كورد ده‌ڵێ: به‌ردی گه‌وره‌ نیشانه‌ی نه‌هاویشتنیه‌تی، ئه‌وه‌ی له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و په‌یامه‌كانی نه‌شیروان مسته‌فا ده‌یبیستم نه‌ك هه‌ر به‌رد، به‌لكو چه‌قه‌نه‌شاخێكه‌و پێیان هه‌ڵناگیرێ، به‌ر له‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر ورده‌كاری گفت و به‌ڵنه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان، دوو سه‌رنج له‌سه‌ر په‌یامه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌خه‌مه‌ روو.

په‌یامی یه‌كه‌می بۆ هه‌ولێریه‌كانه‌و داوا ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی نیسان لای لێبكه‌نه‌وه‌، له‌ په‌یامی دووه‌میشیدا داوا له‌ كه‌ركوكیه‌كان ده‌كات ئه‌گه‌ر ده‌نگی بده‌نێ سووك و ئاسان به‌ ماڵی خۆیان شاد ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌زانێ كه‌ هه‌ولێر گونده‌ گه‌وره‌كه‌ نه‌ماوه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ولێریه‌كان ده‌نگی بده‌نێ باری گران نابێ، به‌ڵام به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ گفتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم به‌ كه‌ركه‌كیه‌كان ده‌دات، ئه‌ی بیری چووه‌ ئه‌و كه‌ركوكیه‌ برسیانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم به‌ ته‌واوی (ده‌ماندۆشن) !!!

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ده‌نگی بداتێ له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا ئه‌و گفت و به‌ڵێنانه‌ی خواره‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات.

* گێرانه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.

* هاوتا كردنی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ موچه‌ی سه‌ربازانی عێراق.

* چاره‌سه‌ركردنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و نه‌هێشتنی كه‌موكورتییه‌كان.

* چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی نیشته‌جی بوون و نه‌هێشتنی كرێچی.

* پاكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ له‌ دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن.

* بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و كۆتایی هێنان به‌ جیاوازیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری، تۆ بڵێی ئه‌و سه‌روه‌ته‌ش بگێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆیان ده‌نارده‌ گرده‌كه‌!

* ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان له‌سه‌ر شێوازی تازه‌ و مۆدێلی نوێ.

* بووژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و به‌هێزكردنی هه‌ڵوێستی سیاسی كورد له‌ رێگای دژایه‌تی كردنی گرێبه‌ست و هه‌نارده‌ كردنی نه‌وت و هێشتنه‌وه‌ی له‌ ژێر زه‌ویدا بۆ رۆژی ته‌نگانه‌.

* ره‌خساندنی هه‌لی كار و نه‌هێشتنی بێكاری له‌ وڵاتدا.

* دامه‌زراندنی ده‌رچوانی زانكۆ.

* به‌ چاره‌سه‌ر كردنی سیسته‌می ته‌ندرووستی رێژه‌ی مردن كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌.

* قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و راگوێزراوان و زیان لێكه‌وتوانی ده‌ستی رژێم.

* جێبه‌جێ كردنی كۆی داواكاری و خواستی كه‌مئه‌ندامان.

* بڕنه‌وه‌ی موچه‌ بۆ كابانی ماڵ و خانه‌نشین كردنی پیر و دامه‌زراندنی توێژی گه‌نج، گفت و به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردنی 21ــ9 كه‌ به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌وه‌و له‌به‌ر بێ ده‌رفه‌تی جێبه‌جێ نه‌كراون، جارێكیتر فایلیان بۆ داده‌نرێ و زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌.

بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و گفت و به‌ڵێنانه‌ ده‌بێ نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كازه‌كه‌ی موسا پێغه‌مبه‌ری ده‌ستكه‌وتبێ، ئه‌گه‌رنا ئه‌و گفت و به‌ڵێنه‌ زه‌به‌لاحانه‌ به‌ چوار ساڵ جێبه‌جێ ناكرێن، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێش بكرێن ئه‌وا له‌ كوردستان ژیان ده‌وه‌ستێ، چونكه‌ تا په‌نجا ساڵی تریش تاكی كورد جگه‌ خواردن و خه‌وتن هیچ ئیشێكی بۆ نه‌ماوه‌ تا بیكات، ئه‌وكاته‌ش نه‌وه‌كانی داهاتوو به‌ ته‌مبه‌ڵی رادێن و وا ده‌زانن له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ ژیان هه‌ر وابووه‌، به‌وه‌ش گه‌وره‌ترین مه‌ترسی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كورد، چونكه‌ له‌ كارنامه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا گره‌نتی په‌لامار نه‌دانی دوژمان بۆ سه‌ر كوردستان نه‌دراوه‌، دوژمنانیش ئه‌و هه‌له‌ ده‌قۆزنه‌وه‌و په‌لامارمان ده‌ده‌ن، نه‌وه‌كانی داهاتووش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌موو شتێكی بۆ فه‌راهه‌م كردوون و ئیش و كاری بۆ نه‌هێشتوونه‌وه‌، پێیان وایه‌ له‌ هه‌موو دونیادا ژیان خواردن و خه‌وتنه‌و كه‌س ئیشی به‌ په‌لاماردانی خه‌ڵكی تر نییه‌.