زۆر زاراوه‌ی سیاسی ــ سه‌ربازی ــ ئابوری و زانستی به‌ هۆی كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ره‌وتی رووداو و گۆڕانكاریه‌كان بوونه‌ته‌ زاراوه‌ی سنووربڕ و به‌ شێوه‌یه‌ك تێكه‌ڵ به‌ زمانه‌ جیاوازه‌كانی جیهان بوون، كه‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی تاك زمانیان پێوه‌ دیار نه‌ماوه‌ و به‌ جیهانی كراون، ئه‌گه‌ر لاپه‌ره‌كانی فه‌رهه‌نگی سیاسی و سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ دیموكراتی ــ دیكتاتۆری ــ فاشیزم ــ تیرۆریزم و زۆر زاراوه‌ی تریش ره‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ و چوونه‌ته‌ ناو فه‌رهه‌نگی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی جیهانه‌وه‌، یان هه‌ندێ سه‌ركرده‌ و ناودار و گه‌وره‌ پیاوی داهێنه‌ریش به‌ هۆی لێبڕاوی و بیری فراوان و ره‌وشت و ئاكاری به‌رز و گه‌وره‌یی كار و كرداریان، به‌ داهێنان و گیانبازی و خه‌مخۆریان بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانیان ناو و ناوبانگیان بۆته‌ ناسنامه‌ی نه‌مری و مێژووی پڕ سه‌روه‌ری و خه‌بات و قوربانیدانیان پێده‌ناسرێته‌وه‌، كورد به‌ هۆی رێگری دوژمنان و ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی به‌ درێژایی مێژوو له‌سه‌ری بووه‌ كه‌متر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خساوه‌ سنووره‌كان ببڕێ و ناوی سه‌ركرده‌ و ره‌مزه‌كانی قوربانیدانی بچنه‌ ناو فه‌رهه‌نگی سیاسی و سه‌ربازی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تری جیهان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ جار توانیویه‌تی به‌ربه‌سته‌كان ببڕێ و گه‌مارۆكان تێكبشكێنێ و ده‌نگدانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی درووست بكات، كه‌ ده‌كرێ دوو نموونه‌ بخه‌ینه‌ پێش چاوی خوێنه‌ر.

یه‌كه‌م:ــ بارزانی نه‌مر یه‌كێك له‌و نموونانه‌یه‌ كه‌ به‌ربه‌سته‌كانی دوژمنانی بڕین و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك ناسنامه‌ی خه‌بات و قوربانیدانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌مدیده‌ ناسراوه‌، راسته‌ جۆرج واشنتۆن و دیگۆڵ و لینین و ماوتسیتۆنگ و ماندێللا و زۆری تریش له‌ قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوودا بوونه‌ته‌ كاریزما، به‌ڵام هیچیان نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئاسته‌ی ببنه‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌كانیان به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌ بناسرێ، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ بارزانی نه‌مر له‌گه‌ڵ هه‌موو چه‌واشه‌كاریه‌كانی ناوخۆ و توندكردنی گه‌مارۆكانی دوژمنان توانی پله‌ و پایه‌ی كاریزمایی تێپه‌ڕێنێ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بناسێنێ، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ پشت راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌: زۆر جاران وا رێكه‌وتووه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و رۆشنبیریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، یان له‌ شه‌قام و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت شوێنی كاركردن، كاتێ ناوی كورد هاتووه‌ نه‌ كوردیان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ ناسیوه‌ و نه‌ كوردستانیش وه‌ك نیشتیمان، به‌ڵام كاتێ ناوی بارزانی نه‌مر هاتووه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ بوونی كورد بێئاگا بوون، سه‌ری حاڵی بوونیان له‌قاندووه‌ و له‌ خۆمان باشتر شاره‌زای هه‌ڵوێستی سنوور شكێنی و خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی كورد بوون، لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و راستییه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ بارزانی نه‌مر نه‌ك هه‌ر وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌كانی جیهاندا پێگه‌ی تایبه‌ت و ناو و ناوبانگی هه‌یه‌، به‌ڵكو ناو و مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ونكراوی له‌ زه‌ریای دوژمنكاری دوژمنان و سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندپارێزی نێوده‌وڵه‌تیدا دۆزیه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بارزانی نه‌مر نه‌بوایه‌ كورد له‌ زۆر سه‌روه‌ری وه‌ك هه‌ڵوێستی سنوور شكێنی و ژیانه‌وه‌ی بیر و فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و داهێنانی خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی و رێڕه‌وی چۆمی ئاراس بێبه‌ش ده‌بوو، كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بینین كورد له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنانی پشت به‌و پایانه‌ ده‌به‌ستێ، كه‌ بارزانی نه‌مر ده‌یان ساڵ به‌ر له‌ ئێستا بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی داگیرخوازی تورك و فارس و عه‌ره‌ب هێزی لێوه‌رگرتوون.

دووه‌م:ــ به‌ر له‌ رووداوه‌كانی موسڵ و په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر كوردستان پیرۆزی و گه‌وره‌یی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك ئێستا له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌كانی جیهاندا ده‌رنه‌كه‌وتبوو، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ناوزڕاندنی به‌ چه‌ته‌ و رێگر و به‌كرێگیراوی ئێره‌ و ئه‌وێ ناویان ده‌برد، ئه‌و به‌ پلان كاركردنه‌ی دوژمنان به‌ مه‌به‌ستی ناشیرین كردنی پێشمه‌رگه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر كاری له‌سه‌ر ناو و ناوبانگی پێشمه‌رگه‌ كردبوو، به‌ڵام له‌ دوای رووداوه‌كانی موسڵ و په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر كوردستان، به‌رگری و نه‌به‌ردیه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ته‌می چه‌واشه‌كاری چه‌ند ساڵه‌ی دوژمنانی ره‌وانده‌وه‌ و بووه‌ زاراوه‌یه‌كی سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌موو زمانه‌ جیاوازه‌كانی جیهانی به‌ جوانیه‌كانی خۆی ئاشنا كرد.

ئێستا پیرۆزی و سه‌روه‌ریه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ ته‌نها موڵكی كورد نه‌ماون، ئه‌گه‌ر تا دوێنێ به‌س كورد به‌ خۆنه‌ویستی و گیانبازی و نه‌به‌ردیه‌كانی پێشمه‌رگه‌ سه‌ربه‌رز بووبێ، ئه‌مڕۆ وه‌ك زاراوه‌ زۆر باوه‌كانی جیهان تێكه‌ڵ به‌ زمانه‌ جیاوازه‌كان بووه‌ و له‌ناو فه‌رهه‌نگی سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تیدا شوێنی شیاوی خۆی گرتووه‌و جه‌نه‌ڕاڵ و مارشاڵه‌كان پێی سه‌رسامن، ئه‌وه‌تا ده‌بینین نه‌ك هه‌ر له‌ راگه‌یاندنه‌كانی جیهان وه‌ك هێزێكی داكۆكیكار له‌ ئازادی و دیموكراسی ناوی ده‌هێنرێ، به‌ڵكو له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی وڵاته‌ زلهێزه‌كان به‌ ره‌مزی خۆڕاگری ناو ده‌برێ، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ مه‌به‌ستی سیاسی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی ناوبانگیان ده‌زڕاند و به‌ میلیشیایان ده‌كرد، پێویسته‌ و ده‌بێ داوای لێبووردن بكه‌ن، چونكه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ پێشه‌نگی به‌ره‌ی دیموكراسیدا دژ به‌ به‌ره‌ی تیرۆریزم ده‌جه‌نگێ.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.