ره‌شید ره‌واندزی، كه‌ به‌ "كازم ساهیری كوردی" ناسراوه‌، دوای هاتنه‌وه‌ی له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ به‌ مه‌به‌ستی پشوودان، رایگه‌یاند "ده‌مه‌وێت له‌ باوه‌شی نیشتیمان دوا هه‌ناسه‌ی عه‌شق بده‌م".

ره‌شید ره‌واندزی، كه‌ خاوه‌نی ده‌یان شیعر و قه‌سیده‌یه‌، وه‌ك ئه‌فسه‌رێك و پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ فه‌وجی مغاویری پاسه‌وانی سنوور له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕدا بووه‌ له‌ دژی چه‌كدارانی داعش، به‌ (سڤیل) ـی راگه‌یاند "راسته‌ من له‌ ماڵ و منداڵ و هاوڕێیه‌كانم دوور بووم، به‌ڵام له‌خاك و نیشتیمان نزیكبووم، سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ژیانم و بارودۆخی سه‌ختی به‌ره‌كانی شه‌ڕ، به‌ڵام هیچكات ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و رۆژانه‌ ئاسوده‌ نه‌بووم و هه‌ستم به‌بوونی خۆم كرد كه‌ منیش ده‌توانم به‌شدار بم له‌ پاراستنی كوردستان له‌ده‌ست درێژی تیرۆریستان، بۆیه‌ ویستم به‌ هه‌مووان بڵێم كه‌ ده‌مه‌وێ له‌باوه‌شی نیشتیمان دوا هه‌ناسه‌ی عه‌شق بده‌م". هه‌روه‌ها ره‌واندزی داواش له‌شاعیران ده‌كات به‌ هۆنراوه‌ و شیعره‌كانیان گوزارشت له‌ خۆشه‌ویستی خاك و نیشتیمان بكه‌ن و هه‌وڵێ به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی بده‌ن به‌تایبه‌تی له‌نێو گه‌نج و لاوه‌كاندا و گوتیشی "رۆشبیر و هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌مان چینێكی دیاروبه‌رچاون له‌كۆمه‌ڵگادا و ته‌ماسی راسته‌وخۆیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان و كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی تاكی كورد، بۆیه‌ داوكارم به‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری به‌پێز به‌شداری بكه‌ن له‌ ریسواكردنی تیرۆریستان له‌رێگای سرودی نه‌ته‌وه‌یی و فلیم و دراما و كۆر وسیمنیار و پرۆژه‌ی هونه‌ری جۆراوجۆر پاڵپشتی مه‌عنه‌وی له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.