هه‌موومان موزایه‌ده‌ی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانمان له‌بیره‌، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا دوو سێ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا به‌وه‌ خۆیان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان جیا ده‌كرده‌وه‌ كه‌ حزبی ئه‌وان حزبی بنه‌ماڵه‌ نییه‌، خۆیان به‌ مۆدێرن و پێشكه‌وتوو ده‌زانی و پارتی به‌ دواكه‌وتوو، له‌كاتێكدا مێژوو ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌مر به‌ درێژایی مێژوو قوتابخانه‌یه‌ك بووه‌ بۆ پێگه‌یاندنی سه‌ركرده‌ و كه‌سانی شۆڕشگێڕ، بۆیه‌ شتێكی بنه‌ماڵه‌ كه‌ هاوكاریان بووبێ بۆ ده‌ركه‌وتن و پێگه‌یشتنیان ئه‌و په‌روه‌رده‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕیه‌ بووه‌ كه‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ له‌ یه‌كتریان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌زانێ كه‌ یه‌كێتییه‌كان دوێنێ چیان فه‌رمووه‌ به‌ سه‌دوهه‌شتا ده‌ره‌جه‌ بایان داوه‌ته‌وه‌و حزبه‌كه‌یان له‌ بازنه‌ی حه‌ز و خولیای باڵاده‌ستی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌دا گه‌مارۆ داوه‌، جا بۆ ئه‌وه‌ی هیچ گومانێك له‌و راستییه‌دا نه‌مێنێ فه‌رموون ئێوه‌ی یه‌كێتییه‌كان بڕیار بده‌ن.

1ــ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نه‌ك هه‌ر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، كۆی ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسی و دارایی و سه‌ربازییه‌كانی حزبه‌ مۆدێرن و پێشكه‌وتووه‌كه‌ی بۆ خۆی قۆرخ كردووه‌.

2ــ قوباد جه‌لال تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م.

3ــ پاڤێل جه‌لال تاڵه‌بانی، به‌رپرسی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر و مه‌له‌فی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی بنه‌ماڵه‌ له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا.

4ــ لاهور شێخ جه‌نگی تاڵه‌بانی، به‌رپرسی ده‌زگای زانیاری.

5ــ شێخ بایز تاڵه‌بانی، وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كابینه‌كانی رابردوودا.

6ــ ئاڵا تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی.

7ــ بێگه‌رد تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان.

8ــ شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ وڵاتی به‌ریتانیا.

9ــ دكتۆر ره‌شید، ئاوه‌ڵزاوای مام جه‌ڵال و وه‌زیر له‌ حكومه‌تی عێراقی.

خاڵێكی تر كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی پێده‌ناسرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ نێوان وتار و كرداریدا خۆی ون ده‌كات، له‌ هه‌ڵبژاردنی (21) ی ئه‌یلولی رابردوو كاتێ كورسییه‌كانی دابه‌زین و بوو به‌ حزبی سێیه‌م، هه‌ره‌شه‌ی له‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی ده‌كرد و ده‌یگوت: سه‌نگی یه‌كێتی له‌ ژماره‌ی كورسییه‌كانیدا نییه‌، یه‌كێتی هێز و پاره‌ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، (150) ده‌بابه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی (30) ی نیسان وه‌ك ئاماژه‌كان ده‌ڵێن: كاتێ به‌ قودره‌تی ئه‌ودیو سنوور رێژه‌ی كورسییه‌كانی به‌رز بۆوه‌ ده‌ڵێ: سه‌نگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ رێژه‌ی ده‌نگ و ژماره‌ی كورسی دایه‌.

یه‌كێتی پێچه‌وانه‌ی خه‌ڵك له‌ پرسه‌دا شایی ده‌كاو له‌ ئاهه‌نگدا شین ده‌گێڕێ، سه‌رده‌مانێك بنه‌ماڵه‌ لای ئه‌وان تاوان و به‌ڵای سیاسی بوو، ئێستا بنه‌ماڵه‌ بۆته‌ به‌خششی خواو ده‌روازه‌ی خێر به‌ رووی دواڕۆژی پرسی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌كاته‌وه‌ و سه‌قامگیری سیاسی و رێكخراوه‌یی یه‌كێتی ناو یه‌كێتی ده‌پارێزێ، دوێنێ سه‌نگی سیاسی له‌ هێز و پاره‌ و ده‌بابه‌دا بوو، ئه‌مرۆَ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌و سه‌نگی سیاسی به‌ رێژه‌ی ده‌نگ و ژماره‌ی كورسی ده‌كێشێ.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.