به‌پێێ هه‌واڵێک،که‌ تۆڕی مێدیایی ڕوداو نێت به‌ڵاوی کردوه له‌به‌رواری/24-5-2014 دا،کونسوڵخانه‌ی ئێران له‌سلێمانی،بابه‌تێکی له‌ماڵپه‌ڕی خۆیدا به‌ڵاو کردۆته‌وه به‌ناونیشانی(تێڕوانینێک بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق.تێدا هاتووه: به‌ئاوڕدانه‌وه له‌مێژوی دابه‌شکردنی کوردستان، کوردله‌وڵاتی تورکیاو عێراق و سوریا،که‌مینه‌یه‌کی نه‌ژادیه‌وله‌ئێرانیش له‌ماڵه ‌گه‌وره‌که‌ی دایکیاندا ئه‌ژین وه‌له‌ ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌یاندا هاتووه،کونسوڵخانه‌ی ئێران له‌سلێمانی، کۆماری کوردستانی به‌حکومه‌تێکی چه‌ند ڕۆژه‌ی کۆمۆنیستی مه‌هاباد نێو بردوه‌و نوسیویه‌،هه‌ندێ لایه‌ن،که‌ به‌بۆچونی ئێران،کوردی توندڕه‌ون، ده‌یانه‌وێ به‌پشت به‌ستن به‌حکومه‌تی کۆماری کوردستان،بۆخۆیان نه‌ته‌وه کولتور،زمان و مێژوو دامه‌زرێنن.هه‌روه‌هاباسیان له‌وه‌‌ش کردوه،کوردی زمان نیه‌و زاراوه‌یه‌‌کی زمانه‌کانی ئێرانیه‌و،له‌تێکه‌ڵه‌یه‌کی عه‌ره‌بی تورکی و فارسی پێک هاتووه!.

لێره‌دا نامانه‌وێ زیاتر له‌سه‌ر ناوه‌رٶکی ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه پوچه‌ڵه بڕۆین، ئه‌وه‌نده‌‌ به‌سه بۆ ڕیسوا کردن و شه‌رمه‌زارکردنی نوسه‌ری ئه‌وڕاگه‌یندراوه.جا بۆئه‌وه‌ی ئاغای کونسوڵئ ئێرانی به‌جوانی له‌ڕاستیه‌کان بگا، به‌پێویستمان زانی وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌مان به‌چه‌ند خاڵێک بخه‌ینه ڕوو،وه‌ک ئه‌و ئاماژه‌ی پێکردون و به تێکه‌ڵیخستویه‌ته ڕوو، ئێمه لێره‌دا جیایان ئه‌که‌‌ینه‌وه.ئه‌وه‌ی له‌ڕاگه‌یاندنه‌که‌دا هاتووه:

1/ خاڵی به‌ ئاوڕدانه‌وه له‌مێژووی دابه‌شکردنی کوردستان!.

2/ کورد له‌ووڵاتی تورکیاو عێڕاق و سوریا،که‌مینه‌ی نه‌ژادیه‌و،له‌ئێران له‌ماڵه گه‌وره‌ی دایکیاندا ئه‌ژێن!.

3/ کۆماری کوردستان حکومه‌تێکی چه‌ند ڕۆژه‌ی کۆمۆنیستی مه‌هاباد بووه!.

4/ هه‌ندێ لایه‌ن که‌به‌ بۆچونی ئێران، کوردی توند ڕه‌ون،ده‌یانه‌وێت به‌بشت به‌ستن به‌حکومه‌تی کۆماری کوردستان،بۆ خۆیان نه‌‌ته‌وه،کولتور، زمان و مێژوو دامه‌زرێنن!.

5/ کوردی زمان نیه‌و زاراوه‌یه‌کی زمانه‌کانی ئێرانیه‌،له‌تێکه‌ڵه‌یه‌کی عه‌ره‌بی تورکی و فارسی پێک هاتوه!.

وه‌ڵامی ئێمه بۆ به‌ڕیز کونسوڵی ئێرانی لاواز له‌‌بوواری زانیاری و روناکبیریه‌وه،ده‌رباره‌ی خاڵی یه‌ک: به‌وه ئه‌چێ له‌واتای ووشه نه‌گات، بۆیه،بۆ پێکانی مه‌به‌سته‌که‌ی نابو ووشه‌ی(دابه‌شکردنی کوردستان)ی به‌کار بهێنایه،چونکه داننان به‌و ڕسته‌یه‌دا،داننانه به بونی خاکێک جیا له‌خاکی ئێران،بێجگه‌ له‌وه‌ش که‌ته‌نها ووشه‌ی(کوردستان) سه‌لماندنی پێناسه‌ی بونی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تابه‌ت مه‌‌نده،به‌واتای نه‌ته‌وه‌و خاکه‌که‌یه‌تی!.

خاڵی دوهه‌م: دوباره‌ی ئه‌که‌مه‌وه،کونسوڵی به‌ڕیز،یان مه‌ست بووه، وه‌‌یا هیچ شاره‌زاییه‌کی له‌مێژوو نیه‌و، ئه‌یه‌وێت زانیاری خۆی پێ ده‌ر بخات! چونکه له‌کاتێکدا بڕوای به‌وه هه‌یه کوردستان دابه‌ش کراوه، که‌واته خاکه‌که‌ داگیرکراوه‌و،خاوه‌نه‌‌که‌شی که گه‌لی کورده ژێرده‌سته کراوه،هه‌روه‌ک له‌ئێران ئه‌چه‌و سێندرێنه‌وه، له‌و ووڵاتانه‌شدا به‌هه‌مان شیوه‌ی ئێران ئه‌چه‌وسێندرێنه‌وه، به‌رپابونی شۆڕشه نه‌ته‌وایه‌تیه یه‌ک له‌دووای یه‌که‌کانیش، به‌درێژایی مێژووی ڕابردوو،گه‌واهی ناساندنی ڕه‌سه‌نایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌ده‌ن! خۆ ئه‌‌گه‌ر گریمان بۆچونی کونسوڵی ئێرانی ڕاسته کورد به‌شێکبن له‌ئێران و دابه‌ش کراون به‌هۆی شه‌ری جیهانیه‌وه، ئه‌‌ی بۆچی ته‌نها جارێکیش نه‌یتوانیوه ناوی گه‌ڕانه‌وه‌یان بهێنێت، بۆ سه‌ر خاكی ماڵه گه‌وره‌که‌ی دایکیان،هه‌روه‌ک چه‌نین ساڵه ململانێ له‌سه‌ر پێناسه‌ی که‌نداوی عه‌ره‌بی ئه‌کات،گوایه که‌نداوی فارستیه،ئایه ئه‌وه شه‌رمه‌زاری نیه بۆ ووڵاتی ئێران و به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی فارس؟.

خاڵی سێهه‌م: خۆ گومان له‌وه‌دا نیه که‌، دامه‌زرێنه‌ری سه‌ره‌تایی ئه‌و کۆماره پیرۆزه، که‌ڵه پیاوێکی کوردی ئاینی زۆر مه‌زن و پیرۆزی دیاری و ناسراوی هه‌رێمه‌که بوه،وه‌ک پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دی هه‌میشه زیندو،خۆ دیاره وه‌ک که‌سایه‌تی کاری گه‌ر و دیاری دوهه‌میش، نه‌مر سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی بو،که‌ بۆ ماوه‌ی ١٢ زه ساڵ له‌دژی دگیرکه‌رانی کوردستان،که ئیران لایه‌نێکه له‌وان،له‌ووڵاتی شۆره‌وی مایه‌وه‌و،به‌ڵام خۆ ئاشکرایه بیرۆکه‌و فه‌لسه‌فه‌ی کۆمۆنیستی نه‌یتوانی کاریگه‌ری له‌سه‌ر دروست بکات،هه‌رله‌سه‌ر بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی پیرۆزی کوردایه‌تی درێژه‌ی به تێکۆشان و به‌رخۆداندا له‌دژی داگیرکه‌ڕان،ئیتر وادیاره کونسوڵی به‌ڕێز،یان خۆی گێل ئه‌کات،وه‌یان فڕی به‌سیاسه‌ته‌وه نیه.چونکه ئه‌بو بیری له‌وه‌ش بکردایه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر کۆمارێکی کۆمۆنیستی بووایه،ده‌وڵه‌تی شۆره‌وێ که‌لایه‌نێکی براوه‌ی شه‌ڕ بو،مه‌حاڵبو ڕێگه‌ی به‌روخانی بدایه!.

خاڵی چواره‌م: به‌کار هێنانی ووشه‌ی توندڕه‌وی کورد،پێناسه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیانه،هه‌رئه‌وه‌ له‌‌هه‌ڵوێستی داگیرکه‌ڕان به‌دی ئه‌کرێت،هه‌روه‌ک جاران تورک ئه‌یانووت،کورد تورکی شاخاوین و عه‌ره‌ب ئه‌یانووت ئێمه براین،له‌‌کاتێکدا ئه‌وان ڕه‌گه‌زی سامین و ئێمه ڕه‌گه‌زی ئارین،ته‌نانه‌ت له‌ ئاینیشدا، به‌زۆری شمشێڕ کراینبه‌برای ژێر ده‌سته‌یی،هه‌روه‌کو کونسوڵی ئێرانی له‌سلێمانی،ئێستاش خه‌وی پێوه ئه‌بینێت!.

به‌ڵام ده‌ر‌باره‌ی خاڵی پشت به‌ستن به‌کۆمار کوردستان، بۆدامه‌زراندنی نه‌ته‌وه‌و، کولتور و مێژو و زمان.زۆر سه‌یره که‌ئه‌م گێله پیاوه نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزی پێ سپێردراوه،چونکه بۆچونێکی هێنده لاوازه، وه‌ک گاڵته‌جاڕی وایه،ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و پایه‌و پله‌یه‌ی ئه‌وی تێدایه به‌هیچ چۆرێک ناگونجێت و شه‌رمه‌زاری به‌سه‌ر ووڵاته‌که‌‌یدا ئه‌هێنێت! چونکه به‌ڵگه‌یه‌که ئه‌وه‌ ئه‌سه‌لمێنێ، کونسوڵی به‌ڕیز،یان هیچ شاره‌زاییه‌کی له‌سیاسه‌ت و له‌مێژوودا نیه،وه‌یان که‌سێکی بێهۆش و نه‌زانه،بۆیه من پێی ئه‌ڵیم ئه‌گه‌ر خوێنده‌واری هه‌یه په‌رتۆکی مێژوویی شه‌رفنامه سه‌یر بکات،که‌مێژووی نوسینه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌م جار ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (600) ساڵ به‌ر ئێستاو به‌زمانی فارسیش نوسراوه‌ته‌وه،تاکو فارسه‌کان به‌جوانی تێبگه‌ن و بزانن کورد کییه‌و فارسیش کێن و چۆن بونه به‌ده‌وڵه‌ت،به‌ڵکو جارێکی تریش هه‌ڵه‌ی له‌و جۆره دوباره نه‌کاته‌وه!.

ده‌رباره‌ی خاڵی پێنجه‌م: له‌م خاڵه‌دا وا ئه‌زانم زۆر جێگه‌ی گازه‌نده لێکردنی نیه.چونکه وه‌ک ووشه‌کانی فارسی ئه‌بینێت،یان کوردیه،یان عه‌ره‌بیه، یان تورکیه،ته‌نها کلک و گوییان بۆ کراوه به‌زمان گێڕکردنه‌وه.واپێده‌چێ له‌سه‌ره‌تادا نه‌یانتوانیوه ده‌قی ووشه‌کان وه‌ک خۆی به‌کار بێنن،شێوازه‌که‌یان گۆڕیوه.بۆ نمونه: ئێستاش عه‌ره‌ب ناتوانن ووشه‌ی" گ- ژ- پ-" وه‌ک کورد به‌کار بهێنن.بۆیه کونسوڵی به‌ڕیزیش وادیاره لێی تێکچووه،ئه‌گه‌ر ئه‌یه‌وێت له‌ڕاستیه‌که بگات،ئه‌توانین به‌‌داڕشتنی چه‌ند ڕسته‌‌یه‌ک به‌زمانی کوردی و چه‌ند ڕسته‌یه‌کیش به‌زمانی فارسی بنوسین و به‌راوردیان بکه‌یه‌نه‌وه،ئه‌وسا زۆر به‌ڕونیده‌ر ئه‌که‌وێت کام زمان پاڵاوتره‌و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی ئه‌سه‌لمێنێت!.

نمونه‌یه‌کی تری هه‌یه بۆ سه‌لماندنی زمانی فارسی،که‌ له‌تێکه‌ڵه‌ی زمانه‌کانی تری پێک هاتووه،به‌تایبه‌ت زمانی کوردی، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه،که فارسێک قسه‌ بکات،کورد له‌زۆر ووشه‌کانی تێ ئه‌گات،وه‌زۆر به‌ئاسانیش ئه‌توانیت فێری زمانه‌که‌یان ببێت،به‌ڵام فارس،به ‌پێچه‌وانه‌‌ی کورده‌وه‌یه.هه‌روه‌ها من ئه‌توانم نه‌ک ته‌نها ڕسته‌یه‌ک،به‌ڵکو ووتارێک بنوسم به‌زمانی کوردی،ته‌نها ووشه‌یه‌کی فارسی و عه‌ره‌بی و تورکی تێدا نه‌بێت،به‌ڵام دڵنیام که‌ به‌ڕیز کونسوڵی ئێرانی له‌سلێمانی،تووانای ئه‌وه‌ی نیه‌‌و ئه‌گه‌ر بیشی نوسێ،مه‌حاڵه به‌بێ ووشه‌ی بێگانه‌بێت،مه‌به‌ستم کوردی و عه‌ره‌بی و تورکیه،بۆیه پێویسته داوای لێبوردن له‌گه‌لی کورد بکات و دان به‌وه‌دا بنێت به‌هه‌ڵه‌دا چووه،ئه‌وه زمانه‌که‌ی خۆیه‌تی که‌له تێکه‌ڵه‌ی زمانه‌کان پێکهاتووه!.

له‌کۆتاییدا من وه‌ک تاکێکی کورد ڕای ئه‌گه‌یه‌نم،کونسوڵی ئێران له‌سلێمانی،پێویسته وه‌ک که‌سێکی سیاسی دبلۆماتکار هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و کاری ئاسایی خۆی بکات،نه‌ک وه‌ک ڕه‌گه‌ز په‌ستێکی سیاسی،خۆی نیشان بدات و ڕێز له‌و ووڵاته نه‌گرێت که‌ ووڵاتی ئه‌و نیه‌و مێوانه تێیدا،بونی ڕه‌سه‌نایه‌تی پرانسیپی نه‌ته‌وایه‌تی کورد، وه‌ک کولتور،زمان، خاک، میژو،زۆر له‌وه به‌هێزتره،‌نه‌ک کونسوڵێکی ئێران،به‌ڵکو ده‌وڵه‌تی ئێرانو ووڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان به‌گشتی،ناتوانن توسقاڵێک کاریگه‌ری له‌سه‌ر بون و پیرۆزی دروست بکه‌ن،بۆیه ته‌نها شه‌رمه‌زاری ئه‌مێنێته‌وه بۆ کونسوڵی ئێران له‌سلێمانی و ئه‌وانه‌ی وه‌کو ئه‌ویش بیر ئه‌که‌نه‌وه،به‌وه‌ش ئه‌چێت کونسولی به‌ڕیز، به‌له‌خۆ بایی بون مه‌ست بووه،بۆیه به‌هه‌ڵه‌دا چووه!!!.

26-5-2014.