لە ڕۆژانی 19 و 20 ی ئاپریلی 2014  بە ئۆرگانیزەكردنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان " کەنەکە" کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی پارتی سیاسی، رێکخراوی مەدەنی و کەسایەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی تر و بە بەشداری پۆلێك لە رۆشەنبیرانی كورد لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

 لە کۆنفرانسەکەدا بە بەرفراوانی باس لە ڕەوشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری و ئەو ئاستەنگیانەی كە لە بەردەم خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی خۆراسان دا ھەن کرا. ھەروەھا سەرنج خرایە سەر پەیوەندی نێوان پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دید و بۆچوونیان لە بارەیەوە ئاڵ و گۆڕ كران. لە بابەت ئەڵتەرناتیڤەکانی کاری هاوبەش و ھەماھەنگی كردن و لێک نزیکبونەوەیان لە یەكتری، را و پێشنیاری چارەسەرئامێز بۆ ئەو ئامانجە تاوتوێکران. بە ئامانجی خوڵقاندنی ھەلومەرج و كەش و ئادمۆسفێری یارمەتیدەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزانە، كە لەم چەشنە دیدار و كۆبوونەوە و كۆنفرانسانەدا بەرجەستە ئەبن، بە بەردەوامی دەرگاكانی گفتوگۆ لە نێوان ھێزە سیاسی و كەسایەتیەكان بە گشتی دەوری تیادا ببینن واڵابن و خەباتێكی بێوچانی بۆ بكرێت. كە لە ئەنجامدا ببنە مایەی بەرجەستەبوون و ھاتنە كایەوەی یەكێتیێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی پتەو و بەھێز.

 سەرەڕای ئەوەی ھاوسەرۆكایەتی و كۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بانگهێشتنامەی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو، ئامادە نەبوونی چەند لایەنی سیاسی لە ڕاوێژی نەتەوەیی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بووە جێی پرسیار و ھەروەھا نیگەرانی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە.

 پاش وتووێژێکی تێر و تەسەل بەشداربووان چەندین پێشنیاریان بۆ ئایندەی خەبات و تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆراسان پێشكەش بە دیوان و بەڕێوەبەرانی كۆنفرانس كرد.

 

یاداشتەکانی کۆنفرانس:-

1- کۆنفرانس بە جیدی لەسەر دیالۆگ و یەکتر قبوڵ کردن وتووێژی کرد، جەختی لەسەر پەیوەندی نێوان پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوەو هاودەنگی بۆپێکهێنانی ستراتیژیەکی نەتەوەیی لە و بەشەی کوردستاندا بە پێویستیەکی هەنووکەیی زانی.

2- بەشداربووان پێداگرییان لە سەر ئەوە کردەوە کە سنوورە دەستکردەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان نەبێتە ئاستەنگ و رێگر لە بەر دەم یەکێتی و هاوکاری نەتەوەیی.

3- پێویستە هەموو پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەستی بەرپرسیاریی نەتەوەیی یەوە لە یەکتر نزیک ببنەوە.

4- بەو پێیەی کە پارچەکانی کوردستان قوڵایی ستراتیژی یەکترن، پێویستە هەر بەشێکی کوردستان بەرامبەر پارچەکانی تر بەرپرسیاریەتی خۆی پێک بهێنێت، هاوکاری پارچەکانی تر بێت و هێڵە سوورەکانی نەتەوەیی بپارێزێت.

5- ڕۆشنبیران و نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکانەتر بەشداری پرسی ئاواکردنی یەکیێتی نەتەوەیی بن. ئەوان ئەتوانن رۆڵی مەزن و كاریگەر لە سەرجەم کایە سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا ببینن.

6- خەباتی کلتوری و کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوە پەرەی پێبدرێت. پەیوەندی نێوان ناوەوەی كوردستان و کوردانی دەرەوەی وڵات ( تاراوگە ) پتەو و بەھێزبکرێت.

7- پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پرسێکی گرنگ بایەخی پێبدرێت. رۆڵی ژن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان و کۆمەڵگەدا پێشبخرێت. توند و تیژی سیستەماتیکی دژ بە ژنان بنەبڕ بکرێت.

8- کارکردن بۆ کاراکردن و بەشداری زیاتری ڕێکخراوە مەدەنیەکان و سەرجەم میدیاو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و رای گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

9- بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و ئالوودەبوونی گەنجانی کوردستان رێی لێبگیرێت و سیاسەتی رژێمی ئێران لەو بوارەشدا ریسوا بکرێت.

10- خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی لە ناو کوردانی یارسان، لوڕ و خۆراسان زیاتر پەرەی پێبدرێت.

11- ڕژیمی ئێران سیاسەتێکی دووڕوویانە پەیڕەو دەکات، لەدەرەوە روویەك دەنوێنێ و بە دونیای نیشان دەدات و لە ناوخۆی ئێرانیشدا سیاسەتی سەرکوتكردن، ئەشکەنجە، ئیعدام و ئاسیمیلاسیۆن ( سڕینەوە ) پەیرەو دەکات. بۆئاشکرا کردنی ڕووی ڕاستەقینەی ڕژیمی داگیرکەری ئێران پێویست بە کاری سیاسی و دیپلۆماسی هاوبەشە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەوڵ بدرێت كە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارلەمانی ئوروپا پێک بێت.

12- بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیمۆکرات و ئازاد لە ئێران دا، خەباتی هاوبەشی گەلان لە ئێران و پێکهاتە ئیتنیکیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی پێبدرێت.

13- بەردەوامی خەبات و تێکۆشان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆنفڕانسێکی بەرفراوان بە بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان، تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە بچێت. بۆ ئەو مەبەستەش کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هاوکاری چەند ئەندامێکی بەشداربوو لەم کۆنفرانسەدا، کۆمیتەیەکی بۆ بەدوواداچوونی پێشنیار و یاداشەتەکانی کۆنفرانس پێک دێنێت.

 

کۆنفرانسی یەکەمی ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

21 . 04 . 2014 سوید