كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید تێپه‌ڕ ده‌بێت، هونه‌رمه‌ندێك هه‌موو ته‌مه‌نێك خۆشیان ده‌وێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌رۆژی یادكردنه‌وه‌یدا بنه‌ماڵه‌كه‌ی گله‌یی خۆیان له‌م راپۆرته‌ی (سڤیل) ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه‌ له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌واندا نه‌بووه‌.

جه‌لال سه‌عید ساڵی 1953 له‌ شاری مه‌هاباد رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌ و له‌شاری ره‌واندوزیش ته‌مه‌نی منداڵی به‌ڕێكردووه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتایه‌كاندا ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كردووه‌ و له‌گروپی (كرێكارانی كوردستان)، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان قادر زیره‌ك و نیزام شوكر و عاره‌ب عوسمان و حه‌مه‌جه‌زا له‌هه‌مان گروپدا بوون، تاوه‌كو كۆتایی ته‌مه‌نیشی هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌گۆرانیگوتن له‌تیپی هونه‌ره‌ میللییه‌كان، كه‌ له‌رۆژی 9/12/2013 به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی پرۆستارت كۆچی دوایی كرد و 10 منداڵی له‌دوای خۆی جێشت، سی كوڕ و حه‌وت كچ، ته‌نیا (شه‌ماڵ) كه‌ كوڕی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌ كاری هونه‌ری ده‌كات.

هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عیده‌، كارێكی كرد ناوی جه‌لال سه‌عید له‌نێو بنه‌ماڵه‌كه‌یاندا نه‌سڕێته‌وه‌، شه‌ماڵ ئه‌و كاره‌ی بۆ (سڤیل) باس ده‌كات و ده‌ڵێت "له‌دوای كۆچی دوایی باوكم خوا گه‌وره‌ كوڕێكی پێ به‌خشیم كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی چه‌ند مانگێكه‌، ناوم ناوه‌ (جه‌لال) بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌ هه‌میشه‌ له‌نێو ماڵمان بمێنێته‌وه‌، ته‌مه‌نی بگاته‌ چوار پێنج ساڵ من فێری گۆرانیگوتنی ده‌كه‌م و رێگه‌ی باوك و باپیری بگرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌كاری هونه‌ری به‌ ناوی (جه‌لال سه‌عید) ناوی دێنین نه‌ك (جه‌لال شه‌ماڵ)، ئینشاڵڵا به‌م ئاواته‌ ده‌گه‌م".

هه‌روه‌ها شه‌ماڵ باسی سی ئاواته‌كه‌ی باوكی ده‌كات، كه‌ ساڵی پار دوو ئاواتی باسكرد و ئاواتی سێیه‌می باس نه‌كرد، ئێستا هه‌ر سی ئاواتی بۆ (سڤیل) باس ده‌كات و ده‌ڵێت "ئاواتی یه‌كه‌می ئه‌وه‌ بوو من ژن بێنم و هاوسه‌ره‌كه‌م ببینی، ساڵانێكه‌ هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌دام، به‌ڵام من رازی نه‌ده‌بووم، دواجار كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ سه‌ردانی وڵاتی توركیامان كرد له‌وی پێیگوتم شه‌ماڵ گیان كه‌ رۆشتینه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌بی ژن بێنی، سوپاس بۆ خوا هه‌فته‌یه‌ك پێشئه‌وه‌ی باوكم كۆچی دوایی بكات من ژیانی هاوسه‌ریم پێكهێنا، ده‌یگوت تازه‌ من هیچ ئاواتێكم نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ها ئاواتی دووه‌می ئه‌وه‌ بوو ئه‌گه‌ر چاك بێته‌وه‌ بچێته‌ عه‌مره‌ بۆ ماڵی خوا، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ئاواته‌ی نه‌هاته‌دی، به‌ڵام ئاواتی سێیه‌م حه‌زم نه‌ده‌كرد باسی بكه‌م چونكه‌ پێم وابوو ئه‌گه‌ر باسی بكه‌م له‌وانه‌یه‌ كه‌سانێك به‌هه‌ڵه‌ تێبگه‌ن وابزانن باوكم حه‌زی له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی بووه‌، به‌ڵام بۆ ئێوه‌ی باس ده‌كه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو مه‌زره‌عه‌ی هه‌بی خه‌ریكی به‌خێوكردنی مریشك و په‌له‌وه‌ر بێت، زۆر حه‌زی له‌ تێكه‌ڵبوون بوو له‌گه‌ڵ په‌له‌وه‌ر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماڵی ئێمه‌ هی ئه‌وه‌ نه‌بوو په‌له‌وه‌ر به‌خێو بكات". ئه‌مه‌ سی ئاواته‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید بوو.

"ئه‌گه‌ر مردم تاوه‌كو دوو رۆژ نه‌منێژن، بۆئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵك بزانێت". ئه‌وه‌ تاكه‌ وه‌سیه‌تی هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عیده‌ كه‌ له‌هه‌مان رۆژی كۆچی دواییدا به‌خێزانه‌كه‌ی گوتووه‌ (شلێر خان) . ئه‌و ده‌ڵێت "به‌ڵام ئێمه‌ رۆژێك هێشتمانه‌وه‌ و مه‌راسیمێكی شایسته‌ و رێكوپێكمان بۆ ئه‌نجامدا و به‌ناو هه‌ولێر گێڕامان وابزانم هه‌موو هه‌ولێر به‌وه‌فاتی ئه‌ویانزانی".

پێنج ساڵه‌ بوو ناوبراو تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی پرۆستارت ببوو، به‌بی ئه‌وه‌ی پێی بزانێت، نه‌شته‌رگه‌ریه‌ك له‌ هه‌ولێر و دووجاریش له‌سه‌ر ئه‌ركی سه‌رۆكی هه‌رێم ره‌وانه‌ی وڵاتی توركیا كرا، له‌وی شه‌ش ده‌رزیان بۆ دانا، شه‌ماڵ ده‌ڵێت "جاری دووه‌م كه‌ رۆشته‌وه‌ بۆ توركیا دكتۆر پێی گوت ده‌بی دوو مانگ بمێنیته‌وه‌، باوكیشم گوتی ویژدانم قبوڵ ناكات دوو مانگ له‌ هۆتێڵ بمێنمه‌وه‌ مه‌سروفاتێكی زۆرم لی بكری و من ده‌چمه‌وه‌. لێره‌ ده‌رزییه‌كمان لێدا زۆر باش بوو، به‌ڵام ده‌رزی دووه‌م هه‌ردوو گورچیله‌ی وه‌ستاند".

بڕیاره‌ له‌ رۆژی 9/12/ هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر سه‌ردانی گۆره‌كه‌ی بكه‌ن و له‌وی یادی كۆچی یه‌ك ساڵه‌ی بكه‌نه‌وه‌، شه‌ماڵ ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ وه‌كو وه‌فایه‌ك بۆ باوكم كه‌ خۆشه‌ویستی هه‌موو هونه‌رمه‌ندان بوو سه‌ردانی گۆره‌كه‌ی ده‌كه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری و هونه‌ر به‌م كاره‌ هه‌ڵده‌ستن، ئێمه‌ وه‌كو بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید سوپاسیان ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان گوتیان له‌به‌ر ئه‌م باردۆخه‌كه‌ی كوردستان مه‌راسیمێكی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌نجام بده‌ن".

ئه‌و گله‌یی ته‌نیا له‌ راگه‌یاندنه‌كانی هه‌ولێر و سوپاسی راگه‌یاندنه‌كانی سلێمانی ده‌كات و ده‌ڵێت "چه‌ندین گۆرانی باوكم هه‌یه‌ ته‌واوی نه‌كردبوو من ده‌مه‌وێت تۆماریان بكه‌م هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه‌ پاره‌ت بۆ سه‌رف بكات تاوه‌كو تۆماریان بكه‌م، گۆرانی زۆر خۆشن، هه‌روه‌ها گۆرانییه‌ك هه‌یه‌ من و باوكم پێكه‌وه‌ تۆمارمان كردووه‌، له‌سه‌ر خۆیه‌تی، ئه‌و ده‌ڵی ده‌ڕۆم جێتدێڵم، منیش ده‌لێم چۆن دڵت دێت جێم بێڵی، ئه‌م گۆرانییه‌ كلیپ نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن هونه‌ر دۆستن و جه‌لال سه‌عیدیان خۆشده‌وێت بۆ كه‌س په‌یوه‌ندیم پێوه‌ ناكه‌ن بڵێت شه‌ماڵ ئێمه‌ له‌یادی كۆچی سه‌عید ده‌مانه‌وێت گۆرانییه‌كی بۆ كلیپ بكه‌ین و بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌، یان به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ بكه‌ن چه‌ند گۆرانییه‌كی ئه‌و بڵێینه‌وه‌، بۆ كه‌س نییه‌؟ به‌ڵام سوپاسی كه‌ناڵه‌كانی سلێمانی ده‌كه‌ین ئه‌وان هه‌میشه‌ باسی جه‌لال سه‌عیدیان كردووه‌ خه‌ڵكی سلێمانی رێز و خۆشه‌ویستییه‌كی زۆر زۆریان بۆ باوكم هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا كه‌ناڵی nrt2 له‌سلێمانیه‌وه‌ هاتوون بۆ هه‌ولێر رۆژی 10ی مانگ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ ده‌كه‌ن راسته‌وخۆ، وا پرۆڤه‌ ده‌كه‌ین گه‌شتێك ده‌كه‌ین به‌نێو گۆرانییه‌كانی باوكم، سوپاس بۆ nrt2 و هونه‌رمه‌ند لوقمان سه‌لیم، كه‌ پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه‌یه‌".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.