شێنی عه‌زیز ئاكۆ، یه‌كه‌م شاجوانی كوردستان كه‌ پێش چوار مانگ پرۆپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد له‌پێشبڕكێی شاجوانی جیهان وه‌رگیراوه‌ و له‌چاوپێكه‌وتنه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان ئه‌مه‌ی بۆ خۆی و بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌سكه‌وت له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ هه‌م راگه‌یاندنه‌كان هه‌م هه‌ندێك لایه‌نی حكومه‌تیشی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردبوو، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی كوردستانه‌وه‌ چه‌ندین ئاماده‌كاری بۆ كرا و پشتگیری مادیش كرا، به‌ڵام نه‌ ناوی شێنی نه‌ ناوی كوردستان له‌نێو ئه‌و پێشبڕكێیه‌دا نه‌بوو.

رۆژی 14/11/2014 پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی شاجوانی جیهان بۆ ساڵی 2014 له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ 124 شاجوان له‌ 124 وڵاتی دنیا به‌شداریان تێدا كرد و كچێكی به‌لجیكی ته‌مه‌ن 22 ساڵ، به‌ناوی (ئه‌نیسا بلۆندین) وه‌كو شاجوانی جیهان دیاری كرا، كه‌ درێژی باڵاكه‌ی 178 سم بوو و له‌لایه‌ن شاجوانی جیهان بۆ ساڵی 2013 (میگان یونگ) ته‌مه‌ن 23 ساڵ، تاجی شاجوانی له‌سه‌ر دانرا.

شێنی ئاكۆ، شاجوانی كوردستان بۆ ساڵی 2012 پێش چوار مانگ ئاهه‌نگێكی له‌هۆتێل رۆتانا ئه‌نجامدا به‌بۆنه‌ی وه‌رگیرانی له‌ پێشبڕكێی ئه‌مساڵی شاجوانی جیهان، كه‌ وه‌كو خۆی رایگه‌یاند، ئه‌و له‌لایه‌ن لێژنه‌ی دادوه‌ری ئه‌م فیستیڤاڵه‌ قبوڵكراوه‌ كه‌ به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ به‌شداری له‌م فیستیڤاڵه‌دا بكات، به‌ڵام دوای كۆتایی هاتنی فیستیڤاڵه‌كه‌ وێپ سایتی فیستیڤاڵی شاجوانی جیهان ناوی كچه‌ به‌شداربووه‌كان و وڵاتانی به‌شداربوو بڵاوكرده‌وه‌ و ناوی شێنی و ناوی كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراق له‌م پێشبڕكێیه‌دا نه‌بوو.

یه‌كێك له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی شێنی كه‌ له‌كوردستان ئه‌نجامیدا به‌ پاڵپشتی حكومه‌ت بڕیتی بوو له‌دروستكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری له‌سه‌ر ژیان خۆی و دیمه‌نی كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ فیستیڤاڵی شاجوانی جیهان ئاماده‌ی كردبوو، به‌ قسه‌ی خۆی هه‌ر شاجوانێك ده‌بێت فیلمێكی ئه‌م جۆره‌ بكات.

هه‌روه‌ها به‌درێژایی له‌م ماوه‌یه‌دا شێنی شریتی شاجوانی جیهانی (miss world) به‌كارهێنا بۆ هه‌موو شوێنه‌كان به‌م شریتی (شاجوانی جیهان) به‌شداری ده‌كرد و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر وێنه‌كانی لۆگۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌كارهێناوه‌.

له‌چاوپێَكه‌وتنێكی پێشووی له‌گه‌ڵ (سڤیل) شێنی ئاكۆ كه‌ ته‌نیا له‌به‌ر به‌شداریكردنی له‌پێشبڕكێی شاجوانی جیهان ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ ئه‌نجامدرا و گوتی "گه‌یشتنمان بۆ به‌شداریكردن له‌شاجوانی جیهان یه‌كێك بوو له‌خه‌ونه‌كانم ‌و هه‌ر له‌گه‌ڵ بوونم به‌شاجوانی كوردستان هه‌وڵم بۆ داوه‌، بۆیه‌ دوای هه‌وڵدان ‌و ماندوبوونێكی زۆر، توانیمان وه‌ك (شاجوانی كوردستان 2012-2013) به‌شداری بكه‌ین له‌شاجوانی جیهان 2014، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تادا ده‌بوایه‌ وه‌ك (شاجوانی عێراق) به‌شداری بكه‌ین، به‌ڵام دوای قسه‌كردنێكی زۆر له‌گه‌ڵیان، وه‌ك (كوردستان) قبوڵكراین". هه‌روه‌ها گوتیشی "به‌شداریكردنمان به‌ناوی كوردستان هه‌نگاوی یه‌كه‌می سه‌ركه‌وتنه‌ ‌و ئه‌گه‌ریش بتوانین نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنین دووه‌مین سه‌ركه‌وتن تۆمار ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌مساڵ له‌مانگی (11 یاخود 12) ـی له‌وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و ئێمه‌ش مانگێك پێش ئه‌وكاته‌ ده‌ڕۆین بۆ شاری له‌نده‌ن".

به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی (سڤیل) له‌رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی دیاریكردنی شاجوانی جیهان، شێنی له‌هه‌ولێر بووه‌ نه‌ك له‌نده‌ن، كه‌ سه‌رقاڵی شووقه‌كڕین بووه‌ له‌شووقه‌كانی (پارك ڤیو) به‌بڕی 36 ده‌فته‌ر دۆلاری ئه‌مریكی.

له‌وباره‌یه‌وه‌ (سڤیل) چه‌ند جارێك هه‌وڵیدا قسه‌ی شێنی ئاكۆ وه‌ربگرێت و له‌راپۆرتێكی ئه‌م جۆره‌ش ئاگادار كرایه‌وه‌، به‌ڵام ناوبراو هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بوو.

سیروان تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی كوردستان به‌ (سڤیل) ـی راگه‌یاند "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ وه‌كو ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار هاوكاری مادی (شێنێ) ـمان نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ ده‌چێته‌ شاجوانی جیهان، ئه‌و هات بۆلای ئێمه‌ داوای پشتگیری كرد، ئێمه‌ش ته‌نیا نووسراوێكمان بۆكرد كه‌ ئه‌وه‌ شاجوانی 2012ی كوردستانه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ش نه‌بووین كه‌ شێنی ئه‌نجامدا له‌هۆتێل رۆتانا". هه‌روه‌ها سیروان تۆفیق ئه‌وه‌شی راگه‌یاند "هه‌ر شاجوانێك له‌ماوه‌ی شاجوانییه‌كه‌یدا گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌بی چی بكات و چی نه‌كات، حه‌قی چییه‌ و ئه‌ركی چییه‌، به‌ڵام كه‌ ماوه‌ی شاجوانی ته‌واوبوو ئیتر ئێمه‌ به‌رپرسیار نابین ئه‌و چی ده‌كات و چی ده‌ڵێت".

هه‌روه‌ها تاهیر عه‌بدوڵڵا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) گوتی "ئێمه‌ هاوكاری شێنێمان نه‌كردووه‌ و ئیشی ئێمه‌ نییه‌ هاوكاری كارێكی ئه‌مجۆره‌ بكه‌ین، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌ش له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێت ئێمه‌ هاوكاری ئه‌ومان كردبێت".

له‌وباره‌یه‌وه‌ مافپه‌روه‌ر حوسامه‌دین سه‌رداری له‌لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) ئه‌م كاره‌ی شێنی به‌ سه‌رپێچی وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر شێنی لۆگۆ حكومه‌تی كوردستانی به‌كارهێناوه‌ به‌بی مۆڵه‌ت ئه‌وه‌ سه‌رپێچییه‌، یان ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی وه‌رگتبی له‌ حكومه‌ت به‌ڵام زانیاری هه‌ڵه‌ی داوه‌ته‌وه‌ حكومه‌ت راستكۆ نه‌بووبێت ئه‌وه‌ش جۆره‌ تاوانێكی دیكه‌یه‌، به‌ڵام هیچیان سزای زایندانی له‌گه‌ڵدا نییه‌، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر لۆگۆی شاجوانی جیهانی به‌كارهێنابی به‌ درۆ ئه‌وكاته‌ ئه‌وانیش ده‌توانن داوا یاسایی تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داواكاری له‌سه‌ر نه‌نووسی كه‌س ناتوانی له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكات". ئه‌و مافپه‌روه‌ره‌ گوتیشی "پێویسته‌ وه‌زاره‌تی گه‌شتوگوزار و نوێنه‌ری حكومه‌ت له‌وڵاته‌كان به‌م كارانه‌ ئاگادار بن و له‌دروستی و نادروستی كارێكی ئاوا حكومه‌تی لی ئاگادار بكه‌نه‌وه‌".