كتێبیك ده‌رباره‌ی داستانی كۆرێ له‌لایه‌ن (وریا یونس) كه‌وته‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ران به‌ناوی (ئه‌و ده‌ربه‌نده‌ی خۆری لی  ئاوانه‌بوو) دیاره‌ نوسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ جیاواز له‌و كتێب وبلاوكراوانه‌ی له‌سه‌ر كۆرێ نوسراون، ده‌یه‌ویت ناوه‌وه‌ی راستیه‌كانی داستانی كۆری و گرنگی شه‌ره‌كه‌ باس بكات. ئه‌و پێی وایه‌ داستانی كۆری گرنگترین شه‌ڕه‌كه‌ له‌ مێژووی شۆرشی كورد دا كاریگه‌ری هه‌بوه‌ له‌سه‌ر باری سیاسی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری كوردستان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نوسه‌ر له‌ هۆكارو ده‌رئه‌نجامه‌كانیان ده‌كۆلێته‌وه‌ و روونیان ده‌كاته‌وه‌. له‌به‌ر گرنگی ئه‌م كتێبه‌ له‌سالرۆژی داستانی كۆرێدا به‌باشمان زانی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ل كاك وریا یونس نوسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ ئه‌نجام بده‌ین.

پرسیار: تۆ نوسه‌ری كتێبی (ئه‌وده‌ربه‌نده‌ی خۆری لێ ئاوانه‌بوو) ده‌رباره‌ی شه‌ڕی كۆرێ، ئه‌توانیت پێمان بڵیت هۆی چیه‌ ئه‌و داستانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گرنگی پێده‌دریت؟

وریا: داستانی كۆرێ له‌كات و ساتی خۆیدا توانی كێشه‌ی كورد له‌كوردستانی عێراقدا له‌وپه‌ری لاوازیه‌وه‌ بگۆرێت بۆ قۆناغێكی نوێ، كه‌ ئه‌ویش قۆناغی وه‌ستاندنی شاڵاوی درنده‌یی رژێمی عێراق بوو بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ كورد.

پرسیار: واته‌ پێت وایه‌ ئه‌گه‌ر رژێم له‌و شه‌ره‌دا نه‌شكایه‌ داوای دانوستانی نه‌ده‌كرد له‌گه‌ڵ كورد؟

وریا: من پێم وایه‌ نه‌خێر، چونكه‌ ئه‌و نیازی گرتنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری كوردستان هه‌بوو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌دڕنده‌ترین شێوه‌ هێرشی ده‌كرد. ئه‌گه‌ر رژێم ویستی گفتوگۆی هه‌بوایه‌ له‌گه‌ل كورد ئه‌و هێرشه‌ی نه‌ده‌كرد، ئه‌گه‌ر له‌و شه‌ره‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست بهێنایه‌ تا سنوره‌كان هێرشی رانه‌ده‌وه‌ستاند.

پرسیار: به‌ڵام ئه‌وكات دوو رۆژ پێش شه‌ڕی كۆرێ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وله‌تی له‌ پێنجی نیسانی 1991 بریاری 688ی ده‌ركرد دژی ئه‌و شالاوانه‌ی رژێمی عێراق. پێت وانیه‌ ئه‌م بریاره‌ هۆكاری راسته‌قینه‌ بێت بۆ رژێم له‌ داواكردنی مفاوه‌زات له‌گه‌ڵ كورد؟

وریا: نه‌خێر ئه‌و بریاره‌ زیاتر بریارێكی مرۆیانه‌ بوو بۆ كورد و خه‌ڵكی عێراق. برایاری 688 هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌كی سه‌ربازی تێدا نیه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ دژی عێراق، به‌ڵكو بریاره‌كه‌ داواده‌كات له‌عێراق كه‌ ئه‌و سه‌ركوتكردنه‌ بوه‌ستێنی و رێگا بدات به‌ رێكخراوه‌ مرۆیی و خێرخوازه‌كان بێنه‌ ناو عێراق. هه‌ڵبه‌ته‌ فاكته‌ری ده‌ره‌كی كایگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر لاواز كردنی رژێم و ناچار كردنی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ كورد، به‌ڵام له‌ساتی هێرشه‌كه‌ی كۆرێدا رژێم هیچ شتێ رێگری نه‌بوو له‌ درێژه‌ پێدان له‌شاڵاوه‌كه‌ی. ئه‌وه‌بوو دووجار هێرشی كرد هه‌ردوو جاره‌كه‌ له‌دوای شكاندنێكی بێ وێنه‌ ئینجا داوای دانوستانی كرد.

پرسیار: ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێت تاكه‌ هۆكاری گرنگی شه‌ڕی كۆرێ له‌وه‌دایه‌ كه‌ رژێمی ناچار كرد شه‌ڕ رابگرێت و داوای مفاوه‌زات بكات.

وریا: ئه‌مه‌ خاڵێكی یه‌كجار گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها هۆكار نیه‌ بۆ گرنگی شه‌ڕی كۆرێ به‌ڵكو زۆر خاڵی تر هه‌یه‌ داستانی كۆرێ له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی تر جیا ده‌كاته‌وه‌.

پرسیار: خاڵی تری وه‌كو چی؟

وریا: زۆر خاڵی تر هه‌یه‌ بۆ نموونه‌: سه‌ركه‌وتنی داستانی كۆرێ گیانی هه‌زاره‌ها ژن ومنداڵ و خه‌ڵكی بێ تاوانی كوردی پاراست كه‌به‌ره‌و سنوره‌كان هه‌ڵده‌هاتن. خاڵیكی تر بۆیه‌كه‌م جار له‌ مێژوودا هه‌موو حزبه‌كوردستانیه‌كان توانیان له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا و شان به‌شانی یه‌ك له‌ بارێكی یه‌كجار خراپی گه‌لی كوردا رژێم تێك بشكێنن. خاڵی تریش هه‌یه‌ كه‌من له‌ كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌م پێداوه‌.

پرسیار: باسی كتێبه‌كه‌ت كرد، حه‌زده‌كه‌م به‌ پرسیاری ناو نیشانی كتێبه‌كه‌ت ده‌ست پی بكه‌م (ئه‌وده‌ربه‌نده‌ی خۆری لێ ئاوانه‌بوو) مه‌به‌ستت چیه‌ له‌م ناونیشانه‌ سه‌رنج راكێشه‌؟

وریا: ئه‌مه‌وێت به‌م ناونیشانه‌ گه‌وره‌یی ئه‌م داستانه‌ نیشان بده‌م. "خۆری لێ ئاوانه‌بوو " ته‌نها مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كۆرێ داگیر نه‌كرا له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس به‌ڵكو ئه‌و خۆره‌ی كه‌ له‌كۆرێ هه‌ڵهات و ئاوانه‌بوو بۆماوه‌یه‌كی درێژ پرشنگی به‌خشیه‌ گشت لایه‌نه‌كانی باری سیاسی و ده‌رونی كۆمه‌لایه‌تی و جه‌سته‌یی میلله‌تی كورد. ئه‌و ده‌ربه‌نده‌ خاڵی مێژوویه‌كی نوێی ئێمه‌ بوو، له‌ پاش ئه‌و هه‌موو ماڵ وێرانیه‌ی به‌سه‌ر كورد داهات.

پرسیار: ده‌توانیت به‌چی ئه‌م كتێبه‌ی خۆت جیا بكه‌یته‌وه‌ له‌هه‌موو ئه‌و نوسینانه‌ی كه‌ پێشتر له‌سه‌ر داستانی كۆرێ نوسراون؟

وریا: له‌گه‌ڵ رێزم بۆ هه‌ر نوسینێك ده‌رباره‌ی ئه‌م داستانه‌، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌م به‌نوسینی ئه‌م كتێبه‌ یه‌كه‌مجار گرنگی و گه‌وره‌یی شه‌ڕه‌كه‌م لا گه‌ڵاڵه‌ بوو، پاشان یه‌كه‌م مه‌به‌ستم له‌نوسینی ئه‌وه‌ بوو راستی رووداوه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌م. بۆمن گرنگ نه‌بوو یاخود به‌شێوه‌یه‌كی تر بڵێم ئیشی من نه‌بوو ئاڵای حزبێك یاخود قاره‌مانێكی نوێ به‌رز بكه‌مه‌وه‌و پێشانی خوێنه‌ری بده‌م، به‌ڵكو وه‌كو ووتم راستی رووداوه‌كان و گرنگی ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ مێژوو ده‌ست نیشان بكه‌م. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌ڵێم خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ به‌لای خۆمه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر هیچ وتارێك یاخود نوسینێكم به‌رچاو نه‌كه‌وتووه‌ كه‌ هۆكاری راسته‌قینه‌ی دیوی ناوه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاته‌كان باس بكات دور بێت له‌ بیری ته‌سكی حزبایه‌تی.

پرسیار: مه‌به‌ستت چیه‌ له‌ بیری ته‌سكی حزبایه‌تی؟

وریا: مه‌به‌ست به‌حزبی كردنی داستانه‌كه‌یه‌، واته‌ كه‌سێك، حزبێك یان لایه‌نێك سه‌ركه‌وتنه‌كان بێ ویژدانانه‌ بۆ خۆی رابكێشیت.

پرسیار: به‌لام پێت وانیه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا رۆڵی حزبێك یان كه‌سایه‌تیه‌ك زیاتر بوبێت له‌یه‌كیكی تر؟

وریا: من له‌ كتێبه‌كه‌دا ئه‌وانه‌م هه‌موو باس كردوه‌ رۆڵی حزب وكه‌سایه‌تیه‌كان به‌ڵام دوور له‌ هێنانه‌وه‌ی پێشه‌وه‌ی لایه‌ك و بردنه‌ دواوه‌ی لایه‌كی تر. ئیشی من له‌و كتێبه‌ شیكردنه‌وه‌و به‌دواچونی راستی رووداوه‌كانه‌ چۆن روویان داوه‌و كاریگه‌ریان چی بوه‌.

پرسیار: به‌شێكی زۆر له‌ كتێبه‌كه‌ت پێكهاتوه‌ له‌ كۆمه‌لێك چاوپێكه‌وتنی كه‌سایه‌تی وفه‌رمانده‌ی سه‌ربازی حزبه‌كان، چۆن ده‌توانیت خوێنه‌ر قه‌ناعه‌ت پی بێنی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌هه‌ڵه‌ یاخود له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌ی خۆیان رووداوه‌كه‌یان نه‌گێرابێته‌وه‌؟

وریا: ئه‌م پرسیاره‌ زۆر گرنگه‌، ره‌نگه‌ بلێم زۆرترین زه‌حمه‌تی و هیلاك بوونم له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بوه‌، كه‌ چۆن بتوانم راستی ده‌سته‌به‌ر بكه‌م له‌و كه‌سه‌ حزبیانه‌ی رۆڵیان هه‌بوه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ یه‌كه‌م جار زۆر به‌ووردی جۆره‌ ته‌كنێكی نوێ پرسیاركردنم به‌كار ده‌هێنا، پاشان قۆناغ به‌قۆناغ ئه‌وانم په‌لكێش ده‌كرده‌ ناو باسه‌كه‌وه‌ له‌ دواجار به‌راوردی قسه‌كانی هه‌مویانم ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی دروستی رووداوه‌كه‌م ده‌ست بكه‌وێت. به‌ڵام كێشه‌و زه‌حمه‌تی تریش هه‌بوو له‌ كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كاندا، من كارم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد چۆن بیره‌وه‌ری ئه‌وكه‌سانه‌ بجولێنم و رێگای یاده‌وه‌ره‌كانیان پاك بكه‌مه‌وه‌ له‌سه‌رئه‌و داستانه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری له‌یاد چونه‌وه‌ی هه‌یه‌. بۆیه‌ زۆر كات به‌رچاو ڕوونیم ده‌كردن له‌ گێرانه‌وه‌ی رووداوه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه‌وه‌ هه‌ڵه‌وه‌ یاخود سه‌ركه‌وتنه‌كان ته‌نها بۆخۆیان په‌لكێش نه‌كه‌ن. هه‌ستم كرد توانیومه‌ تاراده‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنم وداستانی كۆرێ رزگاربكه‌م له‌و حزب حزبێنه‌.

پرسیار:له‌كتێبه‌كه‌ت دا ده‌ڵێت له‌ هێرشی دووه‌می سوپای عێراقی له‌سه‌ره‌تادا زۆربه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ داگیر كرا، به‌ڕای تۆ ئه‌و هونه‌ره‌ چی بوو پێشمه‌رگه‌ بتوانێت حكومه‌ت بشكێنی و سه‌نگه‌ره‌كان بگرێته‌وه‌؟.

وریا: له‌هێرشی دوه‌مدا سوپا زۆربه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان و به‌رزاییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی داگیر كرد. له‌و باره‌ ناله‌باره‌ی كوردستان كه‌ تیایدا ووره‌ی پێشمه‌رگه‌ وه‌ری و جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌رده‌وام له‌ پاشه‌كشه‌دابوو، بارێك زۆر ئه‌سته‌م بوو بۆ به‌رگری كردن. به‌ڵام له‌وه‌ ئه‌سته‌م تر گرتنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان بوو به‌ ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌. به‌ڕاستی شتێكی سه‌ر سور هێنه‌ر بوو، ئه‌و ووره‌یه‌ له‌ كوێوه‌ په‌یدا بوو، چۆن ئه‌و هه‌موو حزبه‌ توانیان به‌یه‌كه‌وه‌ بگونجێن و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا پاش له‌ده‌ست دانی زۆربه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانیان هێرش بكه‌نه‌وه‌و ئه‌و سوپا درنده‌یه‌ی رژێم تێك بشكێنن. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌وه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌ باسم كردوه‌ شه‌ڕی كۆرێ ده‌كاته‌ یه‌كێك له‌ داستانه‌ بێ وێنه‌كانی مێژوو.

پرسیار: له‌ هه‌ندی ئه‌و نوسینانه‌ی له‌سه‌ر داستانی كۆرێ نوسراون ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا ته‌نها یه‌ك به‌ر له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ گیراوه‌ (واته‌ به‌ری رۆژئاوا) . به‌ڵام تۆ له‌ كتێبه‌كه‌تدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌به‌ری رۆژ هه‌لاتیش داگیر كراوه‌ له‌لایه‌ن سوپاوه‌، ئایا ئه‌مه‌ تا چ راده‌یه‌ك راسته‌؟

وریا: سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌ هه‌ردوو به‌ری رۆژهه‌لات و رۆژ ئاوا كۆنترۆڵیان له‌ ده‌ست داو له‌ لایه‌ن سوپای رژێمه‌وه‌ داگیر كران. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ته‌نها یه‌ك به‌ری شه‌ره‌كه‌ گیراوه‌ دیاره‌ ئاگایان له‌ شه‌ره‌كه‌ نه‌بوه‌ یاخود ته‌نها پروپاگه‌نده‌ی حزبیه‌ بۆخۆیان، ئه‌گینا وه‌كو له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیش ده‌رده‌كه‌ویت فه‌رمانده‌سه‌ربازیه‌كانی هه‌ردوو به‌ره‌ دان به‌شكستی و داگیر كردنی سه‌نگه‌ره‌كانی هه‌ردوو به‌ره‌ داده‌نێن به‌ڵام له‌دواییدا پێشمه‌رگه‌ ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ی گرتۆته‌وه‌.

پرسیار:حه‌ز ناكه‌م پرسیاری زۆر ده‌رباره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ بكه‌م له‌ دیدی كتێبه‌كه‌ی تۆوه‌ به‌ڵام یه‌ك شت هه‌یه‌ به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ باسی بكه‌ین، ئه‌ویش شه‌ری یه‌كه‌م و شه‌ری دوه‌می كۆرێ، ئایا بۆ له‌ساڵروژی یادكردنه‌وه‌ی ئه‌م داستانه‌ كه‌متر باسی شه‌ری یه‌كه‌م ده‌كرێت پێت وایه‌ شه‌ڕی یه‌كه‌م جیاوازه‌ له‌شه‌ڕی دووه‌م و گرنگی كه‌متره‌؟ یاخود شه‌ڕی یه‌كه‌میش درێژ كراوه‌ی دووه‌مه‌و هه‌ردووك به‌یه‌ك شه‌ر داده‌نرێت؟

وریا: من كارم نیه‌ چی له‌ ساڵرۆژی شه‌ڕی كۆرێ باس ده‌كرێت، به‌ڵام شه‌ڕی یه‌كه‌م شه‌رێكی جیاواز بوو چوار رۆژ نێوانی هه‌بوو. شه‌ڕی یه‌كه‌م ئه‌گه‌ر گرنگی زۆر تر نه‌بێت له‌ شه‌ری دووه‌م ئه‌وا كه‌متر نیه‌. چونكه‌ به‌رگری به‌هێزو خۆراگری سه‌ره‌تا له‌ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ توانیان شه‌ڕی یه‌كه‌م بخولقێنن و سوپا تێكبشكێنن. كاتێك بیسترا پێشمه‌رگه‌ حكومه‌تی شكاندوه‌ له‌ كۆرێ جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌گشتی ووره‌ی به‌رز بۆوه‌ و هه‌موو پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی گه‌رانده‌وه‌ كۆرێ و به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕی دووه‌میان تۆمار كرد. گه‌وره‌یی شه‌ڕی كۆرێ، به‌شه‌ری یه‌كه‌مه‌وه‌یه‌ ئینجا دووه‌م، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رگریه‌ چاوه‌روان نه‌كراوه‌ نه‌بوایه‌ رژێم زۆر به‌ئاسانی هه‌موو ناوچه‌كه‌ی ده‌گرته‌وه‌، بۆیه‌ به‌رگری كرد له‌شه‌ڕی یه‌كه‌م له‌ كۆرێدا یه‌كجار گرنگه‌، ئه‌م به‌رگریه‌ شتێكی زۆر چاوه‌روان نه‌كراو بوو چ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ چ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌.

پرسیار: ئیستا ساڵیادی شه‌ڕی كۆرێ یه‌، تۆ وه‌ك نوسه‌ری كتێبیك ده‌رباره‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ چۆن یاد كردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌م داستانه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ چ پێشنیارێكت هه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی یادی ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟

وریا: یادی ساڵانه‌ی شه‌ڕی كۆرێ زۆر لاوازو حزبیانه‌یه‌. حزبه‌كان به‌جیا هه‌موو ساڵێك له‌و یاده‌دا بێخوێندنه‌وه‌ی ڕاستی رووداوه‌كان قاره‌مانیه‌تیه‌كه‌ بۆ خۆیان ده‌به‌ن و ده‌یكه‌نه‌ مانشێتی حزبی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار به‌شدار بووانی راسته‌قینه‌ی حزبه‌كه‌ی خۆشیان له‌شه‌ڕه‌كه‌ بێ به‌ری ده‌كه‌ن چونكه‌ نازانن راستی رووداوه‌كان چۆن بوه‌. یادی سالانه‌ی كۆرێ به‌و شیوه‌یه‌یه‌ی كه‌ ده‌كرێت له‌ نرخ و به‌های داستانه‌كه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌، ساڵ به‌ساڵ ده‌یكاته‌ یادێكی حزبی رووت، به‌و شێوه‌یه‌ش له‌ئاینده‌دا داستانی كۆرێ ده‌بێته‌ یادكردنه‌وه‌یه‌كی بێزار بۆ خه‌لك. من پێشنیارم ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ساڵێك حكومه‌تی هه‌رێم یادی ئه‌م شه‌ڕه‌ بكاته‌وه‌ به‌به‌شدار بوونی گشت لایه‌نه‌كان له‌وه‌ش گرنگتر بانگهێشت كردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ داستانه‌كه‌ به‌شدار بوونه‌، له‌وێ مه‌راسیم بكرێ و رێز لێنان له‌وان و كه‌س و كاری شه‌هیدان بگێرێت، پاشانیش با یاده‌وه‌ریه‌كان و راستی رووداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی تۆمار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گرنگی داستانه‌كه‌ بمێنیته‌وه‌ و ببێته‌ به‌شێك له‌مێژووی سه‌روه‌ریه‌كانی كورد. هه‌ڵبه‌ته‌ حزب مافی خۆیه‌تی یه‌كلایه‌نه‌ یادی ئه‌م داستانه‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه‌ ره‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت زیان به‌ سه‌روه‌ری ئه‌م داستانه‌ بگه‌ینێت.

پرسیار: مه‌به‌ستت چ حزبێكه‌ كه‌ تاك لایه‌نه‌ یادی ده‌كاته‌وه‌؟

وریا: هه‌موو حزبه‌كان به‌یه‌ك لایه‌نه‌ باسی ده‌كه‌ن و یادی ده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌ده‌ڵێم ئه‌م یاده‌ بۆته‌ یادێكی حزبی مه‌به‌ستم هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌، ده‌بێت ئه‌و ڕۆژه‌ بكرێته‌ یادیكی نه‌ته‌وه‌یی و حكومه‌تی هه‌رێم گرنگی پێ بدات نه‌ك حزبێك.

پرسیار: حه‌زده‌كه‌م پرسیارێكی شه‌خسیت لێبكه‌م شه‌ڕی كۆرێ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی تایبه‌تی به‌ تۆوه‌ هه‌یه‌؟ وه‌ هیچ هۆكارێكی كه‌سیه‌تی خۆت هه‌یه‌ یان كاریگه‌ری هه‌بوو بێ له‌سه‌ر ده‌ركردنی ئه‌م كتێبه‌؟

وریا: من خۆم یه‌كێك بووم له‌ به‌شدار بوانی شه‌ڕی كۆرێ به‌ڵام ئه‌مه‌ خاڵی گرنگ نیه‌ بۆمن له‌ نوسینی ئه‌م كتێبه‌، چونكه‌ منیش وه‌ك هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كان وه‌ك ئه‌وانی تر ره‌نگه‌ بی ئاگابووبم له‌ روودانی ته‌واوی شه‌ڕه‌كه‌. ره‌نگه‌ به‌شدار بوونیشم كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو بێ له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌، به‌ڵام من له‌ زۆر شه‌ڕی تر به‌شدار بووم و زۆر داستانی ترم بیستوه‌، هیچیان به‌لامه‌وه‌ بۆ كورد وه‌ك داستانی كۆرێ گرنگ نه‌بووه‌. بۆیه‌ په‌یوه‌ندی كه‌سیه‌تی و تایبه‌تی من ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نیه‌ به‌ڵكو گرنگی شه‌ڕه‌كه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی بۆمن پاڵنه‌ری گه‌وره‌ بوون له‌سه‌ر ده‌ركردنی كتێبه‌كه‌.

پرسیار: حه‌زده‌كه‌م له‌دوا پرسیاردا پێت وایه‌ به‌ده‌ركردنی ئه‌م كتێبه‌ توانیووته‌ ته‌واوی دیووی ڕاستی ڕووداوه‌كان ئاشكرا بكه‌یت؟ یاخود دیوی شاراوه‌ی تر هه‌یه‌ له‌ داستانه‌كه‌دا؟

وریا:من زۆر هه‌وڵم داوه‌ له‌ هه‌موو كه‌سانی سه‌ر به‌ حزبه‌كان زانیار وه‌ربگرم بۆ په‌رده‌ هه‌لمَارڵین له‌سه‌ر ته‌واوی داستانه‌كه‌ به‌ڵام ره‌نگیشه‌ شتی تر هه‌بێت نه‌متوانیبێ په‌ی پێبه‌رم. شتێك كه‌زۆر گرنگه‌ بۆ من له‌كتێبه‌كه‌ دا ئه‌وه‌یه‌ توانیوومه‌ ئه‌و ده‌رگایه‌ بكه‌مه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ر له‌ بینینی گشت رووداوه‌كان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی. شه‌ره‌كه‌ش زۆر به‌رفراوان و جه‌بهه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ نه‌بوو به‌ ئه‌وه‌نده‌ی گه‌وره‌یی ده‌ر ئه‌نجامه‌كانی. بۆیه‌ به‌ڕای خۆم تاراده‌یه‌كی باش توانیومه‌ دیوی شاراوه‌ی رووداوه‌كان بخه‌مه‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ر. هه‌ر شتێكیش مابێته‌وه‌ له‌ باس نه‌كردنی ده‌بێته‌ شتێكی بچوك و كاری گه‌ری نابێت له‌سه‌ر مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كتێبه‌كه‌.

پرسیار: وریا یونس نوسه‌ری كتێبی ( (ئه‌و ده‌ربه‌نده‌ی خۆری لێ ئاوانه‌بوو) ) زۆر سوپاست ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌، حه‌ز ده‌كه‌م دوا ووته‌ت یاخود هه‌ر شتێكت مابێ ده‌ته‌وێت بۆ خوێنه‌رانی بڵێت؟

وریا یونس: سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌، حه‌زده‌كه‌م دوا ووته‌م ئه‌وه‌ بێت، كه‌ لێپرسراوان، حكومه‌تی هه‌رێم یاخود ئه‌وانه‌ی ساڵانه‌ یادی داستانی كۆرێ ده‌كه‌نه‌وه‌ با ئاورێك له‌ كه‌س و كاری شه‌هیدانی كۆرێ و بریندارانی بده‌نه‌وه‌، با ئه‌وكه‌سانه‌ له‌بیر نه‌كرین كه‌له‌سه‌خترین رۆژگاری میلله‌تی كوردا مێژووی ئێمه‌یان به‌ره‌و ئاقارێكی باش گۆری. ئه‌مڕۆ خۆشبه‌ختانه‌ باری ژیانی هه‌رێمی كوردستان رۆژ به‌ رۆژ له‌ پێشكه‌وتندایه‌، ئه‌گه‌ر ئیمرۆ ئاورێك نه‌درێته‌وه‌ له‌و رۆڵه‌ تێكۆشه‌رو كه‌م ئه‌ندام و دایكه‌ كۆڵنه‌ده‌رانه‌ی كوره‌كانیان له‌ پێشه‌وه‌ی كۆرێ شه‌هید بوون ئه‌دی ده‌بێت كه‌ی بێت.

\