پرسی كورد وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئێستادا به‌ قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ، مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ده‌ركه‌وتنی پێگه‌ی كورد له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌ك هێزێكی كارا له‌ شه‌ڕی بنبڕكردنی تیرۆر ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستیاری ئه‌و قۆناغه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازێ یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی بخه‌نه‌ پێشینه‌ی ئه‌ركه‌ حزبییه‌كان، هه‌موو لایه‌نه‌كانیش له‌سه‌ر گرنگی و كاریگه‌ری یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌و گۆڕینی ئاراسته‌ی رووداوه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد كۆك و هاوڕان، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ هه‌ر تاكێكی ناو كۆمه‌ڵگا بپرسی: بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌ناو رووداوه‌ جه‌نجاڵه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا سه‌ره‌داوی پرسی نه‌ته‌وه‌یی له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێ چی بكات باشه‌؟ یه‌ك وه‌ڵام وه‌رده‌گریه‌وه‌ و ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد ناوماڵی خۆی یه‌كبخاو به‌ گوتار و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بچێته‌ ناو رووداوه‌كان، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ گرنگی یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد بێ، پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێست نین؟

ئه‌گه‌ر كه‌مێك بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ ریككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ عێراقی دوای سه‌ددام حوسێن یه‌كێك بوو له‌و هه‌نگاوه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی كه‌ ده‌كرا كورد خه‌ونی به‌دیهێنانی یه‌كڕیزی ناوماڵی خۆی پێبسپێرێ، چونكه‌ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌رگای گه‌مه‌ی موخابه‌راتی له‌ناو ریزه‌كانی كورد تا ئاستێكی باش به‌ رووی دوژمناندا داخست، هه‌م مۆته‌كه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی له‌ هزر و بیری تاكی كورد ده‌رهێنا و هه‌میش توانی پرسی كورد وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌رێته‌ ناو رووداو و هاوكێشه‌ سیاسییه‌ عێراقی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ئا له‌و رۆژگاره‌ هه‌ستیاره‌دا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی دژ به‌و رێككه‌وتنه‌و هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد به‌ ناوه‌ختی له‌ هه‌ناوی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هاته‌ده‌ر، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیه‌وه‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ی دایه‌ به‌ر تانه‌ و ته‌شه‌ری سیاسی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ به‌ چڕی ئیشی له‌سه‌ر ده‌كرد كه‌ بڕوای به‌ زۆرێك له‌ كادره‌كانی یه‌كێتیش هێنابوو كه‌ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ دژ به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی و ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورده‌، لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كانیش كه‌ ده‌مێك بوو به‌دوای ده‌رفه‌تێكی وادا ده‌گه‌ڕان بوونه‌ به‌شێك له‌ دژه‌ ره‌وتی رێكخستنی زیاتری ناوماڵی كورد، ئه‌و سێ لایه‌نه‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌باتی ئه‌وه‌ی ببنه‌ به‌شێك له‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌و گوڕوتینی زیاتر به‌ هه‌نگاوه‌كانی رێكخستنی ناوماڵی كورد بده‌ن، سێ قۆڵی كه‌وتنه‌ سازكردنی گۆنگه‌ڵی سیاسی و شه‌ڕ فرۆشتن به‌ گوتار و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌ش ده‌رگای به‌ رووی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی دوژمناندا كرده‌وه‌و وه‌ك ده‌بینین ئێستا له‌ چه‌ندین لاوه‌ دزه‌یان كردۆته‌ ناو ریزه‌كانی كورد و كار له‌سه‌ر ناكۆكیه‌كانی ناو لایه‌نه‌ كوردیه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ له‌م بابه‌ته‌داو له‌ پرسی رێكخستنی ناوماڵی كورد زیاتر تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر، هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و ئاسته‌نگ و رێگریه‌كانن.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ئێستا سه‌رۆك بارزانی زیاتر له‌ هه‌ر كاتێك هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌ر رێكخستنی ناوماڵی كورد چڕكروونه‌وه‌، له‌و پێناوه‌دا و بۆ رازیكردنی لایه‌نه‌كان و یه‌كخستنی گوتار و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی به‌رده‌وام مافی پارتییه‌كانی كردۆته‌ قوربانی، به‌ مانایه‌كی تر ئه‌وه‌نده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێز له‌ پرۆژه‌ی كاری هاوبه‌شی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیانی دینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی سه‌رۆك بارزانی ده‌گرن، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانیش دوور له‌ ده‌مارگیری حزبی به‌ ده‌نگ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ هاتبان، ئه‌وا ناوماڵی كورد به‌ شێوه‌یه‌ك یه‌كده‌خرا كه‌ هیچ گومانێك له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی كورد نه‌مێنێ، كه‌چی ئه‌و په‌رۆشی و به‌ ده‌نگه‌وه‌ هاتنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی هه‌ندێ لایه‌ن نابینرێ و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ یه‌كخستنی ناوماڵی كورد مه‌رجی سیاسی داده‌نێن، هه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌شن كه‌ ده‌بنه‌ رێگر و ئاستنه‌گ له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد، كه‌ ده‌كرێ وه‌ك نموونه‌ ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین.

هه‌ركاتێك سه‌رۆك بارزانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌نگاوێك له‌ بازنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نزیك ده‌كاته‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوو هه‌نگاو دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردووش به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن كه‌ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌ناو پرۆسه‌ی دیموكراسیدا به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن، ئێستا كه‌ هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كاریگه‌ریان هه‌یه‌ و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌ڕۆیی جارانی نه‌ماوه‌، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌و بازنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ هێزی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دوژمنان به‌ كورد ده‌به‌خشێ، واتا چ یه‌كێتی و چ گۆڕان یه‌كخستنی ناوماڵی كوردیان تا ئه‌و شوێنه‌ قبووڵه‌ كه‌ یه‌كیان له‌ دیوه‌خان و ئه‌ویتریان له‌ حه‌وشه‌دابێ، ئه‌وه‌ش نه‌ك هه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد په‌كده‌خات، به‌ڵكو رقی سیاسی و ململانێی حزبی به‌ شێوه‌یه‌ك تۆخ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كخستنی ناوماڵی كورد ببێته‌ شتێكی مه‌حاڵ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و دوو لایه‌نه‌ واتا گۆڕان و یه‌كێتی رقی پۆستی پارێزگاری سلێمانی به‌ پرۆسه‌ی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد ده‌ڕێژن، ئه‌وه‌ش خه‌تایه‌كی نیشتیمانیه‌و پێویسته‌ كورد به‌ گشتی و سلێمانییه‌كان به‌ تایبه‌تی هه‌ڵوێستی له‌ به‌رامبه‌ر وه‌ربگرن.

مه‌ترسییه‌كی تر له‌سه‌ر پرۆسه‌ی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد بوونی كه‌سانێكه‌ كه‌ به‌ناوی رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ هه‌ر رۆژه‌و له‌ كه‌ناڵێك ده‌رده‌كه‌ون و سستكردنی هه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد به‌ ئامانج ده‌گرن، ئه‌وانه‌ تا دوێنێ له‌ كه‌ناڵی (كه‌ی ئێن ئێن) ده‌رده‌كه‌وتن و به‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتیدا ده‌ڕشانه‌وه‌ و به‌ گه‌نده‌ڵ و سته‌مكار ناویان ده‌بردن، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ به‌ژن و باڵای نه‌وشیروان مسته‌فایان هه‌ڵده‌دا و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان وه‌ك فریاڕه‌س ناو ده‌برد، ئێستا كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌مێك مه‌یلی به‌لای یه‌كخستنی ناوماڵی كورددا گۆڕاوه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ له‌ (كه‌ی ئێن ئێن) تۆراون و له‌ كه‌ناڵی (كوردسات نیوز) گیرساونه‌ته‌وه‌ و به‌سه‌ر پارتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ده‌ڕشێنه‌وه‌، ئه‌و به‌ناو رۆشنبیرانه‌ كاتێك له‌ (كه‌ی ئێن ئێن) ده‌رده‌كه‌وتن و به‌سه‌ر یه‌كێتیدا ده‌ڕشانه‌وه‌، وه‌نه‌بێ مه‌به‌ستیان دژایه‌تی یه‌كێتی بووبێ، یان كاتێ له‌ (كوردسات نیوز) ده‌رده‌كه‌ون و گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا ره‌خنه‌باران ده‌كه‌ن مه‌به‌ستیان دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ گۆڕان و بادانه‌وه‌بێ بۆ لای یه‌كێتی، ئه‌وانه‌ پێیان سپێردراوه‌ دژ به‌و ره‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌ بن كه‌ سه‌رۆك بارزانی بۆ یه‌كخستنی ناوماڵی كورد رابه‌رایه‌تی ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین گۆڕان و یه‌كێتی هه‌ر كامێكیان هه‌نگاوێك له‌ پارتی نزیك ببێته‌وه‌ و ده‌ستباری یه‌كخستنی ناوماڵی كوردی له‌گه‌ڵ بدات، ئه‌وا پارتی و ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ده‌نه‌ به‌ر ئه‌و په‌لاماره‌ موخابه‌راتیه‌ی كه‌ ئه‌و به‌ناو رۆشنبیرانه‌ ئاراسته‌ ده‌كات.

به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ سیاسی و مێژووییه‌كان یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و وه‌ڵامی پرسیاری هه‌موو قۆناغه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی پێیه‌، هه‌ر لایه‌نێكی سیاسیش به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك خۆی له‌و ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بدزێته‌وه‌ خه‌تایه‌كی مێژوویی ده‌كات و به‌رامبه‌ر خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان به‌رپرسیار ده‌بی، به‌ڵام پرسیارێك كه‌ پێویستی به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌، هه‌ر كاتێك یه‌كێتی دێته‌ ناوماڵی كوردایه‌تی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان قوشقی ده‌بێ و خۆی ده‌خاته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی هه‌وره‌تریشقه‌ی به‌هاری ئیسلامی سیاسی و (ارحل) له‌ پرۆسه‌ی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد ده‌كات، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دێته‌ به‌ر ده‌رگای ماڵی كوردایه‌تی، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان سیاسه‌تی دژه‌باو وه‌رده‌گرێ و خۆی ده‌كات به‌ به‌شێك له‌ (په‌كه‌كه‌)، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ (په‌كه‌كه‌) له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان هه‌موو جیاوازییه‌كی سیاسی و بوونی بیروڕای ئازاد ره‌تده‌كاته‌وه‌.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.