راپه‌ڕینی گه‌لانی سوریا كۆدی نهێنی زه‌وتكردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كرده‌وه‌و ئه‌و ده‌رگا قوفڵدراوه‌ی به‌ رووی خواست و داواكاری كورددا شكاند كه‌ چه‌ندین ساڵ بوو شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی ده‌نگ و هاواری كوردی تێدا خنكاندبوو، زۆر له‌ چاودێرانی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ كۆك بوون كه‌ له‌ ماوه‌یكی كه‌مدا ئه‌و راپه‌ڕینه‌ چاره‌نووسی به‌شار ئه‌سه‌د به‌ مه‌ره‌دی چاره‌نووسی دیكتاتۆره‌كانی تر ده‌بات، به‌ڵام رای ئه‌و چاودێرانه‌ راست ده‌رنه‌چوو، چونكه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی ناو سوریا ره‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تیان وه‌رگرت، به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان و ترسی هه‌ندێ له‌ وڵاتانی هه‌رێمی له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ بۆ ناو وڵاته‌كانیان، بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌ی دژ و ناكۆكدا دابه‌شكرد، ئه‌و دابه‌شبوونه‌ ته‌مه‌نی رژێمی درێژ كرده‌وه‌و مه‌ینه‌تیه‌كانی گه‌لانی سوریای به‌ ئازارتر كرد، ئه‌وه‌ش وایكرد (داعش) و به‌ره‌ی (نوسره‌) وه‌ك دوو رێكخراوی تیرۆریستی له‌ سوریا ده‌ربكه‌ون و خواستی تیرۆریستی خۆیان تێكه‌ڵ به‌ خواستی ره‌وای گه‌لانی سوریا بكه‌ن.

ئه‌گه‌ر داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ راپه‌ڕینی گه‌لانی سوریایان خسته‌ ژێر گومان و بێده‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاست تاوانه‌كانی رژێمی لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌وا (په‌یه‌ده‌) ش پرسی كوردی له‌ سوریا خسته‌ ژێر ته‌وژمی تاكڕه‌وی سیاسی و سه‌ره‌ڕۆیی حزبی و رێككه‌وتنی ژێر به‌ ژێر، هه‌ڵوێستی داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ له‌لایه‌ك و (په‌یه‌ده‌) له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ به‌ قازانجی رژێمی سوریا شكانه‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی خاوه‌ن ئه‌زموون و په‌رۆش بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان زوو هه‌ستی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ تاكڕه‌ویه‌ی (په‌یه‌ده‌) مه‌ترسی له‌سه‌ر پرسی كورد درووست ده‌كات، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیه‌و یه‌كخستنی ناو ماڵی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان چه‌ند جارێك لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كۆكردنه‌وه‌، به‌ڵام (په‌یه‌ده‌) دوور له‌ به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌باتی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد خۆی له‌گه‌ڵ موخابه‌راتی سوری یه‌كخست و گوێی له‌ رێنمایی و ئامۆژگاریه‌كانی سه‌رۆك بارزانی نه‌گرت.

تاكڕه‌وی و پاوانكاری سیاسی (په‌یه‌ده‌) جگه‌ له‌وه‌ی پابه‌ند بوونی بوو به‌و رێككه‌وتنه‌ موخابه‌راتیه‌ی له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا كردبووی، خواستی شاراوه‌ی تریشی له‌ پشت بوو، ئه‌ویش تێكه‌ڵكردنی جموجۆڵی قاچاغچێتی بوو به‌و رابوونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه‌ كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌مێك بوو چاوه‌ڕێی بوو، هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌روازه‌ی فه‌رمی له‌ نێوان باشوورو رۆژئاوای كوردستان و هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كوردانی رۆژئاوا پێداگری له‌سه‌ر بوونی رێگای قاچاغ ده‌كرد، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نانه‌ته‌وه‌ییانه‌ی (په‌یه‌ده‌) وایكرد حكومه‌تی هه‌رێم بۆ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و رێگرتن له‌ كاری قاچاغچێتی بیر له‌ داخستنی رێگا قاچاغه‌كان بكاته‌وه‌، كه‌چی ئه‌و په‌رۆشیه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ لایه‌ن (په‌یه‌ده‌) و هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی باشووری كوردستان به‌ ئاراسته‌ی خواستی حزبیدا برا.

 هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق و رێگری له‌ كاری قاچاغچێتی كراوه‌ته‌ مه‌زه‌ی حزبی و موزایه‌ده‌ی سیاسی پێوه‌ ده‌كرێ، هه‌چی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی باشووری كوردستانن پرسێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كاردێنن، من هیچ كۆمێنتێكم له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ نییه‌ كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ند ده‌نگێك په‌نایان بۆ كاری له‌وه‌ش نه‌شیاوتر بردووه‌، چونكه‌ له‌ باشووریش ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ كێشه‌و ته‌نگژه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا وه‌ك لایه‌نی سێیه‌م خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و جار به‌ جاریش به‌لای به‌غدادا ده‌شكێنه‌وه‌، هه‌رچی (په‌یه‌ده‌) شه‌ هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق له‌ نێوان باشوور و رۆژئاوا و رێگری له‌ كاری قاچاغ به‌ لێك جیاكردنه‌وه‌ی باشوور و رۆژئاوا له‌ یه‌كتری ده‌زانێ، به‌ڵام خۆیان هه‌ڵكه‌ندنی ئه‌و خه‌نده‌قه‌ حزبیه‌ ترسناكه‌ نابینن كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا له‌به‌رده‌م كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵیانكه‌ندووه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ خه‌نده‌قه‌ هه‌ڵكه‌نراوه‌ سرووشتییه‌كه‌ی نێوان كورد و رژێمی داگریكاری سوریا پڕده‌كه‌نه‌وه‌، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ (په‌یه‌ده‌) له‌ نێوان ئه‌و دوو خه‌نده‌قه‌ گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ترسناك ده‌كات، ئه‌وه‌تا له‌ رۆژی (14ــ3ــ2014) كاتێك خه‌ڵكی كوردپه‌روه‌ری قامیشلو ئاماده‌سازی بۆ یادی له‌ دایك بوونی بارزانیی نه‌مر ده‌كه‌ن، (په‌یه‌ده‌) رێیان لێده‌گرێ و له‌ رۆژی دواتر بۆ پشتیوانی له‌ به‌شار ئه‌سه‌د و رژێمه‌كه‌ی خۆپیشاندان سازده‌كرێ و (په‌یه‌ده‌) ش خۆپیشانده‌ران ده‌پارێزێ، لێره‌دا ئه‌و دوو پرسیاره‌ ئاراسته‌ی (په‌یه‌ده‌) و هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ وه‌ك (په‌یه‌ده‌) به‌ ئه‌قڵی تاكڕه‌وی سیاسی و له‌ژێر گوشاری به‌رژه‌وه‌ندی حزبیدا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌.

یه‌كه‌م:ــ ئایا له‌ شارێكی كوردنشینی وه‌ك قامیشلو رێگری له‌ یادی له‌ دایك بوونی بارزانی نه‌مر له‌ خه‌نده‌ق خستنی بیری نه‌ته‌وه‌یی نییه‌؟

دووه‌م:ــ ئایا خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی پشتیوانی له‌ هه‌مان شار له‌ مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د كه‌ ده‌یان ساڵه‌ بوونی كوردی له‌ خه‌نده‌قی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بیدا بێ سه‌روشوێن كردووه‌ شۆڕشگێڕی و كوردپه‌روه‌رییه‌؟