بۆ به‌ڕێزان:

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان

وه‌زیری داد

لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان

بابه‌ت: به‌ دۆكۆمێنت كردنی تاوانه‌كانی داعش

له‌ رێگای ئه‌م نامه‌یه‌وه‌ داوا له‌ به‌ڕێزتان ده‌كه‌ین به‌ زوترین كات تیمێكی پسپۆڕ دروست بكه‌ن بۆ به‌ دۆكۆمێنتكردنی ئه‌و تاوانانه‌ی داعش به‌رامبه‌ر به‌ برا ئێزیدی و كریستان و كه‌مایه‌تییه‌ مه‌زهه‌بی و ئاینییه‌كانی كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانانه‌ وه‌ك تاوانه‌كانی ساڵانی هه‌شتاكان و پێشتری به‌سه‌ردا نه‌یات و به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاماده‌ و ده‌قیق بن بۆ دادگاییكردنی بكه‌رانی، له‌م روه‌وه‌ داواكارین:

1-      ته‌واوی تاوانه‌كان به‌ دۆكۆمێنت بكرێن ( (بینراو، بیستراو نوسراو) ) .

2-   له‌ رێگای هاوئاهه‌نگی له‌ گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌و ده‌زگای ئاسایش و هه‌واڵگری زانیاری له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كان كۆبكرێته‌وه‌و ده‌ستنیشان بكرێن.

3-   به‌شی زۆری ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ له‌و وڵاتانه‌وه‌ هاتوون كه‌ وڵاته‌كانیان ئه‌ندامی دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تین و ده‌كرێت له‌ دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بكرێت.

4-   ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی هاووڵاتی كوردستان یان عێراقن، به‌ یاساكانی دادگای باڵای تاوانه‌كان دادگایی بكرێن، چونكه‌ ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامیان داوه‌ ( (جینۆساید، تاوانی جه‌نگ، تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی) ) ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی پسپۆڕی دادگای ناوبراوه‌وه‌.

5-   ئه‌و دیلانه‌ی ده‌گرترێن به‌ پێی پرنسیبه‌كانی په‌یمانامه‌ی جنێف مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌ڵدا بكرێت، به‌ڵام گرنگه‌ هه‌موو زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر كه‌سی بكه‌رو خاوه‌ند بڕیاری تاوانه‌كان لێ وه‌ربگرترێت، چ به‌رامبه‌ر به‌ كه‌س یان مه‌زارگه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ ئاینییه‌كان و شوێنه‌واره‌ مێژوییه‌كان.

6-   هه‌ر چه‌كدارێكی دیل كراو ته‌مه‌نی كه‌متر له‌ 15 ساڵ بوو، ئه‌وه‌ بۆ خۆی تاوانی جه‌نگه‌، رێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كانی لێ ئاگادار بكرێته‌وه‌و ته‌سلیم به‌وان بكرێن.

كوردستان بێ جینۆساید

Kurdistan without genocide

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

6-8-2014

https://www.facebook.com/pages/Kurdistan-without-Genocide/129689267191143?ref=hl

كوردستان بێ جینۆساید ڕێكخراوێكی سیڤیلی سوود نه‌و‌یستی سه‌ربه‌خۆیه‌، پشتیوانی داواكاری بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانه‌ له‌ كوردستان، كار ده‌كات له‌سه‌ر پرسه‌كانی تاوانی ژینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و بنه‌بڕكردنی شوێنه‌واری جه‌نگ و چه‌سپاندنی ئاشتی له‌ كوردستان، ئه‌ندامی رێكخراوی چاودێری جینۆساید و هاوپیمانی جیهانی بۆ دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی و رێكخراوی ئاشتی جیهان و ئایكانه‌.