له‌گه‌ڵ به‌ كۆتاهاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌ ساڵی 1945 له‌ رۆژهه‌ڵات كۆماری كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا قازی راگه‌یه‌نرا، هاوكات شۆڕشی كورد به‌ رابه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر له‌ باشووری كوردستانیش دژ به‌ رژێمی پاشایه‌تی و ده‌وڵه‌تی ئینگیز له‌ شه‌ڕێكی نابه‌رامبه‌ردا بوو، بارزانی نه‌مر كه‌ دامه‌زراندنی كۆمارێكی له‌و بابه‌ته‌ی به‌دوا چاره‌سه‌ری پرسی كورد و هێنانه‌دی خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانی، به‌دوای ده‌رفه‌تێكی وادا ده‌گه‌ڕا له‌ یه‌كێك له‌ پارچه‌كانی كوردستان ده‌رگایه‌ك به‌ رووی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی كورددا بكرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایه‌ بارزانی نه‌مر له‌ باشوور كار و چالاكی سه‌ربازی و پێشمه‌رگانه‌ی راگرت و بۆ به‌رگری و سه‌رپێخستنی كۆمار به‌ هێزێكی كارامه‌ی بارزانیه‌كانه‌وه‌ رووی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرد، ئه‌و كۆچه‌ سه‌ربازیه‌ی بارزانی نه‌مر له‌و كاته‌ هه‌ستیاره‌دا نه‌ك هه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ بوو كه‌ بێ ره‌زامه‌ندی كورد به‌سه‌ر ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ریه‌ نیشتیمانیه‌كانیدا سه‌پێنرابوون، به‌لكو به‌ دۆست و دوژمنی راگه‌یاند كه‌ كورد پابه‌ندی هیچ یاسا و رێككه‌وتنێك نابێ كه‌ ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بخاته‌ ژێر چاودێری سیاسه‌تی داگیركاری و سه‌روه‌ریه‌ نیشتیمانیه‌كانی له‌به‌رچاو نه‌گیرێن، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و كۆچه‌ سه‌ربازیه‌ بڕیارێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو دژ به‌و حه‌ز و خواسته‌ شۆڤێنیه‌ی كه‌ دوژمنانی كورد زه‌مه‌نێك بوو خه‌ونی فراوانخوازی و بێده‌نگ كردنی هاواری رزگاریخوازی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو.

ئێستا كه‌ 69 ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی شۆڕگێڕی و بڕیاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی بارزانی نه‌مردا تێده‌په‌ڕێ، له‌ پارچه‌یه‌كی تری كوردستان و له‌ فۆرمێكی جیاوازدا هه‌مان مێژوو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ له‌ كۆبانێی خۆرئاوای كوردستان سه‌رۆك بارزانی هه‌مان مێژووی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ بارزانی نه‌مر 69 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ مهابادی خۆرهه‌ڵات نووسیویه‌ته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌وكات بارزانی نه‌مر به‌ بڕیارێكی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ هێزی شۆڕشگێڕی سنووره‌ ده‌ستكرده‌كان و رێككه‌وتنه‌ سه‌ربازیه‌كانی تێكشكاندوون، ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانی به‌ له‌به‌رچاو گرتنی جه‌مسه‌ربه‌ندی سیاسی و دابه‌ش بوونی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌كه‌دا و، خوێندنه‌وه‌ی درووست بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و تێكه‌ڵ كردنیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و، كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هزر و بیری نه‌ته‌وه‌خوازی بارزانی نه‌مر، بڕیاره‌ سیاسی و گه‌مارۆ دیبلۆماسییه‌كانی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان له‌سه‌ر پرسی كورد تێكده‌شكێنێ، ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ سیاسه‌تبینی سه‌رده‌میانه‌ی سه‌رۆك بارزانی سه‌ره‌داوی گرێكوێره‌ی پرسی كوردی داینه‌ده‌ست، لێره‌وه‌ مێژووی پڕ كاره‌سات و چاوه‌ڕوانیه‌كانی داهاتوو، حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌و ئه‌ركه‌ش كاتێك وه‌ك خۆی ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ تاكی كورد زیاتر به‌ وشیاری نه‌ته‌وه‌یی ئاشنا بكرێ و، حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش به‌ بنه‌ماكانی رێكخستنی ناوماڵی كورد پابه‌ند بكرێن و له‌ناو بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی حزبیدا بگه‌ڕێن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.