دابه‌شكردنی كوردستان به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی داگیركار و دوژمن به‌ ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، پرسی كوردی له‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ كرده‌ پرسێكی ناوخۆی وڵاتانی داگیركاری كوردستان، ئه‌وه‌ش به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان دابه‌شبوونی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی لێكه‌وته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و دابه‌شكردنه‌ نه‌ك هه‌ر پرسی كوردی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دابڕی و ده‌رگای تاوانكاری به‌ رووی داگیركارانی كوردستاندا كرده‌وه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاست تاوانكاری و كۆمه‌ڵكوژی كورد و وێرانكردنی نیشتیمانه‌كه‌ی كرده‌ كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت فرۆش، ئه‌گه‌رچی گرێكوێره‌ی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ده‌ستی بارزانی نه‌مر كرایه‌وه‌ و كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێكوێره‌یه‌ش له‌ سنوور شكێنی بارزانی نه‌مر و به‌ده‌نگه‌وه‌ چوونی شۆڕش و راپه‌ڕینی كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ ویستی ئه‌و سه‌روه‌ریه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بدزێ و خۆی بكات به‌ كاراكته‌ری بیرۆكه‌ی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی و داهێنه‌ری پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ روانینی بۆ ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی له‌وه‌دابوو كه‌ دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌ژێر چاودێری و به‌ رێنمایی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی یه‌كێك له‌ داگیركارانی كوردستان كه‌وته‌ بانگه‌شه‌ی كوردستانی گه‌وره‌ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر داڵده‌دانی سه‌رۆك و كادرانی په‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس و كردنه‌وه‌ی باره‌گای سه‌ركردایه‌تی له‌ناو خاكی سوریادا، په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و رژێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی داگیركاری به‌شێكی تری كوردستان كه‌ توركیا بوو به‌ره‌و ئاڵۆزی چوو، ئه‌وه‌بوو بۆ خاوكردنه‌وه‌ی گرژیه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا بڕیاری داخستنی باره‌گای سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌ و وه‌ده‌رنانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌ناو خاكی سوریا درا و سه‌ره‌نجام گرتنی ئۆجه‌لانی لێكه‌وته‌وه‌.

 عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان كه‌ پێیوابوو ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردی بێ ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست دێته‌دی تا ئه‌وكات به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌ به‌ له‌ خۆ باییه‌وه‌ ده‌دوا و وایده‌رده‌خست كه‌ گرێكوێره‌ی به‌ختی كورد له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و به‌ درووشم ده‌كرێته‌وه‌، كه‌چی به‌رگه‌ی چاوه‌ڕوان كراوترین پێشهاتی دژه‌ شۆڕش و به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕی كوردانه‌ و سیاسه‌تی داگیركارانه‌ی دوژمنانی نه‌گرت، نه‌یتوانی ژیانی پێشمه‌رگانه‌ هه‌ڵبژێرێ و خۆی نه‌داته‌ ده‌ست قه‌ده‌ری ئه‌و پێشهاته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، له‌ هه‌موو كوردستان په‌نایه‌كی شك نه‌برد تا لێیه‌وه‌ چاودێری ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بكات كه‌ موزایه‌ده‌ی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی پێوه‌ ده‌كرد، دوای ده‌ستگیر كردنی، ئێستا كێرڤی داواكاریه‌كانی له‌ ده‌وڵه‌تی كوردی و ستراتیجی نه‌ته‌وه‌بیه‌وه‌ دابه‌زاندووه‌ بۆ كرانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا به‌ رووی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كورددا.

په‌كه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌ی بۆ خه‌باتی رزگاریخوازی پارچه‌كانی تری كوردستان درووست كردووه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ سه‌رئێشه‌ی بۆ داگیركارانی كوردستان درووست نه‌كردووه‌، هه‌ر كاتێك به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنانی كورد شكستی خواردبێ، ئه‌وا بۆ داپۆشین و شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كه‌ی گێچه‌ڵی به‌ پارته‌ كوردیه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان كردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار گێچه‌ڵی به‌و ئه‌زموونه‌ی باشووری كوردستان كردووه‌ كه‌ به‌ری ره‌نجی ده‌یان ساڵ خوێن و خه‌بات و قوربانیدانی گه‌لی كورده‌ له‌و پارچه‌یه‌دا، بۆ نموونه‌ له‌ ساڵی 1995 له‌ پارێزگای دهۆك به‌ پێی پیلانێكی پێشوه‌خته‌ له‌ یه‌ك كاتدا هێرشی كرده‌ سه‌ر (25) بنكه‌ و باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان و زۆریانی داگیركردن و ده‌وڵه‌تی میدیای راگه‌یاند، یان له‌ ساڵی 1997 به‌ پشتیوانی تۆپخانه‌ و سوپای پاسدارانی ئێران و هاوكاری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هێرشیان كرده‌ سه‌ر ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی و له‌ شارۆچكه‌ی چۆمان داموده‌زگای به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراندن، لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین: ئایا ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ پشتیوانی سوپای پاسداران و تۆپخانه‌ی ئێران دێته‌دی؟

له‌وه‌ش ترسناكتر وه‌ك له‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه‌دا زیاتر تیشكی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر، په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان بۆته‌ لایه‌نی سێیه‌م و له‌ نێوان هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كورد و داگیركارانی كوردستان به‌ درووشمی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی گه‌مه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و باڵاده‌ستی سیاسی و سه‌ربازی ده‌كات.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی كارنامه‌یه‌كی دوور مه‌ودایه‌و ده‌بێ پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌ پشت بێ، به‌ مه‌رجێ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی له‌ خۆیدا كۆكردبنه‌وه‌، نه‌ك به‌و پرۆژه‌ حزبییه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ بۆ به‌ رابه‌ربوون و باڵاده‌ستی خۆی هه‌رای بۆ ناوه‌ته‌وه‌ و موزایه‌ده‌ی سیاسی پێوه‌ ده‌كات، مه‌ترسی پرۆژه‌ حزبییه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌و تاكڕه‌وی و پاوانكاریه‌ سیاسیه‌دایه‌ كه‌ گوتاری نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ریه‌كانی مێژوو به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ حزبی ده‌كات، كه‌ هه‌موو پیرۆزیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و جیاوازیه‌ سیاسییه‌كان له‌ راوبۆچوونی تاكه‌ كه‌سیدا چڕ ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان پاشكۆیه‌كی سیاسی درووست كردووه‌و به‌ ئاراسته‌ی دژایه‌تی كردنی هێزه‌ نیشتیمانیه‌كانی تر ده‌یانجووڵێنێ، ئه‌وه‌تا له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (پژاك) ی دامه‌زراندووه‌و هاوپه‌یمانی و كاری پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ كۆی حزبه‌ شۆڕشگێڕ و خاوه‌ن مێژووه‌كانی ئه‌و پارچه‌یه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

له‌ رۆژئاوای كوردستانیش (په‌یه‌ده‌) ی دامه‌زراندووه‌و به‌ رێنمایی موخابه‌راتی سوری شۆڕشگێرانی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی تر دادگایی ده‌كاو رێ له‌ خه‌بات و تێكۆشانیان ده‌گرێت، له‌گه‌ڵ جه‌یشی داگیركار و كورد كوژی سوری هه‌ماهه‌نگن و كارو چالاكی سیاسی و سه‌ربازی حزب و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانی تر دژ به‌و سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی ده‌یان ساڵه‌ له‌و پارچه‌یه‌دا له‌ كورد ده‌كرێ له‌سه‌ر پرسی كورد به‌ مه‌ترسی ناوده‌بات.

باشووری كوردستانیش له‌ ده‌ستوه‌ردانی ئامانجداری په‌كه‌كه‌ به‌ده‌ر نه‌بووه‌، به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ژینگه‌ی دیموكراسی و په‌رۆشیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بۆ پرسی كورد و هاوخه‌باتی پارچه‌كانی تری كوردستان، پارتی چاره‌سه‌ری دامه‌زراندووه‌و پشێوی و كاری ئاژاوه‌گێڕیان پێده‌نێته‌وه‌، باره‌گاكانیان كردوونه‌ مۆڵگه‌ی پیلانگێڕی و كولانه‌ی بازرگانی كردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر.

په‌كه‌كه‌ و پاشكۆكانی له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ بزانن كه‌ پرسی كورد زۆر له‌وه‌ ئاڵۆزتره‌ به‌ سیاسه‌تی پاوانكاری حزبی و به‌و تاكڕه‌ویه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن چاره‌سه‌ر بكرێ، ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته‌ بگوترێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ و پاشكۆكانی له‌ كاتی زۆر هه‌ستیاردا پشێوی و ئاڵۆزی ده‌نێنه‌وه‌، ئاڵۆزی و پشێوی نانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ باشووری كوردستان به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا توندتر ده‌بن و ئاراسته‌ی نوێ وه‌رده‌گرن، یان راستتر بڵێین: به‌ریه‌ككه‌وتنی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆك بارزانی و جموجۆڵی تاكڕه‌وی و پاوانخوازی نوری مالیكی رۆژانه‌ له‌ هه‌ڵكشاندان، ئه‌وه‌تا نوری مالێكی به‌ هه‌ره‌شه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی زۆرینه‌ ده‌یه‌وێ كورد بكاته‌ پاشكۆی پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌ره‌نجام گێڕانه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی شۆڤێنیزم و سنووردار كردنی خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی راپرسی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رای خه‌ڵك ده‌كاته‌ دوا وه‌ڵام بۆ پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و پیلانگێڕیه‌ی كه‌ دژ به‌ ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد به‌ڕێوه‌ن، ئا له‌و كاته‌دا هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه‌ و وروژاندنی سیاسه‌تی دژایه‌تی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌و گومانه‌ درووست ده‌كات كه‌ په‌كه‌كه‌ گلابێته‌ ناو ئه‌و پیلانگێڕیه‌ی كه‌ دژ به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له‌ باشووری كوردستان له‌ ئارادان، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پیلانه‌ی كه‌ موخابه‌راتی یه‌كێك له‌ داگیركارانی كوردستان نه‌خشه‌ی بۆ كێشاوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی هاوهه‌ڵوێست و هاوده‌نگ بن.