سه‌لام كۆیی كه‌ به‌ (حاجی یادگار) ناسراوه‌ هونه‌رمه‌ندێكی ناسراو و خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی هه‌ولێره‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و وه‌كو خۆی ده‌ڵی وه‌كو جاران هێزی نه‌ماوه‌ و نه‌خۆشی دڵ و شه‌كره‌ لاوازی كردووه‌، (سڤیل) له‌نێو باغی شار چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدا، به‌ڵام پێشئه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی ئاراسته‌ بكری داوایكرد ته‌نیا قسه‌كانی وه‌كو بڵاوبكرێنه‌وه‌ و هه‌موو پرسیارێكیش ئاساییه‌.

سڤیل: له‌ساڵانی هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌كان هیچ كارێكی دراما و ته‌مسیل نه‌بوو تۆی تێدا نه‌بوایه‌، به‌ڵام له‌دوای ساڵانی 2000 له‌پاشه‌كشه‌تدا، بۆچی وا دواكه‌وتی؟

سه‌لام كۆیی: هۆكاره‌كه‌ی روونه‌، له‌ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاندا، تاوه‌كو سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان هیچ به‌رهه‌مێكمان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌ینه‌ مه‌وزع، بۆ نموونه‌ ده‌مانگوت پێشمه‌رگه‌ له‌ چیا به‌چه‌ك به‌رگری له‌خاكی كوردستان ده‌كات، ئه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌توانین له‌ناو جه‌رگه‌ی شار گه‌نج هان نه‌ده‌ین به‌رگری له‌نیشتیمان بكه‌ن؟ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وكات كوردایه‌تی زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام خیانه‌ت نه‌كردن ئاسان بوو، ده‌مانویست هانی ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ین كه‌ خیانه‌ت نه‌كه‌ن، كه‌واته‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئێمه‌ كوردایه‌تی بوو.

جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی پێشتر پێشكه‌شمان نه‌كرد ئه‌وه‌ی تێدا نه‌بوو كام هونه‌رمه‌ند شیوعییه‌ و كی یه‌كێتی و كی پارتییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوای راپه‌رین یه‌كڕیزی و نێوانی هونه‌رمه‌ندانیان به‌ ته‌ورداس لێك جیاكرده‌وه‌ و هونه‌رمه‌ندان په‌رتوبڵاوبوون، له‌ساڵانی 2000 ئه‌و په‌رتوبڵاویه‌ی هونه‌رمه‌ندان وایكرد كه‌سانێك سه‌رهه‌ڵبده‌ن كه‌ له‌ ئه‌لف و بێی هونه‌ری نواندن نازانن، وا ده‌زانن خۆبابدان و ره‌قس كۆمیدیایه‌! نێوانی كۆمیدیا و ته‌هریج و مه‌هزه‌له‌ ته‌نیا یه‌ك تاڵه‌ مووه‌ ئه‌گه‌ر له‌و تاڵه‌ مووه‌ لابده‌ی ده‌بێته‌ گاڵته‌جاری. بۆیه‌ من داوا له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌كه‌م لێژنه‌ی جدی و پرۆڤیشناڵ دروست بكان رێگری له‌و گاڵته‌جارییه‌ بگری و هونه‌ر به‌رزبكه‌ینه‌وه‌ وه‌كو ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكان.

سڤیل: تۆ ده‌ڵێی پێشتر كوردایه‌تی هه‌بوو، بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كان جوان بوون، مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ ئێستا كوردایه‌تی لای هونه‌رمه‌ندان نه‌ماوه‌؟

سه‌لام كۆیی: به‌ڵی كوردایه‌تی نه‌ماوه‌، ئێستا بووه‌ته‌ گیرفان پڕكردن و باغه‌ڵ، له‌جیاتی كوردایه‌تی بووه‌ته‌ باغه‌ڵایه‌تی. هه‌ڵوێست نه‌ماوه‌ كام هونه‌رمه‌ند ده‌ڵی هه‌ڵوێستم هه‌یه‌ بابێت له‌ به‌رامبه‌ر من ئه‌و قسه‌یه‌ بكات. بۆ نموونه‌ ئه‌وی رۆژی كه‌سێك له‌ فه‌یسبووك نووسیبووی هونه‌رمه‌ندێك پله‌ی دكتۆرای هه‌یه‌ و مامۆستای زانكۆیه‌ ده‌چێته‌ لای هه‌ر به‌رپرسێك وێنه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌گری و له‌فه‌یسبووك بڵاوی ده‌كاته‌وه‌، ئێوه‌ چی ده‌ڵێن؟ منیش گوتم: به‌داخه‌وه‌ حه‌زناكه‌م به‌وانه‌ بگوتری هونه‌رمه‌ند، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ماستاوچین.

سڤیل: ئێوه‌ له‌ساڵانی حه‌فتاو و هه‌شتاكان كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێك بوون پێكه‌وه‌ به‌رهه‌می جوانتان پێشكه‌ش ده‌كرد، كه‌ ئێستا زۆربه‌تان له‌ژیاندا ماون وه‌كو "سه‌عدون یونس، سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان، زاهیر عه‌بدوڵڵا، ئیبراهیم حه‌كیم، چه‌تۆ حه‌سه‌ن، سابیر عه‌بدولڕه‌حمان". بۆچی جارێكی دیكه‌ كۆنابنه‌وه‌ شاكارێك پێشكه‌ش بكه‌ن؟

سه‌لام كۆیی: پرسیارێكی زۆر هه‌ستیاره‌، ئێستا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ كۆببینه‌وه‌ له‌منه‌وه‌ بگره‌ ده‌ڵێن گرێبه‌ستم چه‌نده‌؟ جاران ئه‌و گرێبه‌ست و پاره‌ و ماره‌ نه‌بوو، گرنگ كاره‌كه‌ بوو، ئێستا له‌به‌ر بژێوی ژیان وایلێهاتووه‌ گرنك گرێبه‌سته‌كه‌یه‌ چه‌ند پاره‌ وه‌رده‌گرم، كه‌سی واش هه‌یه‌ وه‌كو حوت لۆشی ده‌كات و تۆش هیچت نییه‌ كه‌واته‌ ئیشكه‌شت پی ناكری، ئه‌وه‌ وه‌زعی دراما و شانۆیی كوردییه‌ له‌ئێستادا، من لێت ده‌پرسم ئه‌وه‌ غه‌دره‌ی له‌ سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان كرا له‌كی كراوه‌؟ هونه‌رمه‌ند جێی رێزه‌ یان غه‌درلێكردنه‌؟.

سڤیل: چ غه‌درێكی لێكراوه‌ و كی غه‌دری لێكردووه‌؟

سه‌لام كۆیی: من ناتوانم پێت بڵێم، ئێستا ئه‌و له‌وڵاتی ئیسپانیایه‌ كه‌ هاته‌وه‌ تۆ وه‌كو رۆژنامه‌نووس بڕۆ چاوپێكه‌وتنی بكه‌ و لێی بپرسه‌ بزانه‌ غه‌دری چی لێكراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ من وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه‌.

سڤیل: هونه‌رمه‌ند سه‌عدون یونس داوای لێكردی به‌شداری بكه‌ی له‌ دراماكه‌ی "كه‌ونه‌ ده‌ركه‌". به‌ڵام به‌شداریت له‌گه‌ڵ نه‌كرد، بۆچی؟

سه‌لام كۆیی: بابه‌ته‌كه‌م به‌لاوه‌ جوان نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا من وه‌كو سه‌لام كۆیی بێم ته‌مسیلی "تاپۆ حه‌قی چییه‌"ـی دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌، چونكه‌ 30 ساڵی به‌سه‌ر تێپه‌ڕیووه‌ ئه‌و هێزه‌م نه‌ماوه‌ داهێنانی تێدا بكه‌مه‌وه‌ وا باشتره‌ ئه‌وه‌ی پێشتریش وه‌كو خۆی جوان بمێنێته‌وه‌، هه‌ر كه‌سێكیش بێته‌ شوێنی من پێی دووباره‌ ناكرێته‌وه‌، ئێستا ئه‌وه‌ كراوه‌ به‌دراما به‌بڕوای من هیچ چێژ و داهێنانێكی تێدا نییه‌ به‌قه‌ت ئه‌وه‌ی خۆدووباره‌كردنه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ سه‌عدون یونس هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كرد، نه‌ده‌بوو ده‌ستكاری "كه‌ونه‌ ده‌ركه‌" بكات.

سڤیل: ئه‌گه‌ر له‌ هونه‌ر بێینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئێستا له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌ت باشتر بوویت؟

سه‌لام كۆیی: وه‌ڵڵا ناوناوه‌ ته‌ندروستیم تێكده‌چێت، ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ست ده‌كه‌م زۆر لاواز بوویمه‌ و پێویستم به‌ چاره‌سه‌ری هه‌یه‌، چونكه‌ نه‌خۆشی دڵ و شه‌كره‌م هه‌یه‌، به‌ڵام ئاوا ده‌مێنمه‌وه‌ هه‌رگیز له‌ده‌رگای كه‌سێك ناده‌م و خودا چه‌ند ته‌مه‌نی داوه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌، بۆ نموونه‌ سه‌یری ئه‌ڵقه‌ی ده‌ستم بكه‌ پێشتر له‌ناو گۆشت ده‌چووه‌ خواره‌وه‌ ئێستا له‌ په‌نجم شڵ بۆته‌وه‌، كه‌واته‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ زۆر لاوازی كردووم.

سڤیل: له‌تواناتدا نییه‌ بڕۆی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ری؟

سه‌لام كۆیی: با رۆشتووم، جارێك له‌ هۆڵی میدیا كاك نێچیرڤان بارزانی منی بینی و زانی نه‌خۆشم ره‌وانه‌ی وڵاتی سوریای كردم، جارێك كاك مه‌سعود له‌ هۆڵی پێشه‌وا منی بینی ره‌وانه‌ی وڵاتی توركیای كردم بۆ چاره‌سه‌ری.

سڤیل: باسی ئه‌ڵقه‌كه‌ی ده‌ستی خۆت كرد جاران و ئێستا، مه‌گه‌ر تۆ چه‌ند ساڵه‌ ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه‌ت له‌ده‌ستدایه‌؟

سه‌لام كۆیی: هه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجاره‌، یه‌كه‌مجار له‌رۆژی هاوسه‌رگیری ئه‌ڵقه‌كه‌م زێر بوو، پاشان گوتیان زێر بۆ پیاو گوناحه‌ گۆڕیم كردم به‌ زیو، له‌ ساڵی 1986 ئه‌ڵقه‌ زیوه‌كه‌م له‌په‌نجه‌م كرد تاوه‌كو ئێستا.

سڤیل: ئه‌وه‌ وه‌فای خۆت بۆ خێزانه‌كه‌ت نیشان ده‌ده‌یت؟

سه‌لام كۆیی: ئه‌وه‌ وه‌فایه‌ بۆخۆم نه‌ك بۆ ئه‌و، چونكه‌ ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه‌ نامبه‌ستێته‌وه‌ به‌ئه‌و، شتی گه‌وره‌تر هه‌یه‌ پێكه‌وه‌مان ده‌به‌ستێته‌وه‌ كه‌ دڵه‌، چونكه‌ زۆر زۆرم خۆشده‌وێت.

سڤیل: ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم، پێش ئه‌و خێزانه‌ت خوازبێنی كچێكی دیكه‌ت رازی نه‌بوون، چونكه‌ چایچی بوویت، وایه‌؟

سه‌لام كۆیی: وایه‌، گوتیان شاگردی چایچیه‌، نزیكه‌ی حه‌وت ساڵ په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو، ئه‌وكات ئه‌وه‌كو ئێستا نه‌بوو، نامه‌م له‌ناو به‌رگه‌ شقارته‌ ده‌نا و له‌پێشی ده‌ڕۆیشتم شقارته‌كه‌م به‌رده‌دایه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی شقارته‌كه‌م لێكه‌وتووه‌، ئه‌و له‌دوای من هه‌ڵیده‌گرته‌وه‌. ئه‌ویش ئاوا، ئینجا كه‌ نامه‌ی نوێم به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت هه‌تا ده‌چووم له‌شوێنێك بوه‌ستم بیخوێنمه‌وه‌ دڵم له‌سه‌ر سه‌د لێی ده‌دا. چێژی دڵداری ئه‌وكات زۆر خۆش بوو، ئێستا خۆش نییه‌ هه‌موو ده‌قه‌یه‌ك له‌ فه‌یسبووك و تانگۆ به‌رامبه‌ر یه‌كتر ڤیدیۆیان كردۆته‌وه‌.

سڤیل: تائێستا هیچ كارێكی هونه‌ریت كردووه‌ به‌ دڵی هاوسه‌ره‌كه‌ت نه‌بێت؟

سه‌لام كۆیی: نا، به‌ڵام دیمه‌ن هه‌یه‌ به‌دڵی نه‌بووه‌، بۆ نموونه‌ له‌به‌رهه‌مێك پێشئه‌وه‌ی بڵاوبكرێته‌وه‌ بینی ده‌ستی كرد به‌ گریان، گوتی حه‌زناكه‌م رۆڵی وا ببینی، دیمه‌نه‌كه‌ مردن بوو، چونكه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌ڕێگایه‌.

سڤیل: له‌هه‌موو ژیانتدا كی فه‌زلی به‌سه‌رته‌وه‌ هه‌یه‌؟

سه‌لام كۆیی: دوو كه‌س، یه‌كه‌م: مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌مین ئیستا به‌رپرسی كۆلیژی قه‌لاته‌ ئه‌و زۆر هاوكارم بوو منی به‌مامۆستا سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان ناساند. دووه‌م كه‌س كه‌ فه‌زلی به‌سه‌رمنه‌وه‌ هه‌یه‌ مامۆستا سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمانه‌، كه‌ مامۆستای گه‌وره‌ی منه‌ و ئه‌و منی كرد به‌سه‌لام كۆیی، ئینجا من زۆرجار ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان نه‌با سه‌لام كۆیش نه‌ده‌بوو.

سڤیل: ئه‌گه‌ر بزانی حاجی یادگار له‌ ژیاندا ماوه‌؟

سه‌لام كۆیی: نه‌خێر نه‌ماوه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌ساسدا كابرای قوماشفرۆش ناوی حاجی برایم بوو، كوڕه‌كه‌ی زۆر هاوڕێمه‌، من به‌ كاك چه‌تۆ حه‌سه‌نم گوت ئه‌و ناوه‌ هه‌ڵگره‌، چونكه‌ ناو بازاڕ پڕبوو له‌ حاجی برایم، گوتم ناوی بكه‌ حاجی یادگار، گوتی وه‌ڵاهی ته‌واو دیتته‌وه‌، گوتی ده‌بی ئه‌و ماڵه‌ لێمان توڕه‌ نه‌بن، گوتم نا ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر من، وه‌ڵڵا كه‌ پێشكه‌ش كرا و ده‌نگی دایه‌وه‌ كچێكی هه‌بوو له‌ته‌نیشت دائیره‌ی من بوو له‌ زراعه‌، گوتی مامۆستا سه‌لام كه‌ی بابم وابووه‌؟ گوتم كچی بابت نه‌بوو، ته‌نیا ناوه‌كه‌ی هی بابت بوو. ئه‌و حاجی برایمه‌ به‌یانیان زوو كه‌ نوێژی به‌یانی ده‌كرد ده‌هاته‌ چایخانه‌كه‌ی بابم داده‌نیشت هه‌تا سه‌عات نێزیكی هه‌شت، ئینجا ده‌چوو دوكانه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌، به‌رده‌وام له‌من نزیك بوو، بۆیه‌ ته‌واو له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و قسه‌كانی شاره‌زا ببووم، له‌به‌رئه‌وه‌ رۆڵه‌كه‌ لای من زه‌حمه‌ت نه‌بوو، كه‌ ته‌مسیله‌شمان ته‌واو كرد 40 دینارم وه‌رگرت.

سڤیل: ئێستا دوكانه‌كه‌ ماوه‌؟

سه‌لام كۆیی: به‌ڵی ئێستاش ماوه‌ بووه‌ته‌ خه‌یات، هه‌فته‌ی جارێك ده‌چم له‌وی داده‌نیشم و پیاسه‌یه‌ك به‌ناو دوكانه‌كاندا ده‌كه‌م.