وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە هەرسێ رۆژی نەورۆزدا تەنیا 4 حاڵەتی تاوانی سووك لە هەولێر تۆمار كراوە و ئەم نەورۆزەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، ئارامترین نەورۆز بووە.

ئەمڕۆ رێكەوتی ٢٠١٤/٣/٢٤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا كە بۆ وتەبێژی پۆلیسی هەولێر و وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە هۆبەی ڕاگەیاندن ساز كرا، گرنگترین ئامار و رووداوەكانی ماوەی هەر سێ رۆژانی نەورۆز بۆ دەزگاكانی راگەیاندن خرایە ڕوو.

ڕائید كاروان شێخ عەبدولكەریم وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، نەورۆزی ئەمساڵ بە بەروارد لەگەڵ ساڵانی رابردوو ئارامترین نەورۆز بوو،  بەو پێیەی لە ماوەی هەر سێ رۆژەكەدا تەنها (٤) تاوان تۆمار كراوە كە دووانیان تاوانی دزی و دووەكەی تریشیان تاوانی شەڕ بووە، هەروەها هەر چوار تاوانەكەش تاوانی سووك بوون و نەگەیشتووەتە ئاستی ترسناك.

ڕائید كاروان هەروەها ڕوونیشی كردەوە، ئەو پلانە ئەمنییەی كە بە هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانی تر بۆ نەورۆز و بۆنەكانی ئادار دایانڕشتبوو، زۆر سەركەوتوو بوو و جگە لەوەش هاوكاریی هاووڵاتیان لەگەڵ هێزە ئارامیپارێزەكان، وای كرد كەمترین حاڵەتی تاوان لە سێ رۆژی نەورۆزدا تۆمار بكرێت.

لە بە شێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، نەقیب فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای كرد، بە بەراوردی ساڵی رابردوو ڕووداوەكانی هاتوچۆ‌ لە نەورۆزدا كەمیان كردووە بە شێوەیەك لە ساڵی رابردوودا 12 ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كراوە، بەڵام لەم نەورۆزەدا تەنیا 7 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە و بە هۆیانەوە سێ‌ كەس گیانیان لەدەست داوە ‌و 15 كەس دیكەیش زامدار بوون.

ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر

ئومێد پشدەری

24/3/2014