داواکارییەکی دڵسۆزانەو کراوە لە سەرکردایەتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، بۆ پارتی و گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان

بە سەرنجدان بە هەلوومەرجی سیاسی_ ئابووری و ئەمنی باشووری کوردستان بە گشتی و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجۆمەنی پارێزگاکانی عێراق و پەڕڵمانی عێراقی بە ناو فیدراڵ، دەبێت ئەوە بزانین کە ناحەزانی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی باشووری کوردستان بە گشتی و دەزگا سیخۆڕییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەی لە دەستیان بێت دەیکەن .

 هەر لەو پەیوەندییەدایە کە کومیتەی ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، وەبیر هەموو لایەکی دەخاتەوە تێرۆریست دیپڵۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەن رۆژێک لەمەو بەر هاتنە باشووری کوردستان و داوایان لە سەرکردایەتی سیاسی باشووری کوردستان کرد بۆ دواخستنی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  بەڵام زۆر بوێرانەو کوردانە، بەرەو رووی وڵامی " نا " ی سەرکردایەتی سیاسی باشووری کوردستان بوونەوە .

کەوا بوو، لەم هەلوومەرجەدا، دامودەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ئاسایشی پاراستنی کوردستان دەبێت وریای کردەوە تەخریبی''تێکدەرانە'' و ئاژاوەگێڕانەکانی سیخۆڕەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بن.

 بە بڕوای کۆمیتەی ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، تەنها رێگای پێشگرتن لە کردەوە تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕی دەزگا سیخۆڕییەکانی رژیمی ئێران، پاراستنی یەک ریزی و قەبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پاڕڵمانی باشووری کوردستانە، رەچاونەکردنی ئەو هەلوومەرجە بەرانبەرە بە لە دەستچوونی، هەلوومەرجی باش و لەباری باشووری کوردستان .

بژی کورد

 پایدار بێت کوردستان

 کۆمیتەی ناوەندی

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

19/4/2014