ئه‌وه‌ی له‌ بانگه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌بینرێ و ده‌بیسترێ به‌ر له‌وه‌ی بانگه‌شه‌ بێ بۆ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی، بانگه‌شه‌یه‌كی شه‌ڕئامێز و لێدانی بووقی جه‌نگ و هه‌لهه‌له‌ی ئاژاوه‌گێڕییه‌، ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ سیاسییه‌كانی تا ئاستی نه‌گونجان و لووته‌لای سیاسی و ره‌تكردنه‌وه‌ی كاری هاوبه‌ش بردووه‌، به‌ڵكو ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیشی خستۆته‌ ژێر هه‌ژموونی حزبی و به‌ ئاقاری لێكترازانیدا ده‌بات، دوور له‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ جوانه‌كانی دیموكراسی و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی بانگه‌شه‌ له‌سه‌ر شكاندنی یه‌كتری و ته‌نانه‌ت ریكلام بۆ سووككردنی پره‌نسیبه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ چه‌ند هه‌زار ده‌نگێك و یه‌ك دوو كورسی زیاد یان كه‌م وای له‌و دوو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كردبێ كار له‌سه‌ر شكاندنی یه‌كتری بكه‌ن، چۆن ده‌توانن له‌ به‌غدا ئه‌و ئیراده‌ و یه‌كهه‌ڵوێستی و كۆده‌نگیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ درووستبكه‌ن كه‌ خواست و ئامانجه‌كانی كورد له‌ به‌ڵای تاكڕه‌وی شۆڤێنیزم و سیاسه‌تی نه‌بیستی و توندڕه‌وی و سه‌ره‌ڕۆیی مه‌زهه‌بی ده‌پارێزێ! رووداو و پێشهاته‌كان ئه‌و راستییه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ ئه‌و حزبه‌ی سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان وه‌ڵامی ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی نه‌داته‌وه‌، ئه‌وا بۆ گه‌یشتن به‌و وه‌ڵامه‌ی كه‌ خۆی په‌سندی ده‌كات بژارده‌ی مه‌ترسیداریش ده‌گرێته‌ به‌ر، له‌وه‌ش مه‌ترسیدار تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نی دۆڕاو له‌ به‌غدا و به‌ پشتیوانی ئه‌م هێز و ئه‌و هێزی عه‌ره‌ب به‌دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌ حزبییه‌كانیدا بگه‌ڕێ.

مه‌ترسییه‌كی تری ئه‌و جۆره‌ بانگه‌شه‌ هه‌ره‌شه‌ ئامێزه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی له‌وه‌دایه‌ كه‌ دابه‌شكردنی شه‌قامی لێبكه‌وێته‌وه‌، مه‌ترسی ئه‌و دابه‌شكردنه‌ش به‌ ئاشكرا به‌ هه‌ڵوێستی سیاسی و بانگه‌شه‌ی توند و تیژی ئه‌و دوو لایه‌نه‌وه‌ دیاره‌، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ڵیژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ئه‌و جۆره‌ بانگه‌شه‌یه‌ جۆرێك له‌ ره‌وایه‌تی تێدابێ و وه‌ك موزایه‌ده‌ی زیاتری پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ خه‌ڵكی بفرۆشنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نه‌ك ره‌وایه‌تی تێدا نییه‌، به‌ڵكو ناڕه‌واییه‌كه‌ هێڵه‌ سووره‌كانیشی به‌زاندوون، چونكه‌ له‌ به‌غدا نه‌یارێكی هاوبه‌شیان هه‌یه‌و له‌ خۆشی شكاندنی یه‌كتری له‌ بانگه‌شه‌دا ناوی ئه‌ویان له‌بیر كردووه‌، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی پابه‌ند بوونیانه‌ به‌و ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌ی كه‌ بۆی ده‌چنه‌ به‌غدا.

 بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی چوار ساڵی رابردووی ده‌ڵێ: چوار ساڵی داهاتوو چوار ساڵی سه‌قامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ، یه‌كێتی نیشتیمانییش ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هۆكاری ئاژاوه‌ و ناسه‌قامگیری سیاسی و شڵه‌ژانی په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی چوار ساڵی رابردوو بووبێ، ئه‌وا ئێمه‌ش ده‌توانین وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چوار ساڵی داهاتوو بكه‌ینه‌ چوار ساڵی نائارمی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگا و شه‌ڕی شه‌قامی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

سلێمانی ئه‌و شاره‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆِڕان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان گره‌وی سیاسی و بردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر كردووه‌، له‌ گره‌ویشدا دۆڕاو و براوه‌ هه‌یه‌ و دوای 30ی نیسان و ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌و دوو لایه‌نه‌ یه‌كیان دۆڕا و ئه‌ویتریان براوه‌ ده‌بێ، ئه‌وكاته‌ به‌رداشی سیاسی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌سه‌ر حه‌ز و خواست و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌سووڕێن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ مه‌رامی حزبی به‌ شه‌قام بكرێته‌وه‌و ئاژاوه‌یه‌كی تری وه‌ك 17ی شوبات و زۆر خراپتریش به‌رۆكی سلێمانی و سلێمانییه‌كان بگرێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ سلێمانییه‌كان به‌ده‌نگ بێن و رێگه‌ نه‌ده‌ن چیتر شاره‌كه‌یان بكرێته‌ گۆڕه‌پانی سه‌پاندنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و خه‌ون و ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییشیان بكرێته‌ تاقیگه‌ی باڵاده‌ستی سیاسی و ئابووری ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ سلێمانییه‌كان ده‌خوازێ وه‌ك رابردوو هه‌ڵمه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌و وه‌ك جاران قوربانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی نیشتیمانی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان بده‌ن، به‌ فیتی هیچ لایه‌نێك هه‌ڵمه‌ت بۆ سه‌ر لایه‌نێكی تر نه‌به‌ن و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێكیش قوربانی نه‌ده‌ن.