هه‌ر وه‌كو پێشتر به‌ڵێنی پێدابووین، و به‌ڵێنیشی به‌ جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌رانی دابوو، كه‌ ئیمتیازاتی په‌رله‌مان ره‌تده‌كاته‌وه‌و ناچێته‌ ناو خانووه‌كه‌ی گوندی ئیتاڵی كه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران ته‌رخانكراوه‌، به‌فه‌رمی‌ رێكه‌وتن و تێگه‌یشتن له‌نێوان فه‌ره‌یدون بێوار، سه‌رۆكی ریكخراوه‌كه‌مان و ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی زه‌رد واژوو كراو، نابراو به‌ فه‌رمی خانووه‌كه‌ی گوندی ئیتاڵی دایه‌ رێكخراوه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ینه‌ سه‌نته‌ری ئۆتیزم بۆ مه‌شق و راهێنانی مناڵانی ئۆتیزم، كه‌ نزیكه‌ی 15 بۆ 20 مناڵ ده‌توانن سوود له‌و سه‌نته‌ره‌ وه‌ربگرن و خانه‌واده‌كانیان لێی سوودمه‌ند بن.هه‌تاوه‌كو به‌رێزیان په‌رله‌مانتاربن، ئه‌م خانووه‌ موڵكی رێكخراوه‌كه‌مان ده‌بێت و له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی ماوه‌ی‌ په‌رله‌مانتاری، خانووه‌كه‌ ته‌سلیمی په‌رله‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

وێرای ده‌ستخۆشی و پیزانینمان بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ مرۆیی و خه‌مخۆرانه‌ی ئومێد خۆشناو بۆ مناڵانی ئۆتیزم، داوا له‌ باقیی په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوی هاوشێوه‌ی ئومێد خۆشناو بنێن و ئاوڕێك له‌ خودی مناڵانی ئۆتیزم و خانه‌واده‌كانیان بده‌نه‌وه‌.

رۆژ به‌رۆژ ژماره‌ی تووشبووانی ئۆتیزم زیاد ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی پێداویستی و سه‌نته‌ر و په‌یمانگه‌ و راهێنه‌ریان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت و ئاوڕی جدیان لێبدرێته‌وه‌.له‌ئێستادا رێژه‌ی تووشبووانی ئۆتیزم له‌ پارێزگای هه‌ولێر زیاتر له‌ 350 مناڵ ده‌بێ، به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك سه‌نته‌ری بچوكی حكومی هه‌یه‌، كه‌ 20 مناڵ له‌خۆ ده‌گرێ، بۆیه‌ به‌به‌رده‌وامی پێویستیمان به‌ سه‌نته‌ری زیاترو په‌یمانگه‌ هه‌یه‌.

رێكخراوی هوما بۆ تووشبووانی ئۆتیزمی كوردستان

24-8-2014