له‌ رێككه‌وتی 20 و21 ته‌مموزی 2014 دا یاسای دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگی له‌سه‌ر درا و ده‌رچوو، ئه‌مه‌ش جێگای ده‌ست خۆشییه‌ و هه‌وڵ و ماندوبوونه‌كان به‌رز ده‌نرخێنین له‌و باره‌یه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای تێبینیمان له‌سه‌ر به‌شێك له‌ مادده‌ و خاڵه‌كانی یاساكه‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ ئاینده‌دا به‌ باشی جێبه‌جێ نه‌كرێن و هه‌مان هه‌ڵه‌كانی ئه‌زموونی عێراق دووباره‌ ببێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ سه‌ربه‌خۆی كۆمسیۆنه‌كه‌ و بنه‌مای شه‌فافیه‌ت و كارایی و وردی و پاك و بێگه‌ردی كه‌ له‌ رابردوودا پرسیار گه‌لێكی زۆریان له‌باره‌وه‌ هه‌یه‌. بۆیه‌ داخوازین ره‌چاوی داواكاری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بكه‌ن، به‌مه‌ش بڕگه‌یه‌كی گرنگی بڕیاری ژماره‌ (5) ی ساڵی 2013ی په‌رله‌مانی كوردستان (په‌یمانی هاوبه‌شی و گه‌شه‌پێدان له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ گشتییه‌كان و رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان – عێراق) جێ به‌جێ ده‌كه‌ن.

بۆیه‌ داواكارییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خه‌ینه‌ روو:

1-      لیژنه‌ی په‌رله‌مانی پێكبهێندرێت و به‌شداری به‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بكرێت به‌ مه‌به‌ستی شفافیه‌ت.

2-   ده‌رگای خۆ پاڵاوتن به‌ یه‌كسانی له‌ به‌رده‌م هه‌مووان كراوه‌ بێت و بنه‌مای توانا و به‌هره‌ی ئه‌كادیمی و زانستی و ئه‌زموون ته‌نها پێوه‌ری بنه‌ڕه‌تیبن بۆ وه‌رگرتنی كۆمسیاران و پله‌ باڵاكان.

3-    بۆ زه‌مانه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی، ده‌بێت به‌ته‌واوی له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی حزبی بپارێزرێن و یاساكه‌شی وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت.

4-   توانای ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران و پله‌ باڵاكان و پیشه‌گه‌رییان چاره‌سه‌ری كۆمه‌ڵێك گرفت ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌زموونه‌كانی رابردوودا گرفتی گه‌وره‌بوون، له‌وانه‌: (دواكه‌وتنی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به‌ حزبی كردنی كارمه‌ندان، پشتبه‌ستن به‌ تۆمارێكی پڕ له‌ كه‌م و كوڕی كه‌ جێگای متمانه‌ نییه‌) .

لێره‌دا جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌رپرسیارێتی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ و پێویسته‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ دوور بگرن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی، چونكه‌ ده‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای حزبایه‌تی و قۆرخكاری دابمه‌زرێت، هه‌ر زوو ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ره‌خنه‌ی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان و متمانه‌ی خه‌ڵك له‌ ده‌ستده‌دات.

هه‌ولێر

27ی ته‌مموزی 2014

ناوی رێكخراوه‌كان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌دنی

1-      ره‌وتی ناڕزایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك (56) كه‌سایه‌تی

2-      تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردن (113) رێكخراو

3-      رێكخراوی فریاكه‌وتنی میللی

4-      تۆڕی نه‌وه‌كانی ئاشتی، (21) رێكخراو

5-      نیاز عه‌بدوڵڵا – چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌دنی

6-      رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید

7-      رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی كورد

8-      هاوبه‌ندی راهێنه‌رانی مافه‌كانی مرۆڤ، (136) راهێنه‌ر

9-      تۆڕی دادپه‌روه‌ری به‌ندییه‌كان، (54) رێكخراو

10-  رێكخراوی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان

11-  رێكخراوی لێكۆلینه‌وه‌ و زانیاری جه‌نده‌ر

12-  رێكخراوی ده‌ستی هاوكاری مرۆڤایه‌تی

13-   هه‌وپه‌یمانێتی ئازادییه‌كان، (65) رێكخراو

14-  تۆڕی ماف، (86) رێكخراو

15-  رێكخراوی گه‌یاندن

16-  رێكخراوی خۆبه‌خشانی كوردستان

17-  رێكخراوی مرۆڤ بۆ داكۆكی له‌ مرۆڤ

18-  سه‌نته‌ری كات بۆ هۆشیاری و راهێنانی لاوان

19-  رێكخراوی داهێنان بۆ هه‌مووان

20-  رێكخراوی هه‌وڵ

21-  رێكخراوی چاو

22-  رێكخراوی هاریكاری مرۆڤایه‌تی