ئه‌وه‌نده‌م پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردن گوێ لێبووه‌، به‌ نیشتیمانی كردنی راسته‌قینه‌م لێ بۆته‌ مه‌ته‌ڵی سیاسی و چه‌ندی ده‌كه‌م سه‌ره‌داوه‌كه‌ی نادۆزمه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و چه‌مكه‌ش به‌ حزبی كراوه‌و زیاتر موزایه‌ده‌ی سیاسی پێوه‌ ده‌كرێ، له‌وه‌ش سه‌یرتر سه‌كۆی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردۆته‌ موزایه‌ده‌خانه‌و به‌رده‌وام درووشمی به‌ نیشتیمانی كرنی تێدا ده‌گوترێته‌وه‌، بێباك له‌وه‌ی ده‌یڵێن چی شه‌ربه‌تی حزبی هه‌یه‌ له‌ناو په‌رداخی موزایه‌ده‌ی به‌ نیشتیمانی كردندا به‌ گه‌رووی خه‌ڵكیدا ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌رچی لێره‌و له‌وێ ده‌نگی به‌ نیشتیمانی بوون هه‌ڵده‌بڕن، به‌ڵام له‌ ناخدا به‌ جۆرێك حزبێندراون یرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردنیان له‌ پرێسكه‌ی پرۆسه‌ی به‌ حزبی كردن ئاخنیوه‌و فه‌لسه‌فه‌ی به‌ نیشتیمانی بوونیش لێده‌ده‌ن، بازاڕی به‌ نیشتیمانی كردنیان وا گه‌رم داهێناوه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێن: پرۆسه‌ی باران بارینیش به‌ نیشتیمانی ده‌كه‌ین و نابێ باران به‌و نادادپه‌روه‌ریه‌ ببارێ، چۆن ده‌بێ له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ به‌هۆی زۆری باران بارین زیان به‌ هاووڵاتیان بگات و قه‌ره‌بووش نه‌كرێنه‌وه‌، له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ش وشكه‌ ساڵی بێ و پارێزگارێك بتوانێ به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ خۆی و حزبه‌كه‌ی به‌ پاره‌ی وشكه‌ ساڵی خه‌نی بكات، لێره‌دا بۆمان هه‌یه‌ بپرسین: ئایا پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردن به‌ درووشم دێته‌دی یان به‌ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی؟

خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رقاپی سه‌ر زۆر نه‌هێنی هه‌ڵدانه‌وه‌و سیحر و جادووی سیاسی موزایه‌ده‌چیه‌كانی خولی سێیه‌می به‌تاڵ كردنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا سه‌ری زمان و بنی زمانیان به‌ نیشتیمانی كردنی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت بوو، هه‌شت مانگه‌ زمانیان له‌گۆ كه‌وتووه‌و له‌باتی زمانیان سه‌ری گیرفانیان ده‌جووڵێ، هه‌شت مانگ به‌سه‌ر خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا تێده‌په‌رێ هێشتا له‌ چاوه‌ڕوانی (OK) حزبیدان و نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان به‌ نیشتیمانی بكه‌ن، هه‌شت مانگه‌ له‌ چاوه‌ڕانیدان په‌یامی مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان له‌ په‌رله‌ماندا به‌ یاسا بكه‌ن، زه‌لیلی و پابه‌ندبوون به‌ بڕیاری حزبی ئه‌وانه‌م به‌لاوه‌ سه‌یر نییه‌، ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ شه‌رم نه‌كردنیانه‌ له‌ نانه‌وه‌ی هه‌رای به‌ نیشتیمانی كردن، توخوا كه‌سێك هه‌ڵوێستی خۆی پێ به‌ نیشتیمانی نه‌كرێ، تۆ بڵێی زاتی ئه‌وه‌ بكات له‌ خولگه‌ی حزبی ده‌رچێ و بتوانێ هه‌ڵوێستی به‌ نیشتیمانی كردن وه‌ربگرێ؟ یان كه‌سێك حزب گیرفانی بۆ هه‌ڵدروێ تۆ بڵێی بتوانێ به‌بێ بڕیاری حزب په‌نجه‌ هه‌ڵبڕێ؟

ناڵێم حزبایه‌تی حه‌رامه‌، به‌ڵام موزایه‌ده‌ی سیاسی و خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك به‌ درووشم و بانگه‌شه‌ی به‌ نیشتیمانیكردنی بێ كردار به‌ حه‌رام ده‌زانم، ناڵێم خۆپیشاندان و داواكاری خه‌ڵك ناڕه‌وایه‌، به‌ڵام به‌ كوده‌تاكردنی خواستی خه‌ڵك و وروژاندن و به‌ سیاسی كردنی داواكاری خه‌ڵك تاوانه‌، ناڵێم با هه‌ڵبژاردن نه‌كرێ و خه‌ڵك بڕیار نه‌دات، به‌ڵام كه‌ هه‌ڵبژاردن كراو رێز له‌ ده‌نگ و ئیراده‌ی خه‌ڵك نه‌گیرا و كه‌مینه‌ توانێ (ارحل) له‌ زۆرینه‌ بكات، هه‌ڵبژاردن بۆ بكرێ و چ مانایه‌ك بۆ جوانیه‌كانی دیموكراسی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رای خه‌ڵك ده‌مێنێ؟!

لایه‌نه‌كان بێ جیاوازی باس له‌ پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردن ده‌كه‌ن، كه‌چی په‌رۆشی سه‌رۆك بارزانی بۆ یه‌كخستنی ناوماڵی كورد كه‌ ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردنه‌، به‌ خاڵی لاواز ده‌زانن و بێ ده‌ستكه‌وتی حزبی ده‌ست بۆ یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی درێژ ناكه‌ن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو ژێر به‌ ژێر په‌نا بۆ ئێره‌و ئه‌وێ ده‌به‌ن و هه‌ره‌شه‌ی پێ له‌ یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییش ده‌كه‌ن.

په‌رۆشی سه‌رۆك بارزانی بۆ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ باجی حزبی بۆ داوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌نگ و مافی (پارتی) یه‌كان به‌ كۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ نیشتیمانیه‌كان ده‌گۆڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌رێكه‌وه‌ باجی حزبی ده‌داو تا راده‌یه‌ك ده‌نگده‌ری پارتی زویر ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێ (پارتی) یه‌كان و هه‌موو لایه‌ك ئه‌و راستییه‌ بزانن: كه‌ سه‌رۆك بارزانی به‌و باجه‌ حزبییه‌ كۆده‌نگییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆ درووست ده‌كات، كه‌ ده‌توانین له‌ به‌غدا شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پێبكه‌ین، چونكه‌ روانینی سه‌رۆك بارزانی بۆ پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردن روانینێكی سۆزداری نییه‌و له‌ ئه‌زموون و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، سه‌رۆك بارزانی پێیوایه‌ به‌بێ یه‌كخستنی جیاوازیه‌ سیاسی و حزبییه‌كان مه‌حاڵه‌ روانینێكی هاوبه‌ش بۆ پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردن درووست ببێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ درزی به‌رژه‌وه‌ندی حزبییه‌وه‌ شرۆڤه‌ بۆ پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردن ده‌كه‌ن و هه‌ر له‌و درزه‌شه‌وه‌ داواكاری حزبی تێكه‌ڵ به‌ په‌رۆشیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن، بۆ كاری پێكه‌وه‌ییش وه‌ك خاڵی ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردن سه‌رۆك بارزانی كۆده‌نگی و زیاتر به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ پێوه‌ر ده‌زانێ و لایه‌نه‌كانیش ده‌ستكه‌وتی حزبی ده‌كه‌نه‌ پێوه‌ر، ئه‌وه‌تا ده‌بینین لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ گومانه‌وه‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌كتری ده‌ڕوانن و به‌ ده‌نگه‌وه‌ چوونی لایه‌نێك بۆ په‌رۆشیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی لایه‌نێكی تر ته‌نگاو ده‌كات و به‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆی ده‌زانێ، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ره‌وتی پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردن نه‌گونجاوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌كان ئه‌و ترسه‌ سیاسییه‌ له‌ دڵی خۆیان ده‌ربكه‌ن و ئامانجه‌ نیشتیمانیه‌كان پێش ئامانجه‌ حزبییه‌كان بخه‌ن، ئه‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازێ له‌ په‌رۆشی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كخستنی ناوماڵی كورددا شوێنپێی سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵبگرن و بۆ پرۆسه‌ی به‌ نیشتیمانی كردنی راوبۆچوونه‌ جیاوازه‌كانیش هاوكار و هه‌ماهه‌نگی بن.