‌مان ئه‌وڕۆژه‌‌دا وه‌ک بینیمان، که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی ڕوداو، چاو پێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ لاوێکی پێشمه‌رگه‌دا ئه‌نجامدا، که‌ماوه‌ی ته‌نها دوو هه‌فته‌بو، ژیانی هاسه‌رگیری ئه‌نجام دابو، که‌چی له‌سه‌نگه‌ری به‌رگری کردندا بوو له‌به‌ره‌کانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دوژمنان، ئیتر ئه‌مه کار نه‌کاته سه‌رهه‌ستی مرۆڤێکی کورد، هه‌ستیاری ئه‌و بارودۆخه له‌به‌ر چاو نه‌گرێت، به‌ڕاستی جێگه‌ی ڕیز لێنان نیه‌و، ئه‌بێت شه‌رمه‌زار بکڕێ، بۆیه هیوادارین ئه‌و هه‌ڵوێستانه به‌هه‌ڵه له‌به‌ر چاو بگرن، وه‌ک پێشینان فه‌رمویانه: مه‌لاش هه‌ڵه ئه‌کات!!!.

 23-6-2014.