ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی هونه‌رمه‌ند چنار له‌گه‌ڵ (سڤیل) ـدا هه‌فته‌یه‌ك پێش كۆچی دوایی باوكی ئه‌نجام دراوه‌، بۆیه‌ وه‌كو ستافی (سڤیل) پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ چنار و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ سه‌رجه‌م كاره‌ هونه‌رییه‌كانی بۆ كاتێكی نادیار وه‌ستاندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر ئه‌لبوومی (دڵی من) تێپه‌ڕ ده‌بی و هیچ ئه‌لبوومێكی دیكه‌ی به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌، به‌ڵام چنار به‌رهه‌مهێنانی ئه‌لبووم به‌ مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند نازانێت.

سڤیل: گۆرانی (نا باوانم) سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ده‌ستهێنا، بیرۆكه‌ی دروستبوونی ئه‌م گۆرانییه‌ چۆن دروست بوو؟

چنار: گۆرانی (نا باوانم) به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگای هونه‌ری (كوردفۆكس) به‌رهه‌مهات له‌ ساڵی ٢٠١٣ ئه‌م گۆرانییه‌ له‌لایه‌ن ئاوازدانه‌ر (ئه‌فشین شوكر) پێشنیار كرا، كاتێك كه‌ گوێبیستی بووم زۆر كارێكی جوان و سه‌ركه‌وتوو بوو له‌لام، چیرۆكی ئه‌و گۆرانییه‌ زۆر له‌ واقیعه‌وه‌ زۆر نزیكه‌، زۆرجار له‌ نێوان دوو خۆشه‌ویستدا روو ده‌دات، له‌ هه‌مانكاتدا بێوه‌فایی و خۆشه‌ویستی تێیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، له‌ راستیدا بوونی به‌رهه‌مێكی له‌مجۆره‌ كه‌ باس له‌ دڵشكاوه‌كان ده‌كات به‌هه‌مانشێوه‌ كه‌ باس له‌ كه‌سه‌ بێوه‌فاكان ده‌كات پێویست بوو له‌لام.

سڤیل: دوایین ئه‌لبوومت له‌ ساڵی 2008 بڵاوكرده‌وه‌، بۆچی شه‌ش ساڵه‌ ئه‌لبوومی نوێت به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌؟

چنار: به‌ڕای من به‌رهه‌مهێنانی ئه‌لبووم مه‌رجی سه‌ره‌كی نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند، راسته‌ ئه‌لبوومم به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام بووم له‌ كاری هونه‌ری و به‌پێی توانای خۆم هه‌وڵمداوه‌ به‌شێوه‌ی Single به‌رهه‌می خۆم پێشكه‌ش به‌ هه‌وادارانی خۆم كردووه‌.

سڤیل: به‌ڵام بیستوومانه‌ ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌لبوومێكی نوێی، چۆن كارت بۆ ئه‌م ئه‌لبوومه‌ كردووه‌؟

چنار: خه‌ونی من بوو كاره‌كانم هه‌میشه‌ له‌و ئاسته‌دا بووه‌ كه‌ ستایلێكی تایبه‌ت به‌ خۆم هه‌بێت و بتوانیت نوێكاری و تازه‌گه‌ری پێوه‌ دیار بێت له‌چاو كاره‌كانی دیكه‌م، هه‌روه‌ها ره‌نگدانه‌وه‌ی هونه‌ری كوردی كه‌م یان زۆر به‌شێكی گرنگی دیكه‌ی خه‌ونه‌كانمه‌ بۆ كاره‌كانم، له‌ ئێستادا زه‌حمه‌ته‌ بڵێم كه‌ی ئه‌لبوومه‌كه‌م ته‌واوده‌بێت هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌یان له‌ رووی ئاواز و دابه‌شكردن و تێكست ئاماده‌ن، ئاوازه‌كان له‌لایه‌ن ئاوازدانه‌رانی به‌توانا و به‌ڕێز (م. بورهان موفتیزاده‌، هه‌ڵۆ قادر، ئاریۆس حه‌مه‌ سه‌عید، كیا شادومان)

سڤیل: ئه‌لبوومی 2008 له‌ رووی فرۆشه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆڕه‌ك موزیك گوتی "زۆرترین فرۆشی هه‌بووه‌"، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانمان تائێستا حه‌قی خۆت له‌م ئه‌لبوومه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ ئه‌وه‌ راسته‌؟

چنار: ئه‌وه‌ راسته‌، نه‌ك كۆمپانیای ناوبراو هیچ مافێكی ئه‌لبوومه‌كه‌ی نه‌داوه‌، به‌ڵكو به‌و هۆیانه‌وه‌ نه‌شمتوانی هه‌ست به‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بكه‌م كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌لبوومه‌كه‌م به‌ده‌ستم هێنا.

سڤیل: به‌ڵگه‌ت بۆ قسه‌كانت هه‌یه‌؟

چنار: به‌ڵێ به‌ڵگه‌ هه‌یه‌، دیارترینیان ئه‌و گرێبه‌سته‌یه‌ كه‌ كاتی خۆی كاروباری ئه‌لبوومه‌كه‌مان له‌سه‌ر رێكخست.

سڤیل: ئه‌ی بۆچی تائێستا بێده‌نگیت لی كردووه‌، ئایا تۆ خۆت كه‌متر نه‌بوویت؟

چنار: بێده‌نگیم به‌و مانایه‌ نه‌بووه‌ كه‌ كه‌مته‌رخه‌مم بووبێتم و هه‌ستم به‌ مافی خۆم نه‌كردبێت، به‌ڵكو هه‌وڵمداوه‌ تا هیوایه‌ك هه‌بێت ڕێز له‌و كۆمپانیایه‌ بگرم كه‌ هاوبه‌ش و هاوكارم بوو له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌لبوومه‌كه‌م.

سڤیل: ئه‌گه‌ر دوای هه‌موو هه‌وڵێك نه‌توانی مافه‌كه‌ت وه‌ربه‌گریته‌وه‌، ئایا رێگه‌ی دیكه‌ هه‌یه‌ بیگریته‌به‌ر؟

چنار: بێگومان كۆمپانیایه‌كی وا گه‌وره‌ و به‌توانا له‌سه‌ر ئاستی كوردستان له‌ ته‌نها كه‌سێك پێكنه‌هاتووه‌ له‌ ئێستادا باوه‌ڕم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ناو ئه‌و كۆمپانیایه‌دا كه‌سانی تێدایه‌ كه‌ زۆر گه‌وره‌تر بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌و گرفته‌ی كه‌ من هه‌مه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌دا.

سڤیل: بۆ ئه‌مساڵ هیچ به‌رهه‌مێكی نوێت ئاماده‌یه‌؟

چنار: دوا به‌رهه‌مم گوتنه‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی گه‌له‌كه‌مان مامۆستا (مه‌زهه‌ری خالقی) به‌ناوی (په‌پووله‌ی ئازادی) دابه‌شكردنی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند و ئاوازدانه‌ر (هێمن حوسێن) كاری بۆ كراوه‌، كاركردنم له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش ته‌نها له‌ خۆشه‌ویستیمه‌ بۆ ده‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌، جگه‌ له‌وه‌ش باوكم زۆر هانده‌رم بوو بۆ گوتنه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌، پشت به‌ خودا له‌ داهاتووییه‌كی نزیك به‌شێوه‌ی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌ و پێشكه‌ش به‌ هه‌وادارانی خۆمی ده‌كه‌م.

سڤیل: له‌دروستبوونی گروپی داعش و هه‌ڕه‌شه‌كانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان چ بۆچوونێكت هه‌یه‌، پێت وایه‌ بتوانن بێنه‌ ناو كوردستان، تۆ ئاماده‌ی به‌شه‌ڕ به‌رگری له‌ كوردستان بكه‌یت؟

چنار: وه‌كو ئاشكرایه‌ داعش گروپێكی توندوتیژ و په‌یامیان كوشتنی مرۆڤایه‌تییه‌، ئه‌وان له‌ژێر ئالای ده‌وڵه‌تی ئیسلام و به‌ناوی خۆشه‌ویستن بۆ خوای گه‌وره‌ خه‌ڵكی بێتاوان ده‌كه‌نه‌ قوربانی. به‌بڕوای من ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ هیچ دین و دینانه‌تێك نایه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا خوا دینه‌كانی له‌به‌ر خۆشه‌ویستی خۆی بۆ مرۆڤه‌كان ناردووه‌ تاوه‌كو یه‌كسانی و ئارامیان له‌سه‌ر زه‌وی بۆ به‌ده‌ست بێنی، ئه‌گه‌ر داوایه‌كم هه‌بی له‌خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ستی وڵاتپارێزی و مرۆڤ پاراستن له‌ئێستادا به‌هێز بكه‌ن، میلله‌تی كورد میلله‌تێكی موسلمانه‌ ئیسلامه‌تی خۆیشی به‌ خۆشه‌ویستی ده‌ربڕیووه‌، نه‌ك به‌ رق و توند و تیژی.

من هه‌رگیز ناتوانم پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌م ئه‌و گروپه‌ بێنه‌ ناو كوردستان و كوشتن و بڕین ده‌ست پێ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر خوا نه‌كات ئه‌وه‌ رووبدات و بوونی من له‌كوردستان گرنگ بێت ئاماده‌م به‌ رووحم حزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌م و كوردستانه‌كه‌م بكه‌م.

سڤیل: ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم، له‌لایه‌ن كه‌ناڵێكه‌وه‌ بیرۆكه‌ی پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌یه‌كت پێشكه‌ش كرا، به‌ڵام بۆچی تۆ ره‌تتكرده‌وه‌؟ ده‌كری ناوی كه‌ناڵه‌كه‌ ئاشكرا بكه‌ی، بیرۆكه‌ی به‌رنامه‌كه‌ چی بوو؟

چنار: به‌پێی به‌رنامه‌یه‌ك له‌ كه‌ناڵی زاگرۆس وه‌ك پێشكه‌شكار، یه‌ك له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ من له‌وكاته‌دا له‌ ساڵی ٢٠١٢ خوێندكار بووم له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆكانی سویدو ترسام كه‌ داببڕێم له‌ خوێندنه‌كه‌م، دواتر من كاره‌ هونه‌رییه‌كانی خۆم به‌بێ گرێبه‌ست و پابه‌ندبوون به‌ خاڵه‌كان ڕێكده‌خه‌م، دواتر ناتوانم به‌بێ بناغه‌و ورده‌كاری پلان دانان كارێكی له‌مجۆره‌ بكه‌م كه‌ ره‌نگه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دڵی هه‌وادارانم له‌ خۆم بڕه‌نجێنم.

سڤیل: ئایا خوێندنه‌كه‌ت به‌ كۆتایی نه‌هات؟

چنار: خوێندنه‌كه‌م كۆتایی هات له‌ بواری (Global Political) به‌شی (International migration and ethnic relations) به‌كالۆریۆسم هێنا، له‌ پلانیشم دایه‌ گه‌ر بوارم بۆ بڕه‌خسێت له‌ داهاتوو ئه‌وا له‌هه‌مان بواردا ماسته‌ر ده‌خوێنم.

سڤیل: تۆ كه‌سێكی زۆر هێمنی له‌ قسه‌كردن، له‌دانیشتنه‌كانیش كه‌م قسه‌ ده‌كه‌ی، ده‌كری به‌ دوو رسته‌ پێناسه‌یه‌كی (چنار) ـم بۆ بكه‌یت؟

چنار: ره‌نگه‌ هێمنی من به‌شێكی له‌به‌ر ئه‌وه‌بێت كه‌ كه‌سێكی هه‌ڵه‌شه‌ نیم له‌ قسه‌كردن به‌و مانایه‌ی كه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یڵێم، به‌ڵام هه‌ركاتیش پێویست بكات قسه‌ ده‌كه‌م و هه‌میشه‌ بۆچوونی خۆمم هه‌یه‌، هێمنی منیش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ من كه‌سێكی وشك بم و حه‌ز له‌ قسه‌ی خۆش و جه‌وی خۆش نه‌كه‌م.

سڤیل: ئه‌ی بۆچی زۆر كه‌م ده‌رده‌كه‌ویت له‌ پرۆگرامه‌ هونه‌رییه‌كانی كه‌ناڵه‌كان كه‌ له‌ بۆنه‌كان ئه‌نجام ده‌كرێن، هه‌روه‌ها له‌م فیستیڤاڵ و میهره‌جانانه‌ی كه‌ له‌ كوردستان ئه‌نجام ده‌درێن، هه‌روه‌ها چه‌نده‌ها بۆنه‌ و ئاهه‌نگ ئه‌نجام ده‌درێن، به‌ڵام تۆ له‌ناو ئه‌و كارانه‌دا نابینرێیت وه‌كو هونه‌رمه‌ند؟

چنار: من كه‌سێكم وڵاتی دایكمم خۆشده‌وێت و شانازی به‌ بۆنه‌و یاده‌وه‌رییه‌ پیرۆزه‌كانی ده‌كه‌م، جێگه‌ی شانازییه‌ به‌شداربم به‌ تایبه‌ت (نه‌ورۆز) . دیاره‌ به‌ هۆی سه‌رقاڵی و ژیانی تایبه‌تی خۆم و دووریم له‌ وڵات ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ نه‌ڕه‌خساوه‌.

سڤیل: ئه‌گه‌ر به‌ یه‌كجاری گه‌ڕایه‌ته‌وه‌ كوردستان ده‌توانی جگه‌ له‌ كاری هونه‌ری چ كارێكی دیكه‌ بكه‌یت؟

چنار: ئاواتم بوو بمتوانیبایه‌ هه‌موو ژیانم بۆ هونه‌ره‌كه‌م ته‌رخان بكه‌م، به‌ڵام به‌هۆی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندن نه‌متوانیووه‌، بۆیه‌ له‌ پاڵ هونه‌ره‌كه‌م قوتابی زانكۆی سوێدم و له‌ به‌شی كۆمه‌ڵناسی ده‌خوێنم، ئامانجیشم ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستان كار بكه‌م له‌ داهاتوودا، چونكه‌ پێم وایه‌ كوردستان پێویستی به‌ پسپۆڕی زانستی هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا.