له‌م وڵاته‌دا مافی مرۆڤ و دیموكراسی و میدیای سه‌ربه‌خۆ به‌ ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیدا ده‌برێن و به‌ ئه‌قڵی حزب پێناسه‌ ده‌كرێن، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییش كراونه‌ته‌ پاشكۆی به‌رژوه‌ندی تایبه‌تی و ده‌نگی حزب، حزبیش ئه‌وه‌ی دوێنێ گوتوویه‌تی ئه‌مڕۆ لێی په‌شیمانه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش ده‌یڵێ سبه‌ی پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین كه‌ ئه‌و سێ چه‌مكه‌ رۆژانه‌ له‌ قالبی سیاسی ده‌درێن و به‌پێی حه‌ز و ویستی حزبی و له‌ناو حزبیشدا شرۆڤه‌ و پێناسه‌یان له‌ خولگه‌ی بریار و به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سیدا مه‌رجدار ده‌كرێن.

مافی مرۆڤ له‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك به‌ سیاسی كراوه‌ زۆر جاران چۆن به‌رگری پێ له‌ مافی بیروڕای ئازاد ده‌كرێ، ئه‌وهاش به‌رگری پێ له‌ تیرۆریست و كرده‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌كرێ، دیموكراسیش كراوه‌ته‌ به‌ره‌ڵڵایی و به‌ یاسای باژۆ ده‌شته‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حه‌سابی زه‌وتكردنی ماف و ئازادیه‌كانی كه‌سانی تر و ده‌سته‌ و گرووپێكی دیاریكراویش بێت، ده‌رگا له‌به‌رده‌م تێركردنی حه‌ز و خولیا نه‌گریسه‌كانی تاكی باڵاده‌ست و هه‌ندێ ده‌سته‌ و گرووپدا ده‌كرێته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌یه‌ك یان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵێكی (تی ڤی) بپرسین: به‌چی بزانین سه‌ربه‌خۆن؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر به‌و هه‌موو جنێو و ته‌شهیر و ناوزڕاندنه‌ نه‌زانی كه‌ سه‌ربه‌خۆین، ئه‌وا تۆ له‌ سه‌ربه‌خۆیی میدیا تێنه‌گه‌یشتووی، یان پێتده‌ڵێن: ئه‌وه‌نییه‌ كار له‌سه‌ر ناشیرینكردنی لایه‌نێكی دیاریكراو ده‌كه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر مه‌رامی شاراوه‌ش له‌ پشت ئه‌و ناشیرین كردنه‌ بێ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێكی تریش بێ، ئه‌وا له‌ سه‌ربه‌خۆیی ئێمه‌ كه‌مناكاته‌وه‌.

له‌وانه‌ش سه‌یر و سه‌مه‌رتر په‌یدا بووه‌، لایه‌نی سیاسی هه‌یه‌ پێیه‌كی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌و ئه‌ویتری له‌ ئۆپۆزسیۆن، فوو به‌ زوڕنای ئۆپۆزسیۆندا ده‌كا و شاباش له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرێ، له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م دزه‌و هه‌م دزگر، به‌شه‌و ماڵان ده‌بڕێ و به‌ رۆژ له‌گه‌ڵ ماڵ بڕاودا به‌دوای دزدا ده‌گه‌ڕێ، دڵ ره‌ق و میهره‌بانه‌، گاز ده‌گرێ و خۆی ده‌گری، كه‌ باس دێته‌ سه‌ر ده‌ستكه‌وت و جوانیه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌مان لایه‌ن وایده‌رده‌خات كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كراوه‌ته‌ به‌هه‌شت، یه‌ك و دوو و سێ. . . ریزیان ده‌كات ماندوو ده‌بی له‌ ژماردن و ته‌واو نابن، له‌ پڕ باده‌داته‌وه‌ و كوردستان وه‌ك دۆزه‌خ نیشان ده‌دات، بۆیه‌ كورد گوته‌نی: ئه‌گه‌ر ئه‌و بایه‌ له‌و كوونه‌وه‌ بێ و وه‌ك ئێستا ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ بێژینگی به‌رژه‌وه‌ندی حزبیدا بكرێن و حزبیش تاكه‌ كه‌سێك رایوه‌شێنێ، ئه‌وا شتی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تریش ده‌بینین.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.