گێچه‌ڵ و شه‌ڕ فرۆشی داعش و پێشڕه‌ویه‌ كاتیه‌كانی، ئه‌وه‌نده‌ی تر بازاڕی موزایه‌ده‌ی موزایه‌ده‌چیان و چه‌واشه‌كاری چه‌واشه‌كارانی به‌ره‌ی دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دژه‌ هه‌وڵه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیان گه‌رم داهێنا، گرتنی شنگال و دواتر گه‌مارۆدانی كۆبانێَش په‌رده‌ی له‌سه‌ر پیلانگه‌لێكی ناوچه‌یی دژ به‌و ده‌نگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ هێنا كه‌ سیاسه‌تی داگیركاری و چه‌وسانه‌وه‌ی كوردی له‌ قاوده‌دا، ئه‌و پیلانگه‌له‌ دژ به‌ پرسی گشتپرسی و چڕ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی پێشوه‌خته‌ ئاماده‌ كرابوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شكستێكی سه‌ربازی وه‌ك شنگالیان به‌ حزبی كرد و رۆژانه‌ له‌ میدیاكان و له‌سه‌ر زاری به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌ندێ حزب و به‌ناو میدیای سه‌ربه‌خۆ موزایه‌ده‌یه‌ی سیاسی پێوه‌ ده‌كرا، گه‌مارۆدانی كۆبانی و نه‌بوونی رێگا بۆ ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و نه‌گه‌یاندنی وه‌ك پێویستی هاوكاری كاڵایه‌كی تری موزایه‌ده‌ی هه‌مان لایه‌نی سیاسی و میدیا گوماناویه‌كان و ده‌سته‌ دوژمنكاریه‌كه‌ی پشتیان بوو، نه‌هاتنی توركیا بۆ شه‌ڕی داعش وه‌ك ئه‌وه‌ی توركیای دووه‌م زلهێزی ناتۆ به‌شێك بێ له‌ هێزی سه‌ربازی و پابه‌ندكراو بێ به‌ بڕیاری سیاسی حكومه‌تی هه‌رێم، كرابووه‌ دیوێكی تری موزایه‌ده‌كه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا هێنانه‌وه‌ی میلیشیای به‌در بۆ كه‌ركوك و له‌ناو كه‌ركوكیش سووكایه‌تی كردن به‌ پێشمه‌رگه‌ و گێچه‌ڵ كردن به‌ كورد و به‌ بارمته‌گرتنی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ك و، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هێنانی سوپای پاسداران و قاسم سوله‌یمانی بۆ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، شانازی پێوه‌ ده‌كرا و وه‌ك فریادڕه‌س و دوو ده‌ستكه‌وتی نیشتیمانی و پارێزه‌ری ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ناو ده‌بران، ته‌نانه‌ت باڵانسی موزایه‌ده‌ حزبییه‌كان تا ئاستێك هه‌ڵكشان، كه‌ له‌ بڕینی بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پاكانه‌ بۆ به‌غدا بكرێ و باری خه‌تا به‌لای حكومه‌تی هه‌رێمدا بشكێننه‌وه‌، له‌كاتێكدا بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دریژكراوه‌ی شه‌ڕێكه‌ كه‌ عه‌ره‌ب له‌ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌تی فراوانخوازی و به‌ مه‌به‌ستی به‌ عه‌ره‌بستان كردنی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق و پێشتریش به‌ناوی جیاجیا به‌ كوردی ده‌فرۆشێ.

گریمان ئه‌وانه‌ی باسكران موزایه‌ده‌ نین و رووداوگه‌لێكن پێویستیان به‌ خستنه‌ڕوو هه‌یه‌، بڕینی بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش درێژكراوه‌ی شه‌ڕی خواستی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و بڕیاری به‌رگری نێوان كورد و عه‌ره‌ب نییه‌ و ئه‌وه‌ كورده‌ گێچه‌ڵ به‌ عه‌ره‌ب ده‌كات، یان ره‌وایی دان به‌ هه‌ڵوێستی به‌غدا و تاوانبار كردنی لایه‌نێكی كوردی له‌سه‌ر پێداگری سیاسه‌تی نه‌وتی و سه‌ربه‌خۆكردنی ئابووری هه‌ڵه‌ن و تووڕه‌بوونی به‌غدا و بڕینی بودجه‌ و موچه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌ وه‌ك شكست قبووڵمن، سووكایه‌تی و به‌ بارمته‌گرتنی پێشمه‌رگه‌ و بوونی پاسدار و وێنه‌ گرتن له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی ئه‌گه‌ر ده‌ستكه‌وتی نیشتیمانی و سه‌ركه‌وتن بن! با بۆ ئێوه‌ بن و من لێیان بێبه‌ریم، به‌ڵام كۆمه‌ڵێ سه‌ركه‌وتنی وه‌ك: هێنانه‌ سه‌رخه‌تی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دۆزی كورد، رێكخستنی ناوماڵی كوردانی رۆژئاوا و ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ له‌ ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تیدا، سه‌نگ و پێگه‌ی كورد له‌ناو به‌ره‌ی دیموكراسی جیهانی و هاوپه‌یمانی دژه‌ تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی بۆ كورد له‌و ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ن كه‌ گرێكوێره‌ی پرسی كورد ده‌كه‌نه‌وه‌.

پرسیار له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ بۆچی هه‌ندێ لایه‌ن له‌ به‌رپرسیارێتی راده‌كه‌ن و ئۆباڵی شكسته‌كان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی لایه‌نێكی دیاریكراو، پرسیار له‌وه‌دایه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌رگه‌رمی موزایه‌ده‌ و شكاندنی لایه‌نێكی تری كوردی بوون چاویان به‌ ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش هه‌ڵنایا، جا ئێوه‌ چه‌ندی له‌ به‌رپرسیارێتی رابكه‌ن و شكسته‌كان به‌ حزبی بكه‌ن، سه‌روه‌ری و ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی حزبێك یان تاكه‌ كه‌سێكیش به‌ده‌ست بێن ده‌سكه‌وتی هه‌موو كوردن و به‌شی ئێوه‌شیان پێوه‌یه‌، شاندانه‌ به‌ر شكستیش وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ رووداوه‌كانی دوای شنگال بینیمان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌دواوه‌ن و پێویسته‌ رێزیان لێبگیرێ، چونكه‌ رێزگرتن له‌ هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك رێزگرتنه‌ له‌و ئیراده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه‌ ده‌رگای سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ رووماندا ده‌كاته‌وه‌.

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ بزانن كه‌ مه‌ترسییه‌كانی ئیسلامی سیاسی و ئه‌و بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی باوبۆرانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌، ئاماژه‌ی روونن بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێككه‌وتنامه‌ی (سایكس بیكۆ) و سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ، ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خاته‌ سه‌ر شانی هه‌موو لایه‌كیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ هه‌ڵوێستی حزبیانه‌ی هه‌ندێ لایه‌ن له‌ ئاست ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ نین و میدیای به‌ناو سه‌ربه‌خۆش شه‌ڕ به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌فرۆشێ، نه‌بوونی كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی و راكردن له‌ به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ حزبی كردنی شكسته‌كان و رێزنه‌گرتن له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان، كارگه‌لێكن ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ كورد له‌و گۆڕانكاریه‌ چاوه‌ڕوانكراوانه‌ی به‌ڕێوه‌ن مایه‌پووچ ده‌رده‌چێ.

خاڵێكی تر كه‌ پێموایه‌ هه‌ره‌شه‌كانی داعش و دوژمنه‌كانی تریش له‌سه‌ر ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد زیاد ده‌كات، پابه‌ند نه‌بوونی هه‌ندێ لایه‌نه‌ به‌ ره‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان، دیاره‌ ئاڵا یه‌كێكه‌ له‌و ره‌مزانه‌ی كه‌ ده‌كرێ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ ده‌وری كۆببنه‌وه‌، كه‌چی له‌ خۆپیشاندانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی په‌ڕۆی حزبی ده‌بینرێن كه‌متر ئاڵای پیرۆزی كوردستان ده‌بینرێ، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێویسته‌ كورد له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا هێزی نه‌ته‌وه‌یی نیشانی دوژمنانی بدات، كه‌چی ئه‌و لایه‌نانه‌ خۆپیشاندانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان وه‌ك كاڵایه‌ك له‌ ململانێی حزبیدا به‌كاردێنن و هێزی سیاسی خۆیانی له‌ به‌رامبه‌ر ركابه‌ره‌كانیان پێده‌رده‌خه‌ن، به‌وه‌ش هه‌م ده‌رگا به‌ڕووی شكستدا ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌میش رێز له‌ سه‌ركه‌وتنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ناگرن.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.