دوای حه‌وت مانگ له‌ چاوه‌ڕوانی و مشتومڕی سیاسی و گه‌وجاندن و خافڵاندن و خڵه‌تاندنی خه‌ڵك، گۆڕان و یه‌كێتی گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر سیسته‌مه‌ كۆن و سواوه‌كه‌ی دوو ساڵ بۆ تۆ و دووه‌كه‌ی تر بۆ من.

دوای موزایه‌ده‌ و منه‌تێكی زۆر به‌سه‌ر خه‌ڵكی سلێمانی و به‌ دێوه‌زمه‌كردنی یه‌كتری، یه‌كێتی و گۆڕان رێككه‌وتن كێكی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانیان بكه‌ن به‌ دوو كه‌رتی وه‌ك یه‌كه‌وه‌.

دوای ناوزڕاندن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی كۆنه‌ فایل و جنێوباران كردن و ته‌نانه‌ت په‌لاماردانی كه‌سایه‌تی یه‌كتریش، به‌ ئاماژه‌یه‌كی حزبی دۆسیه‌ی دادگا داخرا و مه‌له‌فی گه‌نده‌ڵی پێچرایه‌وه‌، هه‌ڤاڵ و ئاسۆ وه‌ك دوو هه‌ڤاڵ رووه‌و یه‌ك ئاسۆ وه‌رگه‌ڕان.

یه‌كێتی ده‌یگوت: له‌به‌ر هه‌یبه‌تی سلێمانی ناهێڵین كۆنه‌ به‌عسییه‌ك ببێته‌ پارێزگار، گۆڕانیش ده‌یگوت: وه‌رزی گه‌نده‌ڵی به‌سه‌ر چووه‌ و پاكتاوی گه‌نده‌ڵكاران ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن دوو ساڵی یه‌كه‌م یه‌كێتی پارێزگار و دوو ساڵی دووه‌م گۆڕان پارێزگار بێ، به‌و رێككه‌وتنه‌ش نه‌ هه‌یبه‌تی سلێمانی پارێزرا و نه‌ پاكتاوی گه‌نده‌ڵكارانیش كرا، ئێستا پرسیاری گرنگ بۆ یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌: بۆچی یه‌كێتی له‌ دوو ساڵی یه‌كه‌مدا ئه‌وه‌نده‌ پێداگری له‌سه‌ر پاراستنی هه‌یبه‌تی سلێمانی ده‌كرد و له‌ دوو ساڵی دووه‌مدا ئاماده‌یه‌ هه‌یبه‌ت و شكۆی سلێمانی به‌ شكاندن بدات؟ ئه‌و پرسیاره‌ش له‌ گۆڕان ده‌كرێ: بۆچی ته‌مه‌نی وه‌رزی گه‌نده‌ڵیان بۆ دوو ساڵی تر درێژ كرده‌وه‌ و هه‌ڵمه‌تی پاكتاوی گه‌نده‌ڵكارانیشیان بۆ دوو ساڵی تر دواخست؟ وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان جێدێڵم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر پێداگری یه‌كێتی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار له‌ دوو ساڵی یه‌كه‌مدا.

داوای نه‌گۆڕ و پێداگری یه‌كێتی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار له‌ دوو ساڵی یه‌كه‌مدا و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ پاراستنی هه‌یبه‌تی سلێمانی پرسیاری ئه‌وه‌ درووست ده‌كات: ئایا له‌ دوو ساڵی دوومدا پۆستی پارێزگار راده‌ستی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌كرێ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و پێداگریه‌ی یه‌كێتی به‌ راستی بۆ پاراستنی هه‌یبه‌تی سلێمانی بێ! ئه‌وا نابێ له‌ دوو ساڵی دووه‌میشدا پۆستی پارێزگار راده‌ست بكا و هه‌یبه‌تی سلێمانی به‌ شكاندن بدات.

خۆ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی گوته‌نی هه‌یبه‌تی سلێمانی به‌وه‌ بشكێ كه‌ كۆنه‌ به‌عسییه‌ك ببێته‌ پارێزگاری، ئه‌ی بۆچی هه‌یبه‌تی به‌وه‌ ناشكێ كه‌ هه‌مان كۆنه‌ به‌عسی ببێته‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی؟َ! ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه‌ پۆستی پارێزگار تا هه‌ڵبژاردنێكی تر لای یه‌كێتی نیشتیمانی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان شاره‌زابێ، ئه‌وه‌ی له‌ گه‌مه‌ و لۆفه‌ و ده‌ورانی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی به‌ ئاگابێ، له‌وه‌ ده‌گات كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار كردی پاراستنی هه‌یبه‌تی سلێمانی كردبووه‌ بیانوو، ئه‌گه‌رنا ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌می پاراستنی هه‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆی بوو، ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی پاراستنی هه‌یبه‌تی سلێمانی نه‌بوو، بۆیه‌ ده‌بێ سلێمانی و سلێمانییه‌كان، گۆڕان و گۆڕانخوازه‌كان، هه‌ڤاڵ و هه‌ڤاڵه‌كانی ئه‌و راستییه‌ باش بزانن كه‌ هه‌ڤاڵ نه‌ك دوای دوو ساڵی تر، به‌ڵكو دوای چوار دوو ساڵی تریش نابێته‌ پارێزگار، چونكه‌ شینی یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار ته‌نها بۆ دوو ساڵی یه‌كه‌م نییه‌ و دوای ته‌واو بوونی نۆره‌ی خۆی، سیاسه‌تی كات كوژی ده‌گرێته‌ به‌ر و كێشه‌ و بیانووی تر درووست ده‌كات، ئه‌گه‌ر وا نییه‌ جیاوازی له‌ نێوان دوو ساڵی یه‌كه‌م و دوو ساڵی دووه‌م چییه‌؟ بۆچی له‌ دوو ساڵی یه‌كه‌مدا هه‌یبه‌تی سلێمانی ده‌شكێ و له‌ دوو ساڵی دووه‌مدا ناشكێ؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش پاراستنی شكۆ و هه‌یبه‌تی سلێمانی بێ، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد بۆ هه‌یبه‌ت شكاندنی سلێمانی جیاوازی له‌ نێوان پۆستی پارێزگار و پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا چییه‌؟

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.