ئه‌و غه‌دره‌ی ئێستا و به‌ رۆژی رووناك له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌كرێ، مه‌گه‌ر كاتی خۆی له‌ حه‌سه‌ن و حوسێنان كرابێ، هه‌موومان ده‌زانین كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ قه‌یرانی كوتله‌ و باڵباڵێنه‌وه‌ تووشی چه‌ندین كێشه‌ و گرفتی ناوخۆیی بووه‌، كه‌چی حزب و لایه‌نه‌كان ئه‌و بارودۆخه‌ له‌به‌رچاو ناگرن كه‌ ئه‌و حزبه‌ تێیكه‌وتووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌ریان لێشێواندوون، وایان سه‌ركردوونه‌ سه‌ر ئاگایان له‌ خۆیان نه‌ماوه‌ و ناچاریان كردوون هه‌ر كوتله‌ و گرووپه‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ و بێئاگاداری كوتله‌ و گرووپه‌كانی تر به‌یاننامه‌ و راگه‌یه‌ندراو ده‌ربكه‌ن، یه‌كێتیش بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ له‌و حزب و لایه‌نانه‌ بكاته‌وه‌ و وه‌ك خۆی سه‌ریان لێبشێوێ و نه‌زانن كامیان قسه‌ به‌ده‌سته‌ و كامیان بدوێنن، خۆی كردووه‌ به‌ گوندی فره‌ كوێخا و خۆشیان نازانن كێ ده‌مڕاست و قسه‌ به‌ده‌ستیانه‌، من وه‌ك كه‌سێك كه‌ بڕیارم داوه‌ له‌ سه‌نگه‌ری مه‌زڵووماندابم و هه‌ستیش ده‌كه‌م ئێستا یه‌كێتی مه‌زڵوومه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ یه‌كێتی نیم به‌ڵام هه‌ستێكی شاراوه‌ ده‌مجووڵێنێ و ناچار ده‌بم به‌رگریان لێبكه‌م.

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان (23) ساڵه‌ خزمه‌تی شاری سلێمانی ده‌كات، (23) ساڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ كه‌مێك زیاتر خزمه‌ت به‌و شاره‌ بكات ئه‌م به‌رپرس لاده‌دا و ئه‌و به‌رپرس له‌ شوێنی داده‌نێ، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می خه‌ڵكی سلێمانی دایه‌ (23) ساڵه‌ له‌ فه‌رمانبه‌رێكه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان و ته‌نانه‌ت كارگوزاره‌كانیش به‌ ته‌زكیه‌ی حزبی داده‌نێ، له‌وه‌ش دیارتر بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی سلێمانی ئه‌وانه‌ی یه‌كێتی نه‌بوون وه‌ك هاووڵاتی پله‌ دوو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردوون، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ تا پێنج ساڵ به‌ر له‌ ئێستا به‌شێك بووه‌ له‌ خۆی و له‌ هه‌موو ئه‌و خزمه‌ته‌ی به‌ سلێمانی و سلێمانییه‌كان كراوه‌ شه‌ریكی بووه‌ ده‌ڵێ: به‌ هێزی دیموكراتی و بڕیاری سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌بێ پارێزگاری سلێمانیمان راده‌ست بكات، ئایا ئه‌و غه‌دره‌ له‌ حه‌سه‌ن و حوسێنان كراوه‌ كه‌ دوای تێپه‌ڕینی چه‌ندین سه‌ده‌ شیعه‌كان ئێستا بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یان ده‌جه‌نگن؟

ئایا ئه‌وه‌ی به‌ تاكڕه‌وی و هێز و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی نه‌بیستی یه‌كێتی به‌ده‌ستی هێناوه‌، ده‌كرێ سندووقی ده‌نگدان و بڕیاری خه‌ڵك هه‌روا سووك و ئاسان لێی وه‌ربگرێته‌وه‌؟

بۆ مه‌گه‌ر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان خۆیان گوته‌نی خاوه‌نی (130) ده‌بابه‌ و پاره‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ نین! چۆن قبووڵ ده‌كرێ سندووق و ده‌نگی خه‌ڵك غه‌درێكی وا گه‌وره‌ له‌ ده‌بابه‌ و پاره‌ و هێز بكات؟!

ئه‌وه‌ هه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نییه‌ كه‌ غه‌در له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌كات، پارتی دیموكراتی كوردستانیش كه‌ تا دوێنێ هاوپه‌یمانی بووه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و خراپترش غه‌دری لێده‌كات، پارتی بێ ئه‌وه‌ی بزانێ كه‌ یه‌كێتی به‌ هۆی كوتله‌و باڵباڵێن و ئه‌و هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌ی له‌ پشتیه‌تی كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی حزبیشی له‌ناودا نه‌ماوه‌، كه‌چی هه‌ر به‌ گه‌ز و ربه‌كه‌ی جاران ده‌یپێوێ و داوای كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی لێده‌كات، یه‌كێتیش وه‌ك ئاماژه‌م پێدا بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ به‌ چه‌ندین ئاواز ده‌خوێنێ كه‌ هه‌ندێكیان زیاتر له‌ ئاوازی قه‌له‌ڕه‌ش ده‌چن، وه‌ك ئه‌وه‌ی عادل موراد له‌ ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند هه‌ندێ كادری دڵ رازیكراوی له‌ خۆی كۆكردوونه‌وه‌ و ناوه‌ ناوه‌ به‌رده‌مۆره‌ی شیعه‌گه‌رایی و كه‌فوكوڵی كوتله‌بازی ناو حزبه‌كه‌ی هه‌ڵده‌داته‌ گۆمی كوردایه‌تی و به‌ شێوه‌یه‌ك گۆمه‌كه‌ ده‌شڵقێنێ، ده‌بێ ماوه‌یه‌ك دڵسۆزانی كوردایه‌تی و خه‌مخۆرانی ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌ردوو حزب وه‌ك ئاو روونكه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ بگه‌ڕێن تا كه‌مێك گۆمه‌كه‌ روون ده‌كه‌نه‌وه‌.

تو ئه‌و خوایه‌ پێم بڵێن: كێ وه‌ك یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان غه‌در لێكراوه‌؟ ئه‌گه‌ باوه‌ڕ ناكه‌ن بفه‌رموون به‌ چاوی خۆتان راستیه‌كان ببینن: سه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ به‌شێك بوون له‌ خۆی، دوای ئه‌وه‌ی ماڵی خۆیان كرد ئێستا داوای پارێزگاری سلێمانی لێده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگار نه‌دات به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئیشی كه‌وتۆته‌ به‌رده‌رگای ئیسلامییه‌كان، ئه‌وانیش به‌ نۆره‌ی خۆیان غه‌دری لێده‌كه‌ن و بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌ نین ده‌نگی پێبده‌ن.

پارتیش كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی لێده‌وێ، له‌ناو ئه‌و كوتله‌ و باڵباڵێنه‌دا و زاڵی لایه‌نێكی دیاریكراوی ده‌ره‌كی به‌سه‌ر هه‌ندێ كوتله‌و باڵیه‌وه‌، بۆ یه‌كێتی ئاسان نییه‌ بتوانێ به‌ده‌نگ ئه‌و داوا قورسه‌ی پارتییه‌وه‌ بێ.

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و غه‌دره‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و هه‌موو نه‌وته‌ به‌ تانكه‌ر به‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا ئاودیوده‌كرێ و پارتی زوڵمی لێده‌كات و داهاته‌كه‌ی لێده‌شارێته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و نیوه‌ی حكومه‌ت و هه‌ندێ جار سه‌رۆكی حكومه‌تیشی له‌ده‌ستدا بووه‌.

یه‌كێتی بۆ قوتاربوون له‌و كێشه‌ و گرفته‌ ناوخۆییانه‌ی تێیكه‌وتووه‌ و بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ داواكاری حزب و لایه‌نه‌كان و رازیكردنی خه‌ڵك، به‌و ئه‌رشیفه‌دا ده‌چێته‌وه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن چوار ساڵی رابردوو كاری پێكردووه‌، به‌وه‌ش ده‌یه‌وێ كێشه‌ و گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی بگوازێته‌وه‌ ناو شه‌قام و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێوه‌ سه‌رقاڵ بكات.

وه‌ی چه‌ند فه‌قیرحاڵن! مێشیان پێ له‌ ده‌می خۆیان ده‌رناكرێ، ئه‌وه‌تا له‌ فه‌قیرحاڵیان ئه‌ركی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تیان تێكه‌ڵ كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ش هێنده‌ ئۆپۆزسیۆنانه‌ ده‌دوێن كه‌سێك شاره‌زای سیاسیه‌تی رابردوویان نه‌بێ واده‌زانێ به‌ كوده‌تا ده‌سه‌ڵاتیان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌، یان واده‌زانێ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بێگاره‌ و پارتی به‌ زۆری زۆرداری پێیان ده‌كات، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایكردووه‌ دوور له‌ لۆژیكی دیموكراسی و به‌ها باوه‌كانی جیهانی سیاسه‌ت، وه‌ك ئێستا ده‌یبینین له‌ ده‌سه‌ڵات ئاواز داده‌نێن و له‌ شه‌قامیش كۆنسێرت ساز ده‌كه‌ن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.