له‌دوای رووداوه‌كانی موسڵ و ناوچه‌كانی تری سوننه‌نشین كه‌سانێكی زۆر پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئایا عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێ یان به‌ یه‌كگرتوویی ده‌مێنێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر بۆ عێراقی به‌ر له‌ رووداوه‌كانی موسڵ بگه‌رێینه‌وه‌، تێده‌گه‌ین كه‌ به‌ر له‌ رووداوه‌كانی موسڵ داوێكی زۆر باریك عێراقی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستبووه‌وه‌، رووداوه‌كانی موسڵ ئه‌و داوه‌شیان پساند، ئه‌گه‌رنا عێراق له‌و كاته‌وه‌ دابه‌ش بووه‌ كه‌ نوری مالیكی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور كه‌وته‌ گه‌مه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی، بێ گوێدانه‌ بارودۆخی عێراق ململانێ سیاسیه‌كانی به‌ ئاراسته‌ی بوغز و كینه‌ی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بردن، سۆزی مه‌زهه‌بگه‌رایی ده‌جووڵاندو و كێشه‌كانی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر قووڵ ده‌كردن، تۆمه‌تی بۆ نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵده‌به‌ستن و سوننه‌ی په‌راوێز ده‌خست و له‌ناو شیعه‌شدا كاری بۆ باڵاده‌ستی خۆی ده‌كرد، چه‌ندی باڵانسی هێزی روو له‌ هه‌ڵكشانبا، ئه‌وه‌نده‌ زیاتر كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد توند ده‌كردن، ده‌ستی ده‌ستی به‌ مادده‌ی 140ی ده‌ستوور ده‌كرد، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی درووستده‌كردن و به‌ داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر نه‌ده‌وه‌ستا و هه‌ره‌شه‌ی هاتنه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر و سلێمانیش ده‌كرد، موچه‌و میزانیه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ده‌بڕی، هێزی خۆی له‌ قه‌یراندا ده‌بینی، هه‌ر بۆیه‌ش به‌رده‌وام قه‌یران له‌ دوای قه‌یرانی درووست ده‌كردن، ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌س نین كه‌ بڵێین عێراق ده‌مێكه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌؟

دوا بڕیاری نوری مالیكی بۆ ناردنی موچه‌ و میزانیه‌ی هه‌رێم مل كه‌چی و گوێڕایه‌ڵی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد و به‌ تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی ده‌كرده‌ مه‌رج، له‌ به‌رامبه‌ردا سوننه‌ چ له‌ناو شه‌قام و چ له‌ناو په‌رله‌مان و حكومه‌تدا جۆرێك له‌ دابه‌شكاریان كردووه‌و ئه‌و یه‌كپارچه‌ییه‌ی عێراقیان ره‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ نوری مالیكی ده‌یویست، كوردیش له‌لای خۆیه‌وه‌ سیاسه‌تی نوری مالیكی بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عێراقی ره‌تكردۆته‌وه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی خواست و ئامانجه‌ سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌كانی نوری مالیكی سیاسه‌تی نه‌وتی و بڕیاری سه‌ربه‌خۆ كردنی ئابوری برده‌سه‌ر، سه‌رۆك بارزانی پێیوابوو له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێزترین وه‌ڵامه‌ بۆ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی نوری مالیكی، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیش په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسییه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌ك بردنه‌ پێش كه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌كرێ، سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ و تاكڕه‌وی نوری مالیكی و هه‌ڵوێست و پێداگری سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر به‌دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رده‌وام له‌ به‌ریه‌ككه‌وتندا بوون، كه‌ ده‌كرێ ئه‌وه‌ به‌ سه‌ره‌تای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق ناوبه‌رین، رووداوه‌كانی موسڵ و ئه‌وه‌ی دواتریش رووده‌دات دڵنیابوونه‌ له‌وه‌ی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوو كۆتایی پێهاتووه‌.

به‌ درێژایی مێژوو كورد زه‌ره‌رمه‌ندترین پێكهاته‌ بووه‌ له‌ عێراقێكی به‌هێز و یه‌كگرتوودا، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستان ده‌نگ و ره‌نگی وا هه‌یه‌ شین بۆ عێراقێكی به‌هێز و یه‌كگرتوو ده‌كات و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی به‌ پیلانگێڕی ناو ده‌بات، ده‌بێ چ نه‌هێنییه‌ك له‌ پشت ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگه‌ گومانلێكراوانه‌وه‌ هه‌بێت؟

ده‌بێ كورد چ زیانێك له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق بكات؟ له‌كاتێكدا كۆی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان و مه‌ترسی دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی مه‌رگ و كاره‌سات و ئه‌نفال له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراقدایه‌.

ئایا ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگانه‌ بۆ مێژوو چ وه‌ڵامێكیان پێیه‌؟ بۆ داهاتوو هه‌ڵگری چ پلان و كانامه‌یه‌كی دۆزه‌خین؟

ئایا ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگانه‌ پاشكۆی ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگانه‌ نین كه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان قه‌ڵس و تووڕه‌ ده‌بن؟

وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌و زۆر پرسیاری تریش له‌ هه‌گبه‌ی موخابه‌راتی داگیركارانی كوردستاندان، جا به‌ر له‌وه‌ی موخابه‌راتی داگیركارانی كوردستان وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌، پێویسته‌ كورد به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی سه‌ری هه‌گبه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بدروێ و ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان لای داگیركاران و ده‌نگه‌ شاراوه‌كانیان بكاته‌ ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ به‌ درێژایی مێژوو له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی ترساون.