ده‌ڵێن: شێر كه‌ له‌ بێشه‌ هاته‌ده‌ر چ نێر چ مێ، نیگار حوسێنی كچه‌ پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتیش ئه‌و شێره‌یه‌ كه‌ له‌ بێشه‌ی كوردایه‌تی و شۆڕشگێڕی هاته‌ ده‌ر، بۆ راستی ئه‌و په‌نده‌ كوردیه‌ش ئه‌وه‌تا ده‌بینین كه‌ نیگار حوسێنی ئه‌و مێژووه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌نووسێته‌وه‌ كه‌ خۆشه‌وی خه‌لیل شه‌ست و هه‌شت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕی سه‌قز و له‌ به‌رگریكردن له‌ كۆماری كوردستان تۆماری كرد.

خۆشه‌وی خه‌لیل شه‌ست و هه‌شت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا خوێنی خۆی تێكه‌ڵ به‌ خوێنی رۆژهه‌ڵاتیه‌كان كرد، ئه‌مرۆش نیگار حوسێنی پێشمه‌رگه‌ خوێنی خۆی تێكه‌ڵ به‌ خوێنی باشووریه‌كان ده‌كات.

شه‌ست و هه‌شت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا خۆشه‌وی خه‌لیل ئه‌و سرووده‌ شۆڕشگێری و نه‌ته‌وه‌ییه‌ی چڕی كه‌ بارزانی نه‌مر ئاوازی سنوور شكێنی بۆ دانا، ئێستاش له‌سه‌ر زاری نیگاری پێشمه‌رگه‌ گوێبیستی هه‌مان سروود و به‌ هه‌مان ئاواز ده‌بینه‌وه‌.

دوێنێ خۆشه‌وی خه‌لیل له‌ (بارزان) ی مه‌ڵبه‌ندی شۆڕش و رابوونی نه‌ته‌وه‌یی، نامه‌ی خه‌باتی هاوبه‌شی بۆ رۆژهه‌ڵاتیه‌كان ده‌برد، ئه‌مڕۆش نیگار حوسێنی پێشمه‌رگه‌ له‌ (بۆكان) ه‌وه‌ دێت و له‌ كه‌ركوك هه‌مان نامه‌ بۆ باشووریه‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌.

نیگار حوسێنی پێشمه‌رگه‌ كاتێك ده‌بینێ ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌ریه‌كانی كورد له‌ باشوور كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌ی داگیركارانی كوردستان، له‌ دوو نامه‌دا بۆ حوسێنی یه‌زدانپه‌نای جێگری سه‌رۆكی پارتی ئازادی كوردستان، هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌رگریكردن له‌ كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

نامه‌ی یه‌كه‌م:ــ بۆ رێگه‌م پێناده‌ن هاوشانی پێشمه‌رگه‌كانی حزبه‌كه‌م له‌ دژی داگیركه‌ر شه‌ڕ بكه‌م، من چاوم له‌ چاوی هیچیان ره‌شتر نییه‌، خوێنم ئاڵتر نییه‌.

نامه‌ی دووه‌م:ــ من خۆم جل و به‌رگم كڕیوه‌، هه‌موو شتم ئاماده‌یه‌، ته‌نیا ره‌زامه‌ندی بده‌ن با بێم هاوشانی باوكم و هاوڕێكانم له‌ مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌ف به‌رگری له‌ خاكه‌كه‌م بكه‌م.

نامه‌كانی نیگار حوسێنی پێشمه‌رگه‌ لێوانلێون له‌ پرسیار نه‌ته‌وه‌یی و نه‌هێنی شاراوه‌ی نیشتیمانی، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ بۆ مه‌رامی حزبی و له‌به‌ر خاتری وڵاتێكی ده‌ره‌كی، خۆ له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ناو نامه‌كانی نیگار ده‌بوێردرێ و په‌رده‌ له‌سه‌ر نه‌هێنیه‌ نیشتیمانیه‌كان لانادرێ، به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ نزیكه‌ كه‌ كه‌ركوك و مهاباد و ئامه‌د و قامیشلو بینه‌ ده‌نگ و شه‌رمی سیاسی بشكێنن و به‌ربه‌سته‌ حزبییه‌كان ببڕن و وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بده‌نه‌وه‌، كۆده‌نگی و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتی هاوبه‌شیش له‌ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی خاتروخوایش ده‌رچێ و په‌ی به‌ نه‌هێنییه‌كان به‌رن و سڵاوی نه‌ته‌وه‌یی له‌ شه‌هید بوونی نیگاری پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن.

زۆر هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ره‌وشت و ئاكاری پێشمه‌رگانه‌ی نیگار حوسێنیدا ده‌رده‌كه‌ون كه‌ شایانی رێز لێگرتنن، لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم زۆر به‌ كورتی ئاماژه‌ بۆ سێ له‌و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بكه‌م، چونكه‌ له‌ خه‌باتی رزگاری نیشتیمانیدا پێویستی زۆرمان پێیان ده‌بێ.

1ــ نیگاری كچه‌ پێشمه‌رگه‌ی بۆكانی له‌ كه‌ركوك و سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریه‌وه‌ به‌ر له‌ شه‌هید بوونی شانازی شه‌هید بوون به‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان راده‌گه‌یه‌نی، رۆژی دواتر ئه‌و شانازیه‌ی دێته‌دی و مه‌رگ و خوێن و شه‌هید بوونی ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌ی نیشتیمانی، مێژووی رزگاریخوازی كوردیش شانازی به‌ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌كات.

2ــ نیگاری پێشمه‌رگه‌ جارێكیتر له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ په‌یامی خه‌باتی هاوبه‌ش و به‌رگریكردن له‌ كوردستان بۆ بارزانی نه‌مر و پێشه‌وا قازی ده‌نێرێته‌وه‌، ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ شه‌ست و هه‌شت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا و له‌ كۆماری كوردستان نه‌خشه‌ رێگایان بۆ دانا.

3ــ له‌ مه‌راسیمی ناشتنی جه‌نازه‌ی نیگاری پێشمه‌رگه‌دا هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی تر تۆخ ده‌ركه‌وتن، كاتێك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ده‌م ماچ كردنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌، مشتێك خۆڵی وه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان خوێنی نیگار و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌ڵگرت، ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم: هیچ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ شایانی شانازی نیگار حوسێنی پێشمه‌رگه‌ بن، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ بڵێم: سڵاوی بارزانی نه‌مر و پێشه‌وا قازی له‌ خوێنت، له‌و سه‌نگه‌ره‌ی كردته‌ جێژوانی ئازادی، له‌هه‌ڵمه‌تی پێشمه‌رگانه‌ و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییت.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.