ئه‌گه‌ر گله‌یی له‌ دوژمن نه‌فامی بێ، ستاییش كردنی ده‌به‌نگییه‌، كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی گله‌یی له‌و دوژمن ده‌كه‌ن و ستاییشی ئه‌و دوژمنیش ده‌كه‌ن، هه‌م نه‌فامن و هه‌م ده‌به‌نگ، چونكه‌ هیچ كاتێك دوژمن به‌ گله‌یی ده‌ستبه‌رداری دوژمنكاری نابێ و به‌ ستاییشیش نابێته‌ دۆست، كه‌چی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راستییه‌ له‌كاتی هێرش و په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر باشوور و خۆرئاوای كوردستان هه‌م گله‌یی له‌ دوژمن كرا و هه‌م ستاییش.

له‌كه‌س شاراوه‌ نییه‌ تورك و فارس دوو دوژمنی سه‌رسه‌ختی كورد و داگیركاری كوردستانن، تورك به‌شه‌ گه‌وره‌كه‌ی كوردستانی داگیركردووه‌ و به‌ درێژایی مێژوو زۆرینه‌ی كوردی چه‌وساندۆته‌وه‌، كه‌چی له‌ كوردستان ده‌سته‌ و تاقمی سیاسی وا خۆش گله‌یی هه‌ن، بۆ مه‌رامی سیاسی و به‌ مه‌به‌ستی تۆمه‌تبار كردنی لایه‌نێكی دیاریكراو، گله‌یی ئه‌وه‌ له‌ تورك ده‌كه‌ن كه‌ شه‌ڕی داعشی بۆ نه‌كردووین، بۆیه‌ نه‌فامییه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ له‌ دوژمنێكی وه‌ك تورك بكه‌ین بێت و له‌ باشوور یان خۆرئاوای كوردستان شه‌ڕ بۆ كورد بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تورك به‌ ئازادی و خۆشگوزه‌رانی كورد خۆشحاڵ بوایه‌، ئه‌وا خۆی داگیركاری كوردستان و به‌ درێژایی مێژوو بكوژی كورد نه‌ده‌بوو.

فارسیش دووه‌م به‌شی گه‌وره‌ی كوردستانی داگیر كردووه‌ و رۆژانه‌ سێداره‌ گه‌ڕۆكه‌كانی بۆ هه‌ڵواسینی گه‌نج و لاوی كورد به‌ كوچه‌ و كۆڵانی شار و شارۆچكه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستاندا ده‌گه‌ڕێن، كه‌چی هه‌مان ده‌سته‌و تاقم به‌ خه‌مخۆر و پشت و په‌نای كوردی ده‌زانن، به‌ شانازییه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ پاسدار و سوپای قودس هاتوون له‌ كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری، كورد ده‌پارێزن و شه‌ڕی داعشی بۆ ده‌كه‌ن، جا ئه‌گه‌ر فارسیش وه‌ك ئه‌و ده‌سته‌ و تاقمانه‌ ده‌ڵێن: ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می كورد بووایه‌ به‌شێكی كوردستانی داگیر نه‌ده‌كرد و سێداره‌ گه‌ڕۆكه‌كانی به‌ كوچه‌ و كۆڵانه‌كاندا نه‌ده‌سووڕانه‌وه‌، ئایا ئه‌و ده‌سته‌ و تاقمانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ سوپای قودس بۆ پاراستنی كوردانی باشوور هاتۆته‌ كه‌ركوك، ئه‌ی نابینن له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌وه‌ كوردن له‌سه‌ر داوای ساده‌ترین مافی كورد بوون ده‌كوژرێن و بۆ ترساندنی زیاتری خه‌ڵك له‌ شه‌قامه‌كاندا به‌ سێداره‌ گه‌ڕۆكه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسرێن؟َ! بۆیه‌ ده‌ڵێم: ئه‌و ده‌سته‌ و تاقمانه‌ی له‌ یه‌ك كاتدا گله‌یی له‌ تورك و ستاییشی فارس ده‌كه‌ن، هه‌م نه‌فام و هه‌م ده‌به‌نگن، چونكه‌ به‌ گله‌یی كردن له‌ تورك، كورد له‌ ژێرده‌سته‌یی و چه‌وسانه‌وه‌ رزگاری نابێ، به‌ ستاییشی فارسیش سێداره‌ گه‌ڕۆكه‌كانی له‌ جووڵه‌ ناوه‌ستن.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ تورك و فارس له‌ناو رووداوه‌ گه‌رمه‌كانی ناوچه‌كه‌دا گه‌مه‌ی باڵاده‌ستی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌كه‌ن، كه‌چی پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی ئه‌و دوو داگیركاره‌ی كوردستان، هه‌ندێ لایه‌نی كوردی گه‌مه‌ی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی ده‌كه‌ن، جا بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌م گه‌مه‌یه‌شدا وه‌ك رابردوو دۆڕاوی یه‌كه‌م نه‌بێ، پێویسته‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك گه‌مه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی بكات، ئه‌و گه‌مه‌یه‌ش به‌ یه‌كڕیزی و رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد ده‌كرێ، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موومان ئه‌و راستییه‌ بزانین: كه‌ ئه‌وه‌ی كورد له‌ ژێرده‌سته‌یی تورك رزگار ده‌كا و سێداره‌ گه‌ڕۆكه‌كانی فارسیش ده‌وه‌ستێنێ، كۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و هاوهه‌ڵوێستی خۆیه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌ردوو لایان.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.