له‌ كه‌س شاراوه‌ نییه‌ له‌ سه‌ره‌تای كه‌رتبوونی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و جیابوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، رۆژ له‌ دوای رۆژ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی چوون، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ قۆناغدا په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوانیان به‌ شێوه‌یه‌ك ئاڵۆزیان تێكه‌وت كه‌ وه‌ك هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر ئاشتی كۆمه‌ڵاتی و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی ده‌رده‌كه‌وتن، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌ 21ی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو، په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتیش درزیان تێكه‌وت، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌مجاره‌ی داگیركارانی كوردستان بۆ سه‌ر پرسی كورد و ده‌ستكه‌وته‌كانی له‌ به‌رگی داعشدا، تا ده‌هات درزه‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بوو، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی زۆری له‌ شه‌قامی كوردیدا درووست كرد، لێره‌دا نامه‌وێ بچمه‌ سه‌ر ورده‌كاری و هۆكاره‌كانی درزه‌كه‌ و گه‌وره‌ بوونی، له‌ رۆژی 12ــ10ــ2014 مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا به‌ مه‌به‌ستی ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوانیان له‌ سلێمانی كۆبوونه‌وه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا توانرا به‌ جۆرێك له‌ نزیك بوونه‌وه‌ و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان و ده‌ربڕینی هاوهه‌ڵوێستی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ لای خه‌ڵك بڕه‌وێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ی زیاتر دڵی خه‌ڵكی كوردستانی خۆش كرد، رۆژی دواتر به‌ مه‌به‌ستی خۆسازدان و ئاماده‌كاری بۆ به‌شداری كردن له‌ حكومه‌تی عێراقدا، له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به‌سترا، دیاره‌ پله‌ و پایه‌ و پۆست چ له‌ هه‌ولێر یان له‌ به‌غدا ده‌ستكه‌وتی حزبی كورت مه‌ودان و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كات به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام رێكخستنی ناوماڵی كورد ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ به‌دوای خۆیدا دێنێ، ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌ییش پێچه‌وانه‌ی هه‌ر ده‌ستكه‌وتێكی حزبی، دوورمه‌ودان و به‌ درێژایی ژیان نه‌وه‌كانی داهاتوو لێی به‌هره‌مه‌ند ده‌بن، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرا له‌و روانگه‌یه‌ و هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پێناو رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد و به‌ یه‌كگوتاری و هاوهه‌ڵوێستی بۆ چوونه‌ به‌غدا، ده‌ستی له‌ زۆر مافی حزبی و ده‌نگده‌رانی خۆی هه‌ڵگرت و بۆ به‌هێز بوونی پێگه‌ی كورد له‌ به‌غدا، كه‌وته‌ به‌شینه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت به‌سه‌ر حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا.

ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ له‌ قۆناغێكی زۆر هه‌ستیار و چاره‌نووسسازدا بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌ر و پێشهاتێكی چاوه‌ڕوانكراو له‌ كانیاوی كوردایه‌تی ده‌ستنوێژی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌ڵگرت، ئه‌وه‌ش خواستێكی له‌ مێژینه‌ی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بوو، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ لێره‌دا به‌ راشكاوی ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌: هه‌م پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و هه‌م نزیك بوونه‌وه‌مان له‌ ده‌ستكه‌وتی زیاتر و گه‌یشتن به‌و دواڕۆژه‌ی ده‌یان ساڵه‌ قوربانی بۆ ده‌ده‌ین، به‌نده‌ به‌ نه‌شكاندنی ئه‌و ده‌ستنوێژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ به‌و ده‌ستنوێژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ نوێژی كوردایه‌تی دابه‌ستن، ئه‌وا بێگومان به‌ به‌هه‌شتی سه‌ربه‌خۆیی ده‌گه‌ین، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ دوژمنان وه‌ك رابردوو به‌ یاسای شۆڤێنیزم حه‌شری سیاسیمان ده‌كه‌ن و له‌ دۆزه‌خی داگیركاریدا وه‌ك سووتاندویانین ده‌مانسووتێنن، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوێست و كرداری ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ بخه‌ینه‌ ژێر چاودێری و بزانین: كامیان ئه‌و ده‌ستنوێژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ده‌شكێنێ كه‌ هێزی به‌رگری و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی دوژمنان له‌ كورد ده‌ستێنێ؟

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.