عه‌ممار كوفی ئه‌و كوڕه‌ كورده‌یه‌، كه‌ له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌شداری له‌پڕۆگرامی (عه‌ره‌ب ئایدۆڵ) كردووه‌، له‌كه‌ناڵی mbc له‌ لوبنان، به‌هۆی سه‌ركه‌وتنی بۆ قۆناغه‌كانی زێڕین ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌نێو خه‌ڵكی كوردستاندا هه‌بووه‌، به‌جۆرێك شه‌وانی شه‌ممه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌به‌ر عه‌ممار بینه‌ری ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌بن.

عه‌ممار كوفی، به‌ئه‌سڵ خه‌ڵكی زاخۆییه‌ و له‌موسڵ گه‌وره‌ بووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ عه‌ره‌بییه‌كی باش قسه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌متر وشه‌ی كوردی له‌نێو پرۆگرامه‌كه‌ و دادوه‌رانی (عه‌ره‌ب ئایدۆڵ) به‌كاربێت، كه‌ له‌وه‌رزی رابردوودا به‌هۆی نه‌زانینی زمانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن په‌رواز حوسێنه‌وه‌، دادوه‌رانی عه‌ره‌ب ئایدۆڵ به‌تایبه‌ت، راغب عه‌لامه‌ و نانسی عه‌جره‌م، خۆیان فێری چه‌ند وشه‌یه‌كی كوردی كردبوو.

پێشتر نه‌زانراو بوو كه‌ عه‌ممار كوفی له‌لایه‌ن هه‌ڵكه‌وت زاهیر خۆی فێری گۆرانیگوتن كردووه‌ و ئه‌وه‌ش چوار ساڵی خایاندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵكه‌وت زاهیر زۆر سه‌رسام بووه‌ به‌عه‌ممار، به‌ڵام پرسیارێكی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چۆن تائێستا هه‌ڵكه‌وت گۆرانی بۆ دروست نه‌كردووه‌ و وه‌كو گۆرانیبێژێك نه‌یخستۆته‌ بازاڕه‌وه‌؟ له‌كاتێك نزیك بووه‌ له‌حه‌ز و خولیای هه‌ڵكه‌وت زاهیر، له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ڵكه‌وت زاهیر بۆ (سڤیل) ده‌ڵێت "بێگومان عه‌ممار توانایه‌كی زۆر باشی هه‌یه‌، هه‌م له‌ده‌نگ هه‌میش له‌هه‌ڵبژاردنی گۆرانیدا، چوار ساڵه‌ قوتابی منه‌ و من فێری گۆرانیگوتنم كردووه‌، خۆی حه‌زیكرد بچێته‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ و منیش پشتگیریم لێكرد و ئێستاش ده‌بینم توانایه‌كی زۆر باشی هه‌یه‌ و به‌هێزێكی زۆره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانی له‌پێشبڕكێ دایه‌".

ئێستا ناونیشانی "كازم ساهیر"ـی عه‌ره‌ب ئایدۆڵ به‌خشراوه‌ به‌عه‌ممار، به‌ڵام هه‌ڵكه‌وت زاهیر دژی ئه‌و ناونیشانه‌یه‌ و ده‌ڵێ "من دژی ئه‌وه‌م پێی بگوترێ كازم ساهیری كوردی، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌بێت ناسنامه‌ و كاره‌كته‌ری خۆی هه‌بێ و نابێت له‌كه‌س بچێت، من پێشتریش چه‌ند جارێك ئامۆژگاری عه‌ممارم كردووه‌، كه‌ به‌م ئه‌دایه‌ی كازم ساهیر گۆرانی نه‌ڵێت و دووربكه‌وێته‌ له‌م ئه‌دایه‌ و نه‌هێڵێت كازم ساهیر ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ری دروست بكات، به‌جۆرێك نه‌توانێت ناسنامه‌ی خۆی دروست بكات".

موسیقار هه‌ڵبه‌ست سه‌ڵاح پێشبینی دوارۆژێكی گه‌وره‌ و باش بۆ عه‌ممار ده‌كات و ده‌ڵێت "من پێموایه‌ عه‌ممار ده‌توانێت زۆر سه‌ركه‌وتووبێت، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تاكانی توانای ئه‌وه‌ و پێشبینی كاری جوان و گه‌وره‌ی بۆ ده‌كه‌م و هیوادارم به‌ئاستێكی زۆرباش بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و ده‌ست به‌كاربكات و نه‌وه‌ستێت، ئێمه‌ش پشتگیری لێده‌كه‌ین".

به‌پێی زانیارییه‌كانی (سڤیل) عه‌ممار له‌موسڵ خولیای گۆرانیگوتنی لا دروست بووه‌، به‌تایبه‌ت كاتێك نه‌یتوانی به‌خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بگات. كه‌سێكی نزیك له‌عه‌ممار بۆ (سڤیل) گوتی "ماوه‌یه‌ك كچێكی عه‌ره‌بی خۆشده‌ویست له‌موسڵ، به‌ڵام به‌خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌گه‌یشت و ته‌نیا بووه‌ یادگاری، بۆیه‌ خولیای بۆ گۆرانیگوتن دروست بوو".

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی (سڤیل) پێشتر هه‌ڵكه‌وت زاهیر به‌نیاز بووه‌ ئه‌لبوومێكی قورئان بڵاوبكاته‌وه‌، به‌ده‌نگی عه‌ممار كوفی، كه‌ پێشتر چه‌ند جارێك هه‌ڵكه‌وت زاهیر ئه‌وه‌ی بۆ راگه‌یاندنه‌كان ئاشكرا كردووه‌، كه‌ ئاوازی بۆ قورئان داناوه‌، به‌ڵام دیارنییه‌ ئایا ئێستا ئه‌لبوومه‌كه‌ به‌ده‌نگی عه‌ممار یاخود میره‌ تۆمار كراوه‌، یانیش هه‌ردووكیان.

ساڵی پار له‌لایه‌ن حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانه‌وه‌ پاڵپشتییه‌كی زۆر له‌په‌رواز حوسێن كرا له‌پرۆگرامی عه‌ره‌ب ئایدۆڵ به‌ناردنی نامه‌ و رۆیشتنی وه‌فدی كوردستان بۆ پرۆگرامه‌كه‌، هه‌روه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت عیماد ئه‌حمه‌د و هاوسه‌ره‌كه‌یشی له‌یه‌كێك له‌به‌رنامه‌كان ئاماده‌ بوون. هه‌روه‌ها لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، به‌ڵام ئه‌مساڵ هیچ لایه‌نێك پاڵپشتی خۆیان بۆ عه‌ممار نیشان نه‌داوه‌، ته‌نانه‌ت له‌شه‌قامه‌كان و شوێنی رێكلام هیچ وێنه‌یه‌كی عه‌ممار كوفی نابینرێت و كۆڕه‌ك تیلیكۆم و ئاسیاسێڵ تائێستا بێده‌نگن.

نیاز نوری، نه‌قیبی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان بۆ (سڤیل) رایگه‌یاند "له‌ئه‌ساسدا ئه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان نیه‌ هاوكاری ئه‌و به‌هره‌مه‌ندانه‌ بكه‌ین، كه‌ به‌شداری پڕۆگرامی عه‌ره‌ب ئایدۆڵ ده‌كه‌ن، كاری ئێمه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌كاره‌ هونه‌ریی و پیشه‌ییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان، هه‌روه‌ها زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆیان. پێش عه‌ره‌ب ئایدۆڵیش كورد له‌پرۆگرامی دیكه‌ له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا و سوید و نه‌رویج به‌شداریان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڵام پێمان خۆشه‌ ناوی كورد و كودستان دێته‌ كایه‌وه‌". گوتیشی "به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی په‌رواز حوسێن حاڵه‌تێكی ئیستسنائی بوو، هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ پار زۆر جیاوازه‌. په‌روازیش خه‌ڵكی هه‌ولێره‌ بۆیه‌ لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان حه‌زیان كرد بچنه‌ به‌رنامه‌كه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ر لقی دهۆك حه‌زیان كرد بچن سه‌ردانی بكه‌ن و پاڵپشتی لێبكه‌ن ئازادن".

نیاز نوری پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر عه‌ممار یه‌كه‌می به‌رناكه‌مه‌ش بێت هیچ سوودێكی بۆ هونه‌ری كورد نییه‌ و نموونه‌ به‌ دارین دێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت "ئه‌وكات ده‌بێته‌ ئایدۆڵی عه‌ره‌به‌كان خۆ نابێته‌ ئایدۆڵی كورد، بۆ نموونه‌ دارین كه‌ له‌به‌رنامه‌یه‌كی به‌ناوبانگی سوید دووه‌م بوو، نه‌بووه‌ ئایدۆڵی كورد، ئێستا بۆته‌ ئایدۆڵێكی سویدیه‌كان و به‌سویدی گۆرانی ده‌ڵێت و نازانێت هونه‌ری كوردی چییه‌". ئه‌و پێشنیاریشی بۆ عه‌ممار هه‌یه‌ و ده‌ڵێت "وه‌كو بۆچوونی خۆم لام گرنك نییه‌ عه‌مار ببێته‌ ئایدۆڵی عه‌ره‌ب، لای من گرنگه‌ ببێته‌ گۆرانیبێژ و ده‌نگێكی دیكه‌ی ناو گۆرانی كوردی، توانای و ئه‌دای باشه‌ و تۆنی ده‌نگی پاكه‌، له‌وانه‌یه‌ شاره‌زا بێت له‌مه‌قامات و گۆرانی، به‌ڵام له‌كۆتایدا ئه‌گه‌ر ببێته‌ ئایدۆڵی عه‌ره‌بی، بۆ ئێمه‌ هیچ زیاده‌یه‌ك ناكاته‌ سه‌ر هونه‌ری كوردی".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.