پێداچونه‌وه‌ به‌ شێوازی كاركردنی كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان و نوسینگه‌كانی گواستنه‌وه‌دا ده‌كرێت و له‌یه‌ك سیستمی پێشكه‌وتوودا كاره‌كانیان رێكده‌خرێت، هه‌روه‌ها له‌ رووی ئاسایشه‌وه‌ رێوشوێنی توندتر ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ هاتنه‌وه‌وه‌ی كه‌سانی هه‌ڵهاتوو له‌ یاسا بكرێت،

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/10، له‌ دیوانی قائیمقامیه‌ت ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیا گه‌شتیاریه‌كان و نوسینگه‌كانی گواستنه‌وه‌دا كۆبوویه‌وه‌ و رایگه‌یاند ده‌یانه‌وێت له‌ به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێداوچونه‌وه‌ به‌ شێوازی كاركردنی هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا گه‌شتیاریانه‌دا بكه‌ن كه‌ گه‌شتیاران له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ سه‌ردانی وڵاتانی جیهان و ده‌وروبه‌ر ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها ئه‌و نوسینگانه‌ش كه‌ هاوڵاتیان بۆ شاره‌كانی ناوخۆی هه‌رێم ده‌گوازنه‌وه‌،

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند كاره‌كانی هه‌موو كۆمپانیاگه‌شتیاریه‌كان و نوسینگه‌كانی گواستنه‌وه‌ له‌ شاری سلێمانی له‌ یه‌ك سیستمی پێشكه‌وتوودا یه‌ك ده‌خه‌ن به‌جۆرێك كه‌ گه‌شتیاران و هاوڵاتیان به‌بێ هیچ ئاسته‌نگ و گرفتێك له‌رێگه‌یانه‌وه‌ گه‌شت بكه‌ن و هه‌روه‌ها ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی كه‌ پێشكه‌شیان ده‌كه‌ن له‌ ئاستێكی باش و پێویستدا بێت، روونشی كرده‌وه‌ پێویسته‌ كۆمپانیاكان پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و رێوشوێن و رێنماییانه‌بن كه‌ بۆیان ده‌ستنیشان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی گواستنه‌وه‌ و كه‌رتی گه‌شتیاری به‌ره‌و پێشچونی زیاتر هه‌نگاو بنێت،

له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاوات محه‌مه‌د رایگه‌یاند له‌ رووی پاراستنی ئاسایشه‌وه‌ رێوشوێنی توندتر ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی كاركردنی كۆمپانیا گه‌شتیاری و نوسینگه‌كانی گواستنه‌وه‌ به‌جۆرێك رێكبخرێت كه‌ ئاسایشی نیشتیمانی نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و رێگری له‌ كه‌سانی نیاز خراپ و هه‌ڵهاتوو له‌ یاسا بكرێت، له‌ باره‌ی گرفت و كێشه‌كانی كۆمپانیا گه‌شتیاری و نوسینگه‌كانی گواستنه‌وه‌وه‌ قائیمقامی سلێمانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد له‌م رووه‌وه‌ هه‌نگاوی پێویست بنێن و له‌ روانگه‌ی داكۆكی كردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی چاره‌سه‌ری گرفت و ئاسته‌نگه‌كان بكرێت، بڕیاریشدرا بۆ زیاتر رێكخستنی كاره‌كانیان له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانتر رێكبخرێت.

راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.