ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراق و له‌ نێوان شیعه‌ و سوننه‌ رووده‌دات زیاتر له‌ یاری (دێردی) نێوان ریاڵ مه‌درید و ئه‌تڵه‌تیكۆ مه‌دریدی ئیسپانی ده‌چێ، له‌و یاریه‌دا چ شیعه‌ سه‌ركه‌وێ یان سوننه‌، كورد وه‌ك یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی براوه‌دا یاری كلاسیكۆی له‌پێشه‌، چونكه‌ كورد به‌ گرتنه‌وه‌ ده‌ستی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم گه‌یشتۆته‌ یاری كۆتایی، ئه‌وه‌ش واده‌كات براوه‌ی یاری (دێرد) خۆی بۆ یاری كلاسیكۆ له‌گه‌ڵ كورد ئاماده‌ بكات، بۆ كورد گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ده‌ستهێنانی كاسه‌كه‌یه‌، شیعه‌و سوننه‌ش چاویان بڕیوه‌ته‌ كاسه‌كه‌و ده‌یان ساڵیشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاسه‌ گێچه‌ڵ به‌ كورد ده‌كه‌ن و شه‌ڕی پێ ده‌فرۆشن، لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ درووستده‌بێ: ئایا كورد تا كوێ ئاماده‌سازی بۆ دوا یاری چاوه‌ڕوانكراوی كلاسیكۆ له‌گه‌ڵ شیعه‌و سوننه‌ كردووه‌؟

ئایا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ ده‌وری ئیداره‌ی یانه‌و راهێنه‌ر و یاریزان ده‌بینن ده‌توانن دڵی هانده‌رانیان خۆش بكه‌ن؟

ئایا میكانیزمی سه‌ركه‌وتن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی كاسه‌ دزراوه‌كه‌ چییه‌؟

كورد نابێ چاوه‌ڕوانی براوه‌ی یارییه‌كه‌ی نێوان ریاڵ و ئه‌تڵه‌تیكۆ بكات، چونكه‌ چ به‌ برانه‌وه‌ی یه‌كێكیان و چ به‌ سووكه‌ پێكهاتنێكی كاتی نێوانیان رازی نابن كورد كاسه‌كه‌ بۆ خۆی به‌رێ، كه‌واته‌ كورد له‌ هه‌موو باره‌كاندا ده‌بێ خۆی بۆ یاری كلاسیكۆ ئاماده‌ بكات.

گۆڕانكاریه‌كان ئالۆزن و فره‌ جه‌مسه‌ر و فره‌ ره‌هه‌ندیشن، ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا رووده‌دات شه‌ڕی نێوان چه‌ند هه‌زار چه‌كدارێكی داعش و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا نییه‌، شه‌ڕی نێوان شیعه‌ و سوننه‌یه‌، دوێنێ له‌ سوریا و ئه‌مڕۆ په‌لی هاویشتووه‌ بۆ عێراق و سبه‌ی بۆ شوێنێكی تر.

یاری كلاسیكۆ هه‌لێكه‌ و هاتۆته‌دی، كورد ده‌بێ بزانێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگا چی ده‌كا و له‌ناو یارگادا یاریزانه‌كان چۆن ده‌جووڵێن، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ سه‌رۆك بارزانی وه‌ك راهێنه‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموون ده‌مێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگا هه‌وڵه‌كانی چڕكردوونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دادوه‌ر كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ وه‌ك زۆر جاریتر خیانه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی یاریه‌كه‌ نه‌كات، له‌ناو یاریگاشدا كاری بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ و ده‌كات چۆن په‌یوه‌ندی نێوان یاریزانه‌كان رێكبخات و كار و جووڵه‌یان بۆ دیاریبكات، چاوه‌ڕوانی هانده‌رانیش بۆ ئاماده‌سازی یاریه‌كه‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ی كاسه‌كه‌ وا ده‌خوازێ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ ده‌وری یاریزان ده‌بینن، له‌ چوارچێوه‌ی رێنمایی و راسپارده‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌تدا په‌یوه‌ندیه‌كانیان رێكبخه‌ن، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ هێرشبه‌ر و به‌رگریكار بین، به‌لامانه‌وه‌ گرنگ بێ گۆڵ تۆمار بكه‌ین و گۆڵمان لێنه‌كرێ، بیر له‌وه‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ كێ گۆڵ ده‌كات، بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ گۆڵ بكه‌ین و كاسه‌كه‌ به‌رز بكه‌ینه‌وه‌، هه‌ر لایه‌نێكی سیاسیش پێیوابێ به‌ ته‌نها یاریه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌ و كاسه‌كه‌ ده‌كاته‌ ده‌ستكه‌وتی حزبی، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ (په‌ناڵتی) بۆ یانه‌ی به‌رامبه‌ر كه‌ شیعه‌ یان سوننه‌ یان هه‌رده‌دووكیان ده‌بن درووست بكات.