ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندیی (ی. ن. ك) لە كاتێكدا شانبەشانی جەماوەری كوردستان دەستخۆشی لە هەوڵە سەركەوتووەكەی هەڤاڵ (عادل مراد) سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی (ی. ن. ك) دەكەین، لە پێناو چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە پێمان وایە هەنگاوێكی باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان هەرێم و بەغداد هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵواسراوەكان، لەهەمانكاتدا نیگەرانی و سەرسوڕمانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە لێدوانێكی بەڕێز (ئەنوەری حاجی عوسمان) بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە كە رەخنە لە هەوڵەكانی بەڕێز (عادل مراد) دەگرێت و داوای لێدەكات واز لە سیاسەت بێنێت، بەتایبەتی لەسەر داواكاریەكی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی (ی. ن. ك) كە لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ بەرێز (نوری مالیكی) داوای مووچەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، بەڕێز بریكای وەزارەتی پێشمەرگە لەجیاتی ئەوەی سوپاسی بەڕێز (عادل مراد) بكات بۆ ئەو هەنگاوە پڕ لە مەسئولیەتە، كەچی دەڵێت (تێریمان ناوێت!!).

ئێمە دەزانین جەنابتان تێرن و پێویستیتان بە تێربوون نیە، بەڵام دەبێت ئاگات لە بارودۆخی ناهەمواری بژێوی هێزی پێشەرگەی كوردستان بێت و بزانیت لە چ دۆخێكدا دەژین. حەقیشە لەجیاتی ئەوەی داوای وازهێنان لە كاك (عادل مراد) بكەیت جەنابت ئەو ئەركە بۆ كەسێكی دیكە بەجێ‌ بهێڵیت تا باشتر ئاگاداری بژێوی ژیانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت.

 

سكرتاریەتی ئەنجومەنی ناوەندیی (ی. ن. ك)