سه‌باره‌ت كوشتنی ژنێكی پازده‌ ساڵ به‌ ناوی (دونیا) ته‌له‌فزیۆنی كوردستان تیڤی Ktv ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رۆژی 29/05/2014 راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌، ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ سه‌رله‌به‌ری ره‌واییدان بوو به‌ كوشتنی ژنێكی پازده‌ ساڵان، له‌ راپۆرته‌كه‌ لێدوان له‌ چوار هاوڵاتی وه‌رگیراوه‌ كه‌ هه‌ر چواریان به‌ زه‌قی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كێشه‌كه‌ (شه‌ره‌ف و ناموسه‌) و ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن به‌ بیانوو بۆ ره‌وایی به‌خشین به‌ تاوانی كوشتنی منداڵێكی پازده‌ ساڵان، یاخود له‌ لێدوانه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ بۆچی كه‌سوكاری ئه‌م ژنه‌ منداڵه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌دا دوو جار به‌ شوویان داوه‌؟! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوو جار به‌شوودانی منداڵێكی پازده‌ ساڵان تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ و دووره‌ له‌ هه‌موو یاسا و عورف و عاداتێك به‌ڵام كوشتنه‌كه‌ی و له‌ناوبردنی مرۆڤێك له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا زۆر له‌م تاوانه‌ گه‌وره‌تر و قێزه‌ونتره‌، بۆیه‌ ته‌له‌فزیۆنی ناوبراو پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ ده‌بوو دیقه‌ت له‌وه‌ بده‌ن كه‌ راپۆرتێكی ناته‌واوه‌ به‌وه‌ی ته‌نیا یه‌ك رووی روداوی تاوانێكی كوشتنی نیشانداوه‌ و به‌مه‌ش راپۆرته‌كه‌ بۆته‌ راپۆرتێكی ئاڕاسته‌كراو! راپۆرت و كاری رۆژنامه‌وانی ئاڕاسته‌كراویش دووره‌ له‌ ئیتیك و پیشه‌یی بوون! رێكخراوی چاوی ئه‌مڕۆ بۆ چاودێری كاری رۆژنامه‌وانی. بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ به‌ پێشێلكاری و لادان له‌ كار و ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی رۆژنامه‌وانی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و له‌ راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا جێگیری ده‌كات

 ده‌سته‌ی ڕاپه‌ڕاندنی

 رێكخراوی (چاوی ئه‌مڕۆ)

 ئۆفیسی گشتی/ هه‌ولێر

 

31/05/2014