رووداوه‌كانی موسڵ و ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كانی تری عێراق گومانی جه‌نگی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ی ره‌وانده‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كورد ده‌خوازێ بۆ هه‌ر پێشهات و ده‌رهاویشته‌یه‌كی ئه‌و جه‌نگه‌ ناو ماڵی خۆی له‌ هه‌ر وه‌ختێك زیاتر رێكبخاو به‌ پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بۆ گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ ئاماده‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و ته‌نانه‌ت پرسیاریشه‌ عادل موراد له‌و كاته‌ هه‌ستیاره‌دا به‌ گژ هه‌وڵه‌كانی رێكخستنی ناوماڵی كورددا ده‌چێته‌وه‌ و پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی نه‌ته‌وه‌یی دێته‌ ده‌نگ و ده‌یه‌وێ پرسی كورد بكاته‌ پاشكۆی ئه‌و جه‌نگه‌ مه‌زهه‌بیه‌، هه‌ر كه‌سێك بزانێ عادل موراد له‌ رۆژنامه‌ی (ئه‌لسه‌باح) ی زمانحاڵی حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی چی گوتووه‌، تێده‌گات كه‌ چ مه‌رامێكی شاراوه‌ و ترسناك له‌ پشت لێدوانه‌كانیه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ گومان و پرسیار له‌پشت كۆی هه‌ڵوێست و لێدوانه‌كانی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، به‌ڵام كاتی لێدوان و هه‌ڵوێسته‌كانی رابردووی وه‌ك كاتی لێدوان و هه‌ڵوێستی ئه‌مجاره‌ی هه‌ستیار و له‌سه‌ر دۆزی كورد مه‌ترسیدار و بۆ سه‌ر گوتار و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی ترسناك نه‌بوون،

عادل موراد له‌ رۆژنامه‌ی ئه‌لسه‌باح ده‌ڵێ: (داعش ته‌نها هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هێزه‌كانی یه‌كێتی له‌ ناوچه‌كانی وه‌ك جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ و خانه‌قین، له‌ ناوچه‌كانی پارتی هیچ هێرشێك ئه‌نجام نادات) وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ عادل موراد جارێكی تر سیاسه‌تی دوو ناوچه‌یی ده‌ورووژێنێ، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی درووستكردنی ئه‌و گوتاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌یه‌ كه‌ كورد ده‌توانێ هێزی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی هه‌ره‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی لێوه‌ربگرێ، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌ك له‌و لێدوانه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێ ده‌یه‌وێ هه‌موو كورد بخزێنێته‌ شه‌ڕێكه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی كورد نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی بۆ نه‌كرێ ده‌یه‌وێ دوو هه‌ڵوێستی و دوو گوتاری له‌ناو كورددا درووستبكا و لانی كه‌م به‌شێك له‌ كورد بكاته‌ لایه‌نێكی جه‌نگه‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌.

دواتر ده‌ڵێ: (داعش هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردیه‌ شیعیه‌كان، له‌ هه‌ر شوێنێك حوسێنیه‌ هه‌بێت هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ری، ئێستا پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی به‌رگری له‌ ناوچه‌كانی كوردی شیعه‌ ده‌كه‌ن) جارێ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌بێ عادل موراد ئه‌و راستییه‌ بزانێ كه‌ مه‌رامی داعش یان نوری مالیكی ناوچه‌كانی كوردی شیعه‌ یان كوردی سوننه‌ نییه‌، داعش و نوری مالیكی داعشی ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردن، مه‌رامیان داگیركردنه‌وه‌ی كوردستانه‌ به‌ كوردی شیعه‌ و كوردی سوننه‌ و كوردی ئێزیدی و كاكه‌یی. . . هتد، پێشمه‌رگه‌ش پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌و ده‌بێ به‌رگری له‌ كوردستان بكات، نه‌ك له‌ ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو وه‌ك عادل موراد ده‌ڵێ، به‌و پێوه‌ره‌ مه‌زهه‌بیه‌ی كاك عادل موراد كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوان كورد و عه‌ره‌بی پێده‌پێوێ، ئه‌گه‌ر نوری مالیكیش هاته‌وه‌ ده‌بێ هێرش بكاته‌ سه‌ر ناوچه‌كانی كوردی سوننه‌ و مزگه‌وته‌كان، جا به‌و پێوه‌ره‌ی عادل موراد پرسی كوردی له‌ناو رووداوه‌كانی عێراق پێده‌پێوێ، ئه‌وكاته‌ بۆ به‌رگریكردن نۆره‌ی پێشمه‌رگه‌ی حزبێكی تر دێ.

به‌پێی تێڕوانینی عادل موراد بۆ رووداوه‌كانی ئێستای عێراق ده‌بێ كورد بڕیار و هه‌ڵوێستی خۆی بخاته‌ باخه‌ڵی شیعه‌ و سوننه‌ی عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر پرسی كورد و خه‌ونی نه‌ته‌وه‌ییمان، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌گژ ئه‌و ده‌نگه‌ نامۆیانه‌ی ناوماڵی كورددا بچێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراق رووده‌دات شه‌ڕی مه‌زهه‌بیه‌و پرسی كورد وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ زۆر نه‌كه‌م سوود له‌ چوونه‌ ناو ئه‌و جه‌نگه‌ وه‌رناگرێ، ئه‌وه‌ی بۆ كورد گرنگه‌ به‌رگری كردنه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و كار كردنه‌ له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌یان بۆ باوه‌شی كوردستان، چونكه‌ بینیمان نوری مالیكی به‌و هه‌موو رقه‌ مه‌زهبیه‌ی كه‌ له‌ سه‌ددام حوسێنی هه‌ڵگرتبوو، له‌ سیاسه‌تی به‌ عه‌ره‌بكردن و به‌گژداچوونه‌وه‌ی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی كورد بۆ ژێر زوڵم و سته‌می شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی به‌ دیوه‌ شیعه‌گه‌راییه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌ددام حوسێن كۆك و ته‌با بوو.